چۆن بڕینی مووچە لە كێشەیەكی ژمێریارییەوە بكەینە دۆسیەیەكی مرۆیی

مەشخەڵ كەوڵۆسی

دەساڵی ڕەبەقە عێراق لەڕێی بڕینی بودجەو مووچەوە شادەماری كوردی گرتووەو، پەستانێكی زۆر گەورەی لەسەر دروستكردووە بە ئامانجی پساندنی ئەو شادەمارە. كەچی ئەوەی جێگەی سەرنجە لەماوەی دەساڵی ڕەبەقدا، لایەنی كوردی ڕۆژ دەژمێرێت و تادێ كێشەكەش قووڵتر دەبێتەوە.
لەو ساتەوە نەزعەی دەوڵەتی مەركەزی گەڕاوەتەوە بۆ نێو بەغدا، پەشیمان بوونەوە لەفیدراڵیزم و دروستكردنی كێشەی قووڵ بۆ چەسپاندنی سیستەمی فیدراڵی و دروستكردنی ئەو دامەزراوانەی كە دەبنە كەفیلی بەرقەراری سیستەمی فیدراڵی ( ) ئیدی سیاسەتێكی ڕوون لەبەرانبەر هەرێمی كوردستان پێڕەو دەكرێت، كە بەئاشكرا دیارە مەبەست لێی هەڵوەشاندنەوەی هەرێمی كوردستان و كۆتاییهێنانە بەو تاكە هەرێمەی كەلەناو چوارچێوەی عێراقدا هەیە، بێگومان ئەوان خوازیاری دەوڵەتی مەركەزین و، بەهیچ شێوەیەك لەگەڵ چەسپاندنی فیدراڵیزم نین و، بڕینی مووچە و بودجە، كاریگەرترین میكانیزمە بۆ ئەوەی هەرێم بەشێوەی ئۆتۆماتیكی هەڵبوەشێتەوەو، هەر ڕۆژە و پاشەكشە لە دەستەڵاتێكی خۆی بكات.
بەغدا لەم دۆسیەیەدا بەشێوەیەكی دوو جەمسەر كار دەكات:
یەكەم: دەیەوێت دۆسیەی بڕینی مووچە لەهەموو مانایەكی مرۆیی بەتاڵ بكاتەوە. تەنها خستویەتییە چوارچێوەی ژمێریاری و بیركاری و، باسی لێكدان و دابەشكردن و ژمارە و گوژمە دەكات.
دووەم: جاروبار مووچەیەك یان چەند مووچەیەك دەنێرێت و دەیكاتە بەڵگە لەسەر ئەوەی كە ئەو كەمتەرخەم نیە و نیەتی خراپ نیە، هاوكات دەیشیكاتە ئامرازێك بۆ ئەوەی لەڕووی مرۆییەوە دۆسییەكە نەدۆڕێنێت!.یان بۆ ئەوەی دۆسییەكە دابڕێت لە هەر مانایەكی مرۆیی و هیچ كەس لەم سۆنگەیەوە ڕەخنە نەگرێت.
ستراتیژی داگیركەر ئەوەیە كێشەكە وەك كێشەیەكی ژمێریاری ڕووت نیشان بدات. كوردیش بەداخەوە نەزانانە خۆی بووەتە ئامرازێك بۆ جێبەجێكردنی ئەو ستراتیژە و، هەموو ئەوەی بەغدا دەیڵێت، بۆی جێبەجێ دەكات.
كورد شكستی هێناوە لەوەی مانا مرۆییەكانی بڕینی مووچە زەق بكاتەوە. كێشەكە بكاتە كێشەیەكی مرۆیی گەورەو، بەغدا ئیحراج بكات لەبەردەم كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا.
ڕاستە كورد توانای ئەوەی نیە لەڕووی یاسایی و داراییەوە بەرەنگاری بڕینی مووچە ببێتەوەو، بەغدا هەموو ئیرادەی خۆی بەسەر كورددا دەسەپێنێت، بەڵام ئەوەش ڕاستە كە كورد وەك پۆڕی خوراو خۆی داوەتە دەست قەدەرێكی ئاشكرا و هیچ پلانێكی نیە بۆ ئەوەی بەرەنگاری ئەو كێشە گەورەیە ببێتەوە.
كورد سەرباری هەبوونی چەندین كەناڵی میدیایی گەورە، چەندین ڕایەڵی دیپلۆماتی، نەیتوانیوە كێشەی بڕینی مووچە لە كێشەیەكی ژمێریاری و یاساییەوە بكاتە كێشەیەكی مرۆیی و، بەغدا ئیحراج بكات و هاوسۆرزییەكی ناوخۆیی و عێراقی و ناوچەییی بۆ دۆسیەكە و قوربانییەكانی نێو ئەم دۆسیەیە بوروژێنێت.
بەغدا یاریكەرە سەركەوتووەكەی تانو پۆی ئەم دۆسیەیە، خۆی كێشەكەی خوڵقاندووە. توانیویشیەتی وابكات خودی كورد بەشێكی پلانەكە جێبەجێ بكات! لەو لایشەوە وەكو بەرزەكی بانان بۆی دەرچووەو، هیچ ئاسەوارێكی مرۆیی لەنێو ئەم كێشەیەدا نابینرێت و، لایەنی كوردی، بەشێوەیەكی ڕەها بێ ئاگایە لە لێكەوتەكانی ئەم دۆسیەیە.
ئەگەر خواو ڕاسان، خەمخۆرێكی كورد ویستی جوڵەیەكی جیاواز لەم دۆسیەیەدا بكات، دەكرێت وتوێژێكی جیاوازی لەسەر بكەین.