پارچە پارچەبوونی نیشتمان

هەورامان عەلی تۆفیق

نیشتمان، ئاماژەیە بۆ ئەو وڵاتە یان ئەو دەوڵەتەی مرۆڤ لە ڕوانگەیەکی ڕۆحی و فەرهەنگییەوە پێوەی پەیوەست دەبێ، ئەو شوێنە بێت کە تاکێک تێیدا لەدایک بووە یان ئەو وڵاتەی کە هەست بە سەربەخۆیی وخۆشەویستی و وابەستبوون پێوەی دەکات، چەمکی نیشتمان لایەنی جوگرافی و فەرهەنگی و مێژوویی لەخۆدەگرێت .
سەرچاوەی ناسنامەی کەسی و سەربەخۆیی و دڵسۆزی و بوونی مرۆڤ نیشتمانە، بەبێ نیشتمان مرۆڤ هیچ مانایەکی نابێت، لە کاتێکیدا هەست بەوە دەکەیت لەسەر خاک و ئاوی خۆت نەتوانی ئازادبژیت و ئازاربدرێیت و بچەوسێیتەوە، لەکاتێکدا لە دەرەوەی وڵات بژیت و لەنێو سەدان وڵاتدا نیشتمانی تۆ وڵات نەبێت و ئاڵایەکی بێ وڵات لەگەڵ وڵاتانی داگیرکەری نیشتمان کێشەت بۆ دروست بکات و پێت بڵێن کوردستان لە سەر نەخشەی دونیا لەکوێیە ..؟
ئەو کات ئەو منداڵەی لە قوتابخانە هیچ دەربارەی کوردبوونی خۆی نازانێت هەست بە ئازار دەکات و لەگەڵ خۆی و نەیارەکانی دەجەنگێ و ئەو کات دەزانێ نیشتمان و خاک و ئاڵا و وڵات و سەروەری و ئازادی چەندە گرنگ و بە بەهان و گەر ئەوانەت هەبن هەست بەمرۆڤ بوونی خۆت دەکەی .
تاک خۆشەویستی خۆیی و وابەستەبوونی بەنیشتمانەوە لە ڕێگەی ئاڵا و سروودی نەتەوەیی و نەریتە فەرهەنگییەکانیەوە شانازی خۆی بۆ وڵاتەکەی دەردەبڕێ، چەمکی نیشتمان ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت لە بنیاتنانی شوناسی نەتەوەیی و دیاریکردنی وابەستە کۆمەڵایەتیەکاندا.
گرنگ ئەوە لە پێش چاوبگرین تێگەیشتن لە نیشتمان لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دی جیاوازی هەیە، و دەکرێ وەک یەک نەبێت و لەسەر بنەمای تایبەتی کەسایەتی و ئەزمونەکانی ژیان و بەرژەوەندیەکانی تێڕوانینەکانی سەرچاوە بگرن .
لە کاتێکا هاونیشتمانیی وڵاتێک و نەتەوەیەک بین، ئەوکات پێویستە نیشتمان پەروەربین، دەستەواژەی “نیشتمانپەروەری” ئاماژەیە بۆ وابەستە بوون و دڵسۆزی و خۆشەویستی بۆ نیشتمان، و شانازیکردن بەو وڵات و ئاڵا و ئەو نیشتیمانەی لێی لەدایک بوویت و تێیدا دەژیت و باوباپیرانت تێیدا ژیاون و لە پێناویدا قوربانیان داوە، نیشتمانپەروەری پابەندبوونە بە ماف و ئەرکەکانی هاوڵاتی بوون و دەسەڵات.
دنیابینیی نیشتمانپەروەری هەمەچەشنە و هێما نەتەوەییەکانی وەک ئاڵا و سروودی نەتەوەیی و مێژوو و فەرهەنگی ئەو وڵاتە لەخۆ دەگرێ، دەتوانێت کاریگەریی بەرچاوی لەسەر ناسنامەی کەسایەتی تاک هەبێت، بەو پێیەی تاکەکان هەست بە پەیوەستبوون بە بەها و نەریت وفەرهەنگی وڵاتەکەیانەوە دەکەن و شانازی پێوە دەکەن .
بەڵام ئەم چەمکە هەندێک جار دەتوانێت تاکەکان دابەش بکات و پرسگەلێکی جیاواز لە نێوان ئەو نەتەوانەی لە وڵاتێکدا دەژین بێنێتە ئاراوە، دەکرێت بەپێچەوانەوە لە یەک نەتەوەشدا ئەو جیاوازیە دروست بکات وەک ئەوەی لای ئێمەی کورد دەگوزەرێ .
