ئیرادەی کورد لە پیلان و هێزی دوژمنان بەهێزترە

شێرکۆ حەبیب

پێشکەوتن و ئاوەدانی و تەبایی و پێکەوەژیان لە کوردستان بەتایبەتی لە هەولێری پایتەخت بووەتە هۆی نیگەرانی دوژمنان، هەر بۆیەش هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ لەباربردنی ئەم ئارامی و سەقامگیرییە و ئەزموونەی لە ئارادایە، بەهەموو هەوڵ و توانایان ڕووی موشەکەکانیان لە هەوڵێری سەربەرزی قەڵا و منارەی هۆلاکۆبەزێن دەکەن، ئەمەش خۆی لە خۆیدا هێمایە کەوا هەولێر سەرناچەمێنێت بۆ دوژمنان.
ئەوەی ئێران لە هەفتەی ڕابردوو ئەنجامی دا دەرهەق بەهەولێر و خانەوادەیەکی کوردپەروەر کە لە ئاکامدا خێزانێک بوونە قوربانی و تەنانەت کیژۆلەیەکی تەمەن ٩ مانگان گیانی پاکی لە گەڵ باوکی خوالێخۆشبێت (پێشڕەو دزەیی) بوونە قوربانی.
ئەوەی ئێران بانگەشەی بۆ دەکات دوورە لە ڕاستی و ئەمە جاری یەکەم نییە ئێرانی بەناو ئیسلامی تۆمەتی بێ بنەما بۆ هەولێری سەربەرز هەڵدەبەستێت، ئێران و بەرپرسانی باش دەزانن کەوا سیخوڕ یا کەسێکی مۆساد لە هەولێر نییە ئەگینا مەحاڵ بوو یەک فیشەک نەک مووشەک ئاراستەی هەولێر بکات، چونکە تا ئێستا لە ساڵی ١٩٧٩ ئێران تەنیا بە ئاخاوتن دژایەتیی ئیسرائیل دەکات و قودس ڕزگار دەکات. لە ماوەی ئەوەند ساڵە ئیران تا ئەمڕۆ نەیتوانیوە خوێن لە لووتی سەربازێکی ئەمریکی یا ئیسرائیلی بێنێت، ئەگینا هەندێ شوێن مەودای دووری لە ئێران لە مەدای بینیی چاو دایە، لە باشووری لوبنان چەند میلێک لە ئیسرائیل دوورە.
ئەگەر ئێران یا هەر ڕژێمێکی دیکە بیر لەوە بکاتەوە کوردستان خاپوور بکات و میللەتی کورد لە ناو ببات، ئەوە خەیاڵیان خاوە چونکە ئیرادەی کورد لە پیلانە شەڕخوازیییەکانیان بەهێزترە.
بەداخەوە لە کارێکی تیرۆری واها و هێرشکردنە سەر هەولێر هەندێ لایەنی سیاسی نەیانتوانی بە ڕوونی و ئاشکرا هەڵوێستی خۆیان دژی ئەم کارە نامرۆڤایەتیە دەربڕن هەروەک هەردوو شاری هۆلاکۆ بەزێن و دهۆکی ڕەنگین دەریان بڕی و ئەمڕۆش لە زاخۆ هاوسۆزی دەردەبڕێت، کە پێویست بوو سەرجەم شارەکانی کوردستان هەمان هەڵوێستیان هەبووایە، چونکە یەکڕیزی و یەکدەنگیی کورد زامنی دووبارە نەبوونەوەی ئەو شێوازە کردەوە تیرۆیستیانەیە.
میللەتی کورد هەروەک جەنابی سەرۆک بارزانی دەفەرموێ؛ هەرگیز لەکەس قبووڵ ناکەین تەعدامان لێبکات و سەرناچەمێنین، و تەعداش لەکەس ناکەین، لە لایەکی دیکەوە ڕۆڵی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی کوردستان و هەوڵەکانی لە داڤۆس بۆ ڕیسواکردنی ئەم تاوانە چەپەڵە جێگای ڕێز و دڵسۆزییە کە هەردەم ئەو هەڵوێستانە لە بەڕێزیان چاوەڕێ دەکرێ، هەروەها هەڵوێستی مەکتەبی سیاسیی پارتی کە هەردەم پارتی پێشەنگ بووە لە بەرگریکردن لە میللەت و نیشتمان، هەروەها ئاماژە بە ڕۆڵی سەرۆک وەزیرانی عێراق بکەین کە یەکەم جارە هەڵوێستی وەها بەرامبەر ئێران دەربڕێت لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ دەبێ عێراق لە هەژموونی ئێران دەربچێت و سەروەی خۆی بپارێزێت، و دەبێ دارو دەستە و میلیشیاکانی ئێران لە عێراق بنبڕ بکرێن و هەروەها ئەوانەی چاو ساغی ئێرانن لە کوردستان ڕیسوا بکرین و قەدەغەکردنی هاوردەی خۆراک و خواردن و کاڵای ئێرانی بکرێت.
پەندێکی عەرەبی هەیە دەڵێ” اللي تحسبە موسا یطلع فرعون” واتە «ئەوەی بە موسا تێیدەگەیشتی، فیرعون دەردەچێ”

ھەواڵی زیاتر