ژیریی دەستکرد لەتەوەرە سەرەکیەکانی کۆڕبەندی داڤووسی ٢٠٢٤ بوو

نەزاکەت حسین

ساڵانە سیاسییه‌کان و ئابوریناسانی ئه‌وروپا وجیهان گفتوگۆ له‌ باره‌ی گرفت و کێشه‌ دارایی و بازرگانییه‌کانه‌وه دەکەن، له‌ پێناو وەدەستهێنانی که‌شێکی لێکتێگه‌شتن له نێوانیاندا، که‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی ژیان و گوزه‌ران و دارایی خه‌ڵک و دانیشتوانی وڵاته‌کانیاندا بێت لە کۆڕبه‌ندی ئابوریی جیهانی (WEF) بریتییه‌ له‌ کۆڕبه‌ندێک یان ڕێکخراوێکی دامەزراوەیی و لۆبیی،‌ له‌ ساڵی ١٩٧١ له‌ لایه‌ن ئابوریناسی ئه‌ڵمان کلاوس شڤابه‌وه‌ دامه‌زراوه. کاتی خۆی وه‌ک (وه‌قف)ێک، ڕێکخراوێک یان پلاتفۆرمێکی قازانجنه‌ویست بۆ دیالۆگ له‌ نێوان کۆمپانیاکانی ئه‌وروپا دامه‌زرا. دروشمی ئه‌م ڕێکخراوه‌ (به‌ره‌و باشترکردنی ڕه‌وشی جیهان)ه‌. ساڵانه‌ له‌ مانگی کانونی دووه‌م یان شوباتدا کۆنفرانسی گشتیی خۆی ساز ده‌کات که‌ سه‌دان رۆژنامه‌وان، شاره‌زای ئابووری، سیاسه‌تمه‌دار، هونه‌رمه‌ند، زانا و که‌سایه‌تیی کۆمه‌ڵایه‌تی و به‌ناوبانگی جیهانی تێیدا به‌شداریی ده‌که‌ن. به‌شێوه‌یه‌‌کی گشتی باس له‌ کێشه‌ ئابوریی و سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی و ته‌ندروستیی و پیسبوونی ژینگه‌ ده‌که‌ن. ئه‌م ڕێكخکراوه‌ ناوداره‌ جیهانییه‌ به‌رده‌وام له‌ جیهاندا کۆنفرانسی تریش ساز ده‌کات و به‌ ڕێکوپێکیش ڕاپۆرت و لێکۆڵینه‌وه‌ چاپ و بڵاوده‌کاته‌وه.
ساڵانە لەم کۆڕبەندەدا ئاڵنگاری وکێشە هاوبەشە جیهانیەکان گفتوگۆ دەکرێن. ئەمساڵیش گۆڕانی کەش وهەوا، هێرشە ئەلەکترۆنیەکان و رێکخستنی ئە‌گه‌ری سه‌رهه‌ڵدانی په‌تای جیهانگریی نوێ و شەڕی ئۆکرانیا وململانێی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست باس کرا. جیاواز لە کۆڕبەندەکانی پێشوو، ئەمساڵ ژیریی دەستکرد لەتەورە سەرەکیەکان بووە، چەند باسێک لەوبارەوە خراونەتە ڕوو ‘سام ئاڵتمانە’، که‌ دامەزرێنەری ڕۆبۆتی چاته‌ ChatGPT. ئامادە بوو، لەقسەکەرە سەرەکییەکانی ژیریی دەستکرد بوو. لەم ڕووەوە گفتوگۆی ژیریی ده‌ستکرد و ئاڵه‌نگارییەکانی، چۆن دەتوانرێت ئەو تەکنەلۆجیایە بەکاربهێنرێت بۆ سوودگەیاندن بە هەمووان، چ ڕێسایەک پێویستە بۆ بەرەنگاربوونەوەی چ مەترسییەک، چ داهێنانێک دەکرێت و چۆن ئه‌مه‌ دەتوانێت کارلێک لەگەڵ بایۆتەکنەلۆجیادا بکات؟ ئەمە ئەوە دەسەلمێنێ کە ژیریی دەستکرد ئێستە لە بابەتە کاریگەرو بگرە مەترسیدار و ئاڵنگاریەکانە لە جیهاندا، بەڵام باسەکە ئەوەیە ئایا لەگەڵ ئەو هاتنەناوە و خێرا گەشەسەندنەی ژیریی دەستکرد کە چووەتە زۆربەی بوارە ئابوری و زانستی و پەروەردەیی و سەربازی و کۆمەڵایەتییەکانی ژیانی مرۆڤەکانەوە، جیهان لەم بارودۆخە ئاڵۆزو پڕ کێشە و ئابورییە ناسەقامگیرو هەڵاوساوە توانای هەیە کە دەستبەجێ کار بۆ رێکخستنی ئەمە و گرتنەبەری یاساو رێسای تۆکمە بکات. لەهەموو گرنگترو پێویست تر بۆئەم کارە لێکتێگەیشتن و هاریکاریی نێوان وڵاتەکانە بەتایبەتی ئەوانەی توانا و ئیمکانیەتیان بۆ گرتنەبەری ڕێکاری ڕێکخستنی هەیە. ئێستەش دەبینین وڵاتانی زلهێزیش دابەش بوون بەسەر بەرە ناکۆکەکان ووڵاتانی کەمهێزیش گیرۆدەی جەنگ و قەیرانی سیاسی و ئابوورین. خۆئەگەر خوانەکات جیهان ڕووبەڕووی پەتایەکی تری وەک کۆڤید-١٩ ببێتەوە کە ئێستا پێشبینی کراوە بۆ ئەگەری هەندێک پەتا سەرهەڵبدات، ئەوا بەیەکجار جیهان سەرقاڵ دەبێت بەو پەتایەوە. بۆیە گرنگە باسکردنی و بوون بەتەوەرەی سەرەکی ئەو کۆڕبەندە جیهانیە، هەر هیچ نەبێت شیکاری مەترسیەکەی کراوە، بەڵام گەشەی خێرای ئەوتەکنەلۆجیایە و ماندووبوونی جیهان بەکۆمەڵێک قەیرانی یەک لەدوای یەک ئەستەمە لەم کاتەدا شتێکی جێ ئومێد بۆ ئەم بوارە بکرێت.

ھەواڵی زیاتر