بۆیە هاوسەنگی نێوان نیشتمانپەروەری و ڕێزگرتن لە مافی ئەوانی تر و خۆشەویستی و دڵسۆزی گرنگە بۆ دەستەبەرکردنی پێکەوەژیانی ئاشتیانە و بەشداریی لە بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی تەندروست و ژیانێکی ئارام .
نەتەوە و نیشتمان لە چوارچێوەی نەتەوەیی و کۆمەڵایەتیدا ئاوێتەبوونێکی ڕۆحی پێکەوەیان دەبەستێتەوە، نەتەوە هاوبەشییەکانی تاکە لە زمان و مێژوو و فەرهەنگ و ناسنامە، کەواتە نەتەوە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و مێژوویەک و خاکێکی هاوبەش پێکەوەیان دەبەستێتەوە و هاونیشتمانی بەشێکی گرنگی ناسنامەی نیشتمانە و کارەکتەرێکی گرنگە لە پێک هێنان و داڕشتنی پێکهاتەی دەسەڵات و ئیرادەسیاسیەکان لە کۆمەڵگادا .
ئەوەی لێرەدا مەبەستمە، ئێمەی کورد وەک نەتەوە چەند دابەشکراو و لەت لەتین، وەک تێڕوانین و ئایدیۆلۆژیا پەرتەوازەو جیاوازین، وەک تایبەت مەندی پارچەکان و هەڵکەوتەی جوگرافی و سیاسی و پرەنسیپە دابەشکارییەکان جیاوازین، تەنانەت زۆر جار لە تێگەیشتن و ئاخافتن و نوسین جیاوازین و لەیەک ناگەین، ئەمەش یەکێکە لەو ئاستەنگیانەی دوژمنەکانمان سوودی لێوەردەگرن بۆ زیاتر پەرتەوازەکردنمان و بۆ خۆشمان لەو خاڵەوە کار بۆ یەکگرتن و بەرەنگاربوونەوەی ئەو ئاستەنگیانە ناکەین و لەیەکتر دەترازێین .
لەکاتێکا دەبین لەسەر پرسی نەتەوەیی و بەرەنگاربوونەوەی دوژمنەکانیشمان هێند کێشەکانی خۆمان کاریگەری خراپیان لەسەر ئەو دۆخە دەبێت، دوژمنایەتی دوژمنەکانمان ئەو کاریگەریەی نابێت، ئێستە بارودۆخی سیاسیی دونیا ئاڵۆزە و دەکرێ لەهەر ساتەوەختێکدا جەنگێکی فراوان هەڵبگیرسێت، بەڵام ئێمەی کورد توانایی پێکهاتنمان نییە، لەکاتێکدا دوژمنەکانمان سەرەڕای جیاوازی و ناکۆکییەکانیان لەسەر دژایەتیی ئێمەی کورد کۆکن و لەسەر یەک بەرنامەی ستراتیجیی دژ بە ئێمەی کورد کاردەکەن .
ئەوەی گرنگە لەبیری نەکەین حکوومەتی هەرێم و بەتایبەت پارتی وەک لایەنی سەرەکی پێکهێنەری حکومەتی هەرێم ڕابەرایەتی ئەو ڕەوتە نیشتمانی و نەتەوەییە دەکات و پێویستە لە چوارچێوەی ئەو هێڵە نەتەوەییەدا پشتیوانی و پشتگیری هەمەلایەنی هەبێ و لایەنەکان پێکەوە ئەو هێڵە نەتەوەییە دروست بکەن، تا هیچ لایەک بۆ بەرژەوەندی خۆیی نەتوانێ لە دەرەوەی ئەو هێڵە گەمەی سیاسی خۆیی بکات لە بەرژەوەندیی دوژمنەکانی کورد .
لێرەدا کۆمەڵگە و تاک بووەتە چەند بەرەیەک و لەسەر ڕەوتی سیاسی و ئایدیۆلۆژی لە پرسە نەتەوەیەکان دەڕوانێ، ئەمڕۆ دوژمنەکانی کورد لە ڕێگای برسیکردن و شێواندنی ئارمی و ئاسایش و تۆقاندن و تەعریب و تیرۆرەوە جەنگی کورد دەکەن، بەداخەوە ئێمەی کوردیش لە بری دوژمنەکانمان بەشێکی ئەو جەنگە دژ بەخۆمان دەکەین، کاتێک پارتێکی سیاسی و ئەندامێکی هەڵبژێردراو بەدەنگی کورد لە بەغدا کار لەسەر بڕینی موچەی خەڵک بکات، کار لەسەر نەهێشتنی قەوارەی هەرێم بکات و پەرلەمان و حکومەتی هەرێم پەک بخات، ئەمە دەبێتە پارچە پارچە بوونی نیشتمان .

ھەواڵی زیاتر