مەنووسە، بنووسە!

ئامانج شاكەلی

مەنووسە مەلا بەختیار زانیاری هەستیار لەبارەی روداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەر ئاشکرا دەکات. بنووسە مەلا بەختیار زانیاریی هەستیار لەبارەی ڕووداوەکانی شازدەی ئۆکتۆبەر ئاشکرا دەکات.
مەنووسە کەرکوکیان ڕادەستکرد. بنووسە کەرکووکیان ڕادەست کرد.
مەنووسە رێکار، رێگا، ریز، رۆژنامە، دەستور. بنووسە ڕێکار، ڕێگا، ڕیز، ڕۆژنامە، دەستوور.
مەنووسە سەرکردایەتی یەکێتی. بنووسە سەرکردایەتیی یەکێتی.
مەنووسە له‌ بازاڕه‌كانی هه‌رێم گۆڕانكاری له‌ به‌های دۆلار به‌رامبه‌ر به‌دینار رویدا. بنووسە لە بازاڕەکانی هەرێم بەهای دۆلار بەرامبەر دینار گۆڕا.
مەنووسە بەرێوەبەری گشتی وەزارەت. بنووسە بەڕێوەبەری گشتیی وەزارەت.
مەنووسە دو کەشتی بریتانیا توشی پێکدادانبون. بنووسە دوو کەشتیی بەریتانی پێکیاندا دا.
مەنووسە پزیشکانی فریاکەوتن لە کەلار مانیان گرت. بنووسە لە کەلار، پزیشکانی فریاکەوتن مانیان گرت.
مەنووسە دوو سەگی مردوو لەسەر گڵکۆی شاعیر کورد وەلی دێوان لە قەزای سەیدسادق جێهێڵدراون. بنووسە کەلاکی دوو سەگ لەسەر گڵکۆی شاعیری کورد وەلی دێوانە لە گۆڕستانی سەیدسادق فڕێ دراون؛ پاشان ناگوترێ سەگی مردوو، دەگوترێ سەگی تۆپیوو.
مەنووسە چاوەڕوانی رۆشنبیریی سنوورەکە دەکەین. بنووسە چاوەڕێی ڕۆشنبیرانی سنوورەکە دەکەین.
مەنووسە بەدەستگەیشتووە. بنووسە بەدەست گەیشتووە.
مەنووسە ئیسرائیل ھێرشی کردە سەر دیمەشقی پایتەختی سوریا. بنووسە ئیسرائیل هێڕشی کردە سەر دیمەشق، یان هێڕشی کردە سەر پاتەختی سووریا، چونکە تەنها یەک شار ناوی دیمەشقە و ئەویش پاتەختی سووریایە.

ھەواڵی زیاتر