حەمەسەعید حەسەن
شاعیر و ڕەخنەگر
زمان که بنچینه‌ی شیعره، شاعیر نه‌ک هه‌ر پێویسته به چاکی بیزانێت، به‌ڵکوو ده‌بێت، گه‌شه‌ی پێ بدات و مانای تازه‌ی جیاواز له مانا کۆنه‌کانی، تێدا بدۆزێته‌وه. له شیعردا ده‌شێت ئایدۆلۆجیا هه‌بێت، وه‌لێ ده‌بێت به‌رده‌وام شیعر به‌سه‌ر فیکردا زاڵ بێت. شیعر چونکه هونه‌ره و هونه‌ریش له واقیع یاخی ده‌بێت و سه‌رله‌نوێ هه‌وڵی بنیاتنانه‌وه‌ی یان گۆڕینی ده‌دات. شیعر چونکه زمانه و زمانیش میراتێکه له کۆمه‌ڵه‌وه ماوه‌ته‌وه، هه‌ڵگری بۆچوونی دێرینه و هه‌ڵوێستی فیکریی کۆن به‌رجه‌سته ده‌کات یان ده‌شێت مانا و تێروانینی نوێی پێ ببه‌خشێت. شیعر چونکه فۆرمه و فۆرمی هونه‌رییش، بارگاوییه به فیکر و ده‌فرێک نییه، خاڵیی له واتا، بۆیه هه‌موو گۆڕینێک له فۆرمدا، نیشانه‌ی ڕوانگه‌یه‌کی نوێیه. شیعر چونکه ده‌ربڕی هه‌ڵوێستێکه، با هه‌ڵوێسته‌که ناسیاسییش بێت، له‌به‌ر هه‌موو ئه‌و هۆکارانه، شیعر به مانایه‌ک له ماناکان، بریتییه له ئایدۆلۆجیا. پێویسته هه‌ست به جیاوازیی نێوان شیعری ئایدۆلۆجی و ئایدۆلۆجیای شیعردا بکه‌ین، یه‌که‌میان بریتییه له ده‌ربڕینی هه‌ڵوێست به شێوه‌یه‌کی ڕاسته‌وخۆی دوور له شیعریبوون، به‌ڵام دووه‌میان هه‌ڵگری فیکر و فه‌لسه‌فه‌ی نوێیه، به زمان و فۆرمی تازه.
ئه‌وی خاوه‌نی هه‌ستێکی شاعیرانه بێت، وه‌ک ئه‌وه وایه کلیلی ده‌رگەی غه‌یبی پێ بێت، ئه‌وه بۆیه شاعیران له پێشبینییه‌کانیاندا به‌هه‌ڵه‌دا ناچن. شاعیربوون ده‌رچوونه له دنیای عه‌قڵ و نزیکبوونه‌وه‌یه له شێتی، ئه‌وه بۆیه شه‌کسپیر پێی وابوو شاعیر و شێت و منداڵ هاوخهیاڵن. وێنه‌ی شیعری که خه‌می که‌سێک به گه‌رموگوڕی به‌رجه‌سته ده‌کات، هه‌م ئه‌بستراکته و هه‌م کۆنکرێت، هاوزه‌مان گهردوونییشه، که ڕۆحییه، ماددییشه، وێڕای ئه‌وانه ڕیتمیشی لێ ده‌چۆڕێت. داهێنانی شیعری جوان، له‌به‌ر ئه‌وه کارێکی دژوار نییه که پێویسته ملکه‌چی ڕێساکانی بین، بۆیه سه‌خته که پێویسته لێزانانه له‌و ڕێسایانه یاخیی ببین. شاعیر که لاسایی نموونه باڵاکانی شیعری دێرین ناکاته‌وه، نه له سۆنگه‌ی بێ توانایییهوهیه، نه له‌به‌ر ئه‌وه‌یشه که سووک سه‌رنجی ئه‌ده‌بی کۆن بدات و ددان به لایه‌ن گه‌شه‌کانیدا نه‌نێت، به‌ڵکوو خولیای سه‌رکێشی و دۆزینه‌وه‌ی دنیایه‌کی تایبه‌ت به خۆیه‌تی، هانی ده‌دات، شوێنپێی هیچ که‌س هه‌ڵنه‌گرێت. شاعیری چاک ئه‌وی ڕێزی قه‌ڵه‌می خۆی و چێژی خوێنه‌ر ده‌گرێت، لاسایی ئه‌و شاعیره ناکاته‌وه که پێی سه‌رسامه، هه‌وڵ ده‌دات خۆی له بازنه‌ی کاریگه‌ریی ئه‌و شاعیره ده‌رباز بکات که به نموونه‌ی باڵای ده‌زانێت.
