دوور بڕوانن ئاسۆ ڕوونە

هیوا گەیلانی

کورد وەکو گەورەترین نەتەوەی بێ دەوڵەت لە سەر گۆی زەوی، کە خاکەکەمان داگیر و دابەشکراوە بەسەر چوار دەوڵەتی داگیرکەری شۆڤینی دا.
سەدان ساڵە لە ژێر زوڵم و چەوساندنەوەی داگیرکەراندا ژیان دەگوزەرێنین. وا سی و سێ ساڵە پارچەیەکی کوردستان ( باشوری کوردستان) ئازاد بووە و، خاوەنی حوکمڕانیەکی خۆماڵییە و لە ھاوکێشە نێودەوڵەتی و ھەرێمایەتیەکاندا ژمارەیەکی حساب بۆ کراوە.
بێگوومان قبوڵکردنی ئەم دیفاکتۆیە بۆ داگیرکەرانی کوردستان ئاسان نییە، وە بە بەردەوامی لە ھەوڵی لاوازکردنی و نەمانی ئەم ئەزموونەدابوون و دەبن کە بۆتە چقڵی چاویان.
بۆ ھەر کەس و لایەن و دەوڵەتێکیش شاراوە نییە کە پارتی دێموکراتی کوردستان ڕاگر و ستونی سەرەکی ئەم دەسەڵاتە خۆماڵیەیە.
لە هەڕەمی پارتی و ئەزموونی ھەرێمی کوردستان دا سەرۆک مەسعود بارزانی، وەکو سەرۆک و ڕەمزی دۆزی ڕەوای گەورەترین نەتەوەی بێ دەوڵەت ھەیە، کە خاوەن خیتابێکی ناسیۆنالیستی سەردەمیانە و مەدەنیانەیە و، مساوەمە لە سەر مافە ڕەواکانی گەلەکەی ناکات و بۆتە لەمپەری جێبەجێکردنی پیلان و خەونی داگیرکەران.
کەسایەتیەکی ھێندە کاریزمی و بەھێزیشی ھەیە دۆست و نەیار ناتوانن ھەڵوێست و ڕا و بۆچونەکانی نادیدە بگرن.
بۆیە دەبێت بەلامانەوە چاوەڕوانکراوبێت ھەرێمی کوردستان ببێتە شوێن سێرەی تیری دوژمنەکانمان.
ئەوەی لە ئێستادا و لەو ھەلومەرجەدا گرنگ و پێویستە ئەوەیە ھەموو کوردێک بە جیاوازی بیروڕا و ئینتیمای سیاسیمان ھەست بەوە بکەین کە خاک و ئاڵا و ئەزموون و دۆزە ڕەواکەمان بەشێکی گرنگی کەسێتی و مان و نەمانمانن لە ئێستا و داھاتوو دا.
لە ھەموو کات زیاتر پێویستیمان بە ھەبوونی خیتابێکی نەتەوەیی و نیشتیمانی ھاوبەش ھەیە.
چونکە ھیچ ھێزێک نیە بتوانێ چۆک بە گەلێکی یەکگرتووی خاوەن دیرۆک و دۆزی ڕەوا دا بدات.
پەلاماری دوژمنەکانیشمان بەڵگەی بوون و بە ھێزیمانن.
بە دڵنیاییەوە کەوتن و مەرگی دوژمنەکانمان دەبینین و ئێمە ھەر بە پێوە و بە سەربەرزی دەمێنینەوە، چونکە میللەتێکین بڕیارمان داوە لە ژێر زوڵم و ستەمی داگیرکەراندا خۆناچەمێنین.

ھەواڵی زیاتر