بیركردنەوە لە بری ئەوانیتر یان دیماگۆجیەتی ڕوانین؟

سەدیق سەعید ڕواندزی

بیركرنەوە لە بری ئەوانیتر، یەكێكە لەو تێگەیشتنە خراپانەی لە كۆمەڵگەی ئێمەا زۆرباوە. ئێمە هەمیشە دەمانەوێت، تێگەیشتنی خۆمان بەسەر هەموواندا بگشتێنین، بە بێ ئەوەی درك بەوە بكەین، كە مرۆڤەكان تایبەتمەندی خۆیان هەیە و خەم و كێشە و مەراقی هیچیان لەویتریان ناچێت. سرووشتی سایكۆلۆژیانەی هەر مرۆڤێك لەویتر جیاوازە، كاتێ كەسێك لە پێناو خۆشەویستەكەی خۆی دەكوژێت، یان دایكی و دواتر خۆشی دەكوژێت، ئێمە هەموومان ڕەخنە دەگرین، بەڵام دەبێ بزانین كەسمان ئەو نین و كەسیشمان ئەزموونی ژیانی ئەومان نەكردووە، بۆیە نابێت ژیانی خۆمان و تێگەیشتنی خۆمان، ڤبكەینە پێوەر بۆ تێگەیشتن و بیركردنەوەی ئەوانیتر. لە كۆمەڵگەی كوردیدا، نێرێك نابینیتەوە حەز بكات خۆی بكاتە ژن و ڕەگەزەكەی خۆی بگۆڕێت، بەڵام كاتێ مرۆڤێك لە بنەڕەتدا ڕەگەزی ژنبوونی لە ڕووی بایۆلۆژیی و فسیۆلۆژی تێدایە و دێت خۆی دەكاتە ژن، پێویست ناكات بە كۆمێنت و پۆست و قسەی برینداركەر، سووك و ڕیسوای بكەین و ڕەخنەی لێ بگرین كە بۆ ئەو كارەت كردووە. كێ دەڵێت ئەگەر تۆش بەهەمان بوون و پێكهاتەوە وەك ئەو بووایت هەمان كارت نەدەكرد؟ بۆیە دەبێ بزانین مرۆڤەكان، بە جیاوازییەوە دەژین و ژیان دەكەن، مەرج نییە ئەوەی من پێم پەسندە و دەیڵێم، لای هەمووان وابێت و یاخود تەنها بیركردنەوەی خۆم پێ ڕاست و دروست بێت. مرۆڤ ئەگەر كەسێكی لە ڕوحی خۆشی خۆشتر بوێت و خۆشی لەودا توانبێتەوە، هەرگیز بە مانای جیاواز نەكەوتنەوە نایەت، مرۆڤ پێكهاتەیەكە لە هەست و ڕوانین و هزر و دنیابینی، بۆیە سایكۆلۆژیای مرۆڤەكان و جیهانبینییان، ئەگەر ئەوەندە نزیك و هاوشێوەی یەكتریش بێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بە پۆینتێك جیاواز دەكەونەوە، بۆیە دەبێت ڕێز لە بیركردنەوەی مرۆڤەكان و ئازادی و تێگەیشتن و ڕوانگە وبیر و ڕایان لە بارەی هەر پرسێكەوە بگرین. ئێستا لە كۆمەڵگەی ئێمەدا، بە داخەوە لە پەراوێزی چاپكردنی سەدان كتێبی بازاڕی بە ناوی پەرەپێدانی مرۆیی و كۆمەڵایەتی و پەروەردەیی و گرفتی تاك و خێزان، جۆرە مۆدێك لەنووسین دروست بووە، كە ئەویش مۆدی بیركردنەوەیە لە بری هەمووان. بە جۆرێك كەسێك كتێبێك وەردەگێڕێت، یاخود دەنووسێت، مەبەستیەتی ئەوەی ئەو لەو كتێبەیدا لە ڕووی ناوەڕۆكەوە خستوویەتییە ڕوو، بۆ هەموو مرۆڤێكی ئەزموون بكات، وەك ئەو چۆن دەڕوانێتە مرۆڤێك، پرسێك، دیاردە و ڕووداوێك، هەموو كۆمەڵگە لەگەڵ ئەودا بن و وەك ئەو بیر بكەنەوە، كە ئەمەش ئەوپەڕی دیماگۆجیەتە. مرۆڤەكان، وەك چۆن لە ڕووی بایۆلۆژییەوە لە یەكتری جیان، بەو شێوەیەش لە ڕووی كۆمەڵایەتی و سایكۆلۆژی، ژیان و بیركردنەوەیان جیان. گەر گوزەرێك بە نێو دنیای كتێب و بڵاوكردنەوە لە كتێبخانەكاندا بكەین، دەیان ناونیشانی