بە کورتی بە کوردی

هۆشیار سیوەیلی

جەنگەکە درێژەی کێشا

جەنگی نێوان حەماس و ئیسرائیل درێژەی کێشا و هێشتا ڕوون نییە کەی تەواو دەبێت. ئەم جەنگە نەک تەنیا ناوچەکە بەڵکوو دنیای بە خۆیەوە سەرقاڵکردوە و کاریگەرییەکانی نەک تەنیا لە ڕووی ئاسایشەوە بەڵکوو لە ڕووی ئابووری جیهانیشەوە بە ڕوونی دیارە. ئەوەی لە ماوەی چەند هەفتەی ڕابردوودا حوسییەکانی یەمەن کردویانە، جارێکی تر ئەوەی سەلماند کە ئەم ئەکتەرە نا دەوڵەتییانە ئیرهابیانە هەڕەشەی جددین بۆ سەر ئاشتی و سەقامگیریی ناوچەکە و جیهان. پێگەیان لەسەر دەریای سوور گرنگییەکی جیۆپۆلیتیکی گەورەی پێبەخشیون دەتوانن بەردەوام هەڕەشە لە یەک لەسەر سێی جوڵەی بازرگانی جیهانی بکەن لە دەریای سوور کە لە ڕێگەی کەناڵی سویسەوە بە دەریای ناوەڕاست دەبەسترێتەوە. پێگە و مەرام بەرنامەی حیزبوڵای لوبنانی و میلیشیاکانی حەشدی وەلائی سەرچاوەیەکی تری ئەو هەڕەشانەن. ئەگەر ئەمانە پێکەوە هاوئاهەنگ بن و ئێران ڕادەیەک بۆ چالاکی و هێرشەکانیان دانەنێت، ئەوا پێویستە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی هەنگاوی جددی بنێن تا ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناڤین و جیهان لە هەڕەشەی بەردەوامی ئەم گروپانە بپارێزێت. یەکێک لەو ناوچانەی کە بەردەوام کەوتۆتە بەر پەلامار و هێرشی ئەم گروپانە هەرێمی کوردستانە و هاوکاری و یارمەتی ڕاستەوخۆ لە ئێران وەردەگرن. پێویستە بە هەمانشێوەی ئەو بڕیارەی لە لایەن ئەنجوومەنی ئاسایشەوە دەرچوو بۆ لێدانی حوسییەکان، بڕیارێکی لەو چەشنەش بۆ گروپەکانی تر دەربچیت بۆ ئەوەی کۆدەنگییەکی جیهانی دروست بکرێ تا لە هەموو ڕوویەکی سەربازی و ئابووری و داراییەوە گەمارۆ بدرێن و توانای هێرش و پەلەماریان لاواز بکرێت. بە پێچەوانەوە ژمارەی ئەم جۆرە گروپانە زیاتر دەبن و کۆنترۆڵکردنیان زۆر زەحمەت تر دەبێت.

ھەواڵی زیاتر