هەرێمی کوردستان باجی پێشکەوتنەکانی دەدات!

سالار عوسمان

هەرێمی کوردستان باجی پێشکەوتنەکانی دەدات!

هەرێمی کوردستان وەک قەوارەیەکی دەستووریی بە دیموکراسیی هاتووی جێئومێدی کورد، لەوەتەی هەیە هەنگاو دەنێ و خەونەکانی دەکات بە ڕاستی.
ئەم هەرێمە مێژووی هەیە، مێژووکەی ڕاستە لەڕووی شەرعی و دواتر دەستوورییەوە بۆ ڕاپەڕینی ساڵی 1991 دەگەڕێتەوە، لێ قووڵتر لەوە، لە ڕووی نەتەوەیی و نیشتمانییەوە مێژووەکەی بۆ خەباتی لەمێژینەوی کورد دەگەڕێتەوە، کەواتە هەرێمی کوردستان نوێنەرایەتیی مێژووی خەباتی لەمێژینەی گەلی کوردستان دەکات، مێژوو و گەلێک، کە ئەگەر دەرفەت و و دەلیڤەی بۆ ڕەخسا بێت، بە نموونە لە ڕاپەڕێنی 1991 ەوە تا ئێستا، پێشکەوتووە و خەونەکانی کردووە بە ڕاستی.
ئەم ئیرادەیە، کە دەکرێ بە (ئیرادەی پێشکەوتنی کوردی) ناوزەدی بکەین، جیای دەکاتەوە لەگەڵ ناوەندی ئەو دەوڵەتەی لەگەڵیدا دەژی، کە عێراقە و، هەروەسا دەگەڵ دەرودراوسێش، کە زۆر جار جیاکردنەوەکە، هەر ئاسۆیی، واتە هەر ڕووخسار و فۆرم نییە، بەقەد ئەوەی ستوونی، واتە لە تێگەیشتن، بنیات و ستراکچەریشدا لێک جودان و ئەمەش جۆرێک لە پارادۆکسی حوکمڕانی لە ناوچەکەدا خوڵقاندووە، کە نەیارەکانی هەرێمی کوردستان پێیان هەزم ناکرێت و بەردەوام گرفت و ئاریشەی بۆ دروست دەکەن.
ڕوونە، دەکرێ هەر لێکۆڵەر و ڕۆژنامەنووسێکی مێژووبین، بگەڕێ و ئەو مێژووە تەتەڵە و شەن و کەو بکات، کە کورد ئیرادەی پێشکەوتنی بۆ ژیان چۆنە و ئەوانی تر چۆنن؟!..
بۆ بەرسڤی ئەم پرسیارە زۆر ماندوو نابین، کە بەڵێ کورد دەیەوێت بگۆڕێت و پێشبکەوێت و نموونەیەکی جیاواز پێشکەش بکات، کە ئەم ئیرادەیە، ئەم پێشکەوتن و پێشکەشکردنی نموونە جیاوازە، وای لە عێراق و دەوڵەتانی دەرودراوسێ کردووە. لەمپەر و گرفت و کێشە و ئاریشە بۆ هەرێمی کوردستان دروست بکەن.
چیرۆکی تاڵی ئەم کێشە دروستکردن و کێشەنانەوەیە بۆ هەرێمی کوردستان زۆرن و بەردەوامە، جا هەر جارە و بە بیانوو و پاساوێک، کە سەرجەمیان دوورن لە ڕاستییەوە، ڕاستییەکە ئەوەیە، کورد دەیەوێت نموونەیەکی باش پێشکەش بکات، کە ناکۆکە لەگەڵ نموونە خراپ، کە لە دەوڕووبەریدا هەن، دەوروبەرێک، کە دەوڵەتن و هێزیان هەیە و دەتوانن بە نووکە قەڵەمێک مووچە و بوودجە ڕابگرن، بە بڕیارێکیش مووشەکبارانمان بکەن، کەواتە کورد قوربانی نێوان باش و خراپە، نێوانێک کە جەدەلی مێژووە تا ئێستا، پرسیار ئەوەیە، کورد چی بکات باشە؟.. واز لە باشە بێنێ و وەک نموونە خراپەکان بێت؟.. یان بەردەوام بێت لە باشییەکان، وەڵامی ئەم پرسیارە ئەوەیە: کورد ناتوانێ خراپ بێت، چونکە قوربانی دەستی خراپەیە، بۆیە دەبێ سەرەتا لە ناوخۆیدا تەبا بێ و دواتر باشەکان بۆ پشتیوانیی خۆی کۆبکاتەوە، جا ئەو باشانە لە نێوخۆدا بێ، یا لە عێراق و دەرودراوسێ و نزیک و دوور.