مۆنتیسکۆ پێی وابوو، هۆکاری سه‌ره‌کیی دواکه‌وتوویی گه‌لانی موسوڵمان، ئه‌وه‌یه که له ژینگه‌یه‌کی وشکوبرینگدا ده‌ژین، پێی وابوو بیابان زه‌مینه‌یه‌کی له‌بار نییه، بۆ سه‌رهه‌ڵدانی لێبورده‌یی و کرانه‌وه و فیکری ڕۆشن. ئه‌گه‌ر ئه‌و بۆچوونه ڕاست بووایه، ده‌بوو کوردستان که وه‌ک ژینگه و ئاووهه‌وا له وڵاتانی ئه‌ورووپاوه نزیکه، هه‌نووکه نیمچه فه‌ره‌نسایه‌ک بووایه. له کۆمه‌ڵگه‌ی داخراودا که به دیموکراتی نامۆیه، باوک سه‌روه‌ره و بڕیار ده‌دات، ئه‌وه‌ی مامۆستا گوتی حه‌قیقه‌ته و قوتابی گوێرایه‌ڵه و هیچی دیکه، له‌و کۆمه‌ڵگه‌یه‌دا که باسێک له ئازادیی ڕاده‌ربڕین و جیاوازیی له بیرکردنه‌وه‌دا نییه، ته‌نانه‌ت ئه‌دیبیش خۆی له سه‌روو ڕه‌خنه‌وه ده‌بینێت و پێی وایه ده‌قه‌کانی پیرۆزن و ئه‌و مافه به که‌س ڕه‌وا نابینێت که گوت‌وبێژی له‌گه‌ڵدا بکات. منیش هاتم له وه‌ها کۆمه‌ڵگه‌یه‌کدا بووم به ڕه‌خنه‌گر! ڕه‌خنه‌گرێک که به زمانێکی ئه‌ده‌بی و هونه‌ری، به وشه‌گه‌لی ئاسان و به ڕه‌چاوکردنی کورت‌بڕی و به شێوازێکی زراڤ، بۆچوونه‌کانی ده‌خاته ڕوو.
ئایا ڕه‌خنه‌گری ئه‌ده‌بی ئه‌رکی سه‌رشانی خۆی، به چاکی جێبه‌جێ ده‌کات؟ نه‌خێر، ئاخر له‌م وڵاته‌دا که‌س ئه‌رکی سه‌رشانی به چاکی جێبه‌جێ ده‌کات، تا ڕه‌خنه‌گریش بیکات؟ له‌م وڵاته‌دا ئیدی پۆلیس بێت یان په‌رله‌مانتار، دۆکتۆری ددان بێت یان مامۆستای زانکۆ، بازرگان بێت یان سه‌وزه‌فرۆش، که‌سیان ئه‌رکی سه‌رشانی خۆیان به باشی جێبه‌جێ ناکه‌ن، ئیدی بۆچی چاوه‌ڕێی ئه‌وه بین، ڕه‌خنه‌گری ئه‌ده‌بی به چاکی ئه‌رکی سه‌رشانی خۆی جێبه‌جێ بکات؟ له‌م وڵاته‌دا ته‌نیا گه‌نده‌ڵکار ئه‌رکی سه‌رشانی خۆی به جوانی جێبه‌جێ ده‌کات و به‌رده‌وام به‌ره‌و پێشه‌وه دەچێت. ئه‌وه پوخته‌ی وه‌ڵامی (حه‌مدی عابدین)ی شاعیری میسرییه بۆ پرسیارێکی ڕۆژنامەوان: محه‌ممه‌د حهمامسی.