باوەڕ و متمانەمان بەخۆمان هەبێت

بەكر كەریم حەسەن

(مەهاتما غاندی) سەركردەی ڕۆحی هیندی دەڵێ” هێز لە توانایی جەستەدا نییە، بەڵكو لەو ئیرادەیە كە ناتوانرێ بشكێندرێ”. گرنگە مرۆڤ ئیرادەی بەردەوامی هەبێت لە سەر هەر ڕووداو و شتێك كە دێتە پێش، بەردەوام ئەو بڕوایەی تیادا هەبێت كە دەتوانێ‌ زۆر شت ئەنجام بدات و لە هەوڵدان بەردەوام بێت و هەرگیز خۆی بە دەستەوە نەدات و گلەیی و ناڕەزایی بەردەوام نەكات، چونكە گلەیی كردن و گازاندە دەربڕین هیچ لە ئەنجامی شتەكان ناگۆڕێت و وا لە بەرامبەرەكەت دەكەیت بە چاوی بەزەیی سەیرت بكەن، بەدڵنیایی مرۆڤە ناخ گەورە و بەهێزەكان هەرگیز نایانەوێ بە چاوی بەزەیی تەماشا بكرێن. زۆر جاران وابووە ویستومانە گۆڕانكاری یان چاككردن لە هەر شتێ بكەین وەكو ئەوەی گلەیی کردن لە یاسا و ڕێنمایی لە خەڵك و خزم و دراوسێ و خوێندن و زانكۆ و تا دوایی هەمووی لە دەرەوی دەسەڵاتی ئێمەیە كە ناتوانین هیچ بكەین، بەڵام دەتوانی گۆڕانكاری لە خودی خۆت دا بكەیت ئەویش دەبێ بڕوا و باوەڕی قوڵمان بە خودای گەورە هەبێت و دواتریش بەخۆمان هەبێت كە دەتوانین لە خۆمانەوە دەست پێ بكەین. بیروهزرمان وا ڕابهێنین كە دەتوانین ئەو كارە و ئەوانەی تر ئەنجام بدەین، پێویستە لە ناخمان ئەو دەنگە ببیستین بەلێ دەتوانین ئەنجامی بدەین و متمانەت بەو دەنگەی ناو ناخت هەبێ كە دەتوانی و ئەنجامی باشی دەبێ وە هەرگیز نابێ ستەم لە خودی خۆمان بكەین. چونكە گەر وا سەیری خۆمان بكەین كە ناتوانین و ماندووین و بێ سوودە هەر هەولێك بەردەوام گلەیی لە هەموو شتێك بكەین ئەوا داهێزراو بێ دەسەڵات و خاو و خەمۆك و بێ بەرهەم دەبین و هەر خۆمان هۆكارین و خۆمان بەدەستەوە دەدەین. بۆیە دەبێ گۆڕانكاری لە خۆمانەوە دەست پێ بكەین و خۆمان خۆش بوێت و هەبوونی خۆمان بە پێویست و گرنگ بزانین و بەردەوام هیواو ئاوات و خۆزگە و هەوڵدانمان هەبێت بە ئومێد و ئیرادەوە سەیری پاشەڕۆژ بكەین و هەرگیز لاواز نەبین و دەستەوەستان نەوەستین. دەگێرنەوە (دەلێن پیاوێكی دانا هەبوو بەردەوام كۆمەڵە خەڵكێك دەهاتنە لای ڕۆژانە هەمان گلەیی و گازاندە و بێزاریان دەردەبڕی، ڕۆژێك لە جیاتی ئەوەی گوێ لە گلەییەكانیان بگرێ نوكتەیەكی بۆ گێڕانەوە هەموویان پێكەنین دووبارەی كردەوە كەمتر پێكەنین و سێیەمجار هەمان نوكتەیی بۆ گێڕانەوە كەسیان پێ نەكەنین، بە پێكەنینەوە پێیگوتن تەنها یەكەمجار بە نوكتەكە پێدەكەنن، باشە چیتان دەست دەكەوێ بە بەردەوامی گلەیی دەكەن لە هەمان گرفت!!). ڕوونە زۆری گلەیی و گازاندە كردن لە هەمان گرفت و كێشە نامان گەیەنێتە هیچ شوێنێ‌ ئەگەر هەوڵی چاككردنی بۆ نەدەین و كاتێكی زۆر بە فێرۆ دەدەین لە گلەیی دەربڕین بێ ئەوەی هیچ ئەنجامێك بەدەست بهێنین. لێرەدا گرنگە لەوە دڵنیا بین كە دەتوانین خۆمان بگۆڕین و بڕوامان بە ئیرادە و هێزی خۆمان هەبێت كە بەردەوام لە ناخمان پێمان دەلێت دەتوانیت زۆر كار ئەنجام بدەیت، چونكە هیچ كارێك مەحاڵ نییە گەر هەوڵدانی بەردەوامی بۆ بدەیت و باوەڕ و متمانەت هەبێت.

ڕاوێژكار لە وەزارەتی پەروەردە
ماستەر لە كارگێڕیی پەروەردەیی