سەیر و سەمەرەی كتێب سەرنجت ڕادەكێشن و فریوت دەدەن، ئەگەر یەكجار هوشیار و بیركەرەوە و خاوەن ناسنامەی كەسییانەی خۆت نەبیت. سەدان كتێب هەن، باس لەوە دەكەن ( چۆن بە ڕۆژێك دەوڵەمەند دەبیت، چۆن كۆنتڕۆڵی تووڕەییت دەكەیت، لە ماوەی چەند چركەیەك چۆن دەبیتە زمانزانێكی باش و قسەكەرێكی لێهاتوو، بە ئاسانی واز لە دوودڵی بێنە، بۆچی پیاوان گوێ ناگرن، چۆن زیرەك دەبیت، چۆن ژیانی خۆت لە چەند ڕۆژێك دەگۆڕێت، زاڵبە بەسەر ژیانت، بە یەك ڕۆژ ئەتەكێتی ژیان فێر بە، چۆن بە ئاسانی دەوڵەمەند دەبیت، چۆن بە ئاسانی دەبیە بەڕێوەبەرێكی سەركەوتوو) ئەم ناونیشانانە و دەیانی تر، لە ڕاستیدا بێ بەهاكردنی كتێب و بە بازاڕیكردنی كتێبە، لە پێناو قازانجی كەسی و بەشێك لە دەزگاكانی چاپ و بڵاوكردنەوە. ئاخر مرۆڤ ئەگەر كەمێك هوشیاری هەبێت، دەبێ بزانێت دوودڵی، نەخۆشییەكی ترسناكی دەروونییە و نەك بە ڕێنوێنی وەرگێڕێكی نەزان، لە ڕێگەی كتێبی نووسەرێكی نەناسراوەوە چارەسەر ناكرێت، بەڵكو ئەم نەخۆشییە پێویستی بە دەیان دیدەنی پزیشكی دەڕوونی و ڕێنمایی دەروونی هەیە، ئەمە وێرای بەكارهێنانی زۆرتر لە چارەسەرێك، لەگەڵ ئەمەشدا هەزاران لەو مرۆڤە دوودڵانە، نەك چاك ناینەوە، بەڵكو سەرەنجام نەخۆشییەكەیان سەردەكێشی بۆ خەمۆكییەكی قووڵ و دواتریش بە داخەوە خۆیان دەكوژن، ئیدی نازانم چۆن بە كتێبێك مرۆڤێك لەو نەخۆشییە چاك دەبێتەوە؟ یاخود بۆ ئەوەی ببینە بەڕێوەبەرێكی سەركەوتوو لە هەر بوارێكدا، ئەوا دەبێ چەندین ساڵ كۆشش بكەین، فێر بین، ئەزموونمان هەبێت، ئیدی نازانم چۆن بە یەك دوو وتاری نێو كتێبۆكەیەك، دەبینە بەڕێوەبەرێكی سەركەوتوو؟ بۆ ئەوەی ببینە زمانزانێكی باش، دەبێ هەزاران كتێب بخوێنینەوە، زمانزانی و ڕۆشنبیریی قسەكردن و هونەری دەربڕین، كاری یەك ڕۆژ و دوو ڕۆژ نییە. ئەمانە و دەیان ناونیشانی دیكەی بێ مانا، كە گوایا لە چوارچێوەی ڕۆشنبیریی گشتی و پەرەپێدانی مرۆیی دەخرێنەڕوو، بەداخەوە هیچ نین جگە لە بێ بەهاكردنی كتێب و ڕێزنەگرتن لە مەعریفە و نووسین. ئەم جۆرە قسە و بیركردنەوە سادانە لە كۆمەڵگەی ئێمەدا، مەترسی گەورە و كوشندەن، چونكە هوشیاری زۆربەی هەرە زۆری تاكەكان، لەو ئاستەدا نییە درك بە جیاوازییەكان بكەن و قووڵ ببنەوە وبپرسن، بە ڕاست چۆن مرڤ بە ئاسانی دەتوانێت ببێتە هەژار موكریانی و شكور مستەفا؟ بیە بە ئاسانی دەكەونە ژێر كاریگەریەتی ئەو بیركردنەوە سادە و چەواشەكارانە. ئەركی وەزارەتی ڕۆشنبیرییە، ژمارەی سپاردن بە هەموو كتێبێك نەدات، بواری چاپ و بڵاوكردنەوە ڕێكبخات، نەك لە پەراوێزی هەبوونی سانسۆر و ئازادی بڵاوكردنەوە و نووسین، بە داخەوە كتێبخانەكانی ئێمە پڕ بكرێن لە كتێبی بازاڕیی و بێ مەعریفەیی لەو شێوەیە! كە لە ڕاستیدا جۆرێكە لە بەگەمژەكردنی تاك كە خاوەنی بیركردنەوەو ڕوانینی خۆی نەبێت.

ھەواڵی زیاتر