هەڵشاخین بە قەڵای کوردایەتی
هاودەنگ فارووق
جارێكی دی بۆ داپۆشینی شكستی خۆیان لە ناوچەكەدا، بە
بیانوی پووچ و گاڵتەجاڕی ، سوپای پاسدارانی ئێران، هێڕشی دوژمنكارانەیان كردەوە سەر خەڵكی مەدەنی هەولێر، كوشتنی ژن و منداڵ و خەڵكی بێتاوان، لە ئازایەتی و مەردایەتی نییە، بەڵکو لە ڕەفتاری ترسنۆکانە و تیرۆرستانە و نامرۆڤانەیە؛ بە زوڵم و ستەمکاری دەنگی ئازادیخوازیی گەلی كورد کپ ناكرێت و ئیرادەی ناشكێت.
چ شانازییەك و ئازایەتییەك لەوەدایە خەڵکی مەدەنی
بێتاوان بکوژیت؟ ئەگەر ڕاست دەکەن بۆ یەکجاریش تۆڵەی سەرکردەمیلیشیاكانتان بکەنەوە کە بە عالەمی ئاشكرا لە بەغدا و بەیرووت و سورییە دەکرێنە ئامانج.
حکوومەتی كوردستان، بەهیچ جۆرێك نەبووەتە سەرچاوەی
هەڕەشە بۆسەر دراوسێكانی، بەتایبەتی بۆ ئێران بەڵکو هەمیشە پێداگریی كردووە لەسەر پاراستنی سنوور و هێمنیی پەیوەندییەكان، دەستەڵاتدارانی ئێران خۆیان شاهیدی ئەوەن كە لە سنوورەكانی خۆرهەڵاتی وڵاتەكەیان چی دەگوزەرێت و، چۆن چەكدار و چەك و مادەی هۆشبەر تەنگی بە سنوورەكان هەڵچنیوە. بەڵام بابێن پێمان بڵێن؛ لە سنوورەكانی كوردستان لەگەڵ ئەوان، چ كێشەیەكیان بۆ دروست بووە؟ كامە ئەو سەریەشەیە، كە كورد بۆ ئێرانی دروستكردووە ؟! گەلی كوردستان چاوەڕوانی ئەوەبوو لەبەرانبەر دراوسێیەتیی باش و پاراستنی سنوورەكان و پەیوەندییە لەمێژینەكان، ئێران سوپاسی كورد بكات . كەچی بێ هیچ هۆكارێك موشەكبارانی هەولێر دەكات.
پڕوپاگەندەكانی ئێران لەلایەن باڵاترین دەستەڵاتی فیدراڵیی
عێراق و ناوەند و مێدیا جیهانییەكان پوچەڵ كرانەوە، چونكە ئەوەندە درۆ و دەلەسەكان گەورەبوون، نزیكترین دۆستی ئێرانیش بڕوایان پێناكات،
دوای ئەو فەزیحەتە دۆستەكانی ئێران نەیانتوانی
پەردەپۆشی بكەن، دەبێ كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەو ڕاستییە تێگەیشتبێت ئەوەی ڕوودەدات بەئامانج كردنی كوردە تەنها لەبەر ئەوەی كە كوردە، ئەگینا سەرجەم پاساوەكانی پاسداران و ڕاپۆرتی جاسوسەبەكرێگیراوەكانیان درۆ بوون، ئەمە بەشاهیدی دەستەڵاتدارانی عێراق و لیژنەی لێکۆڵینەوەو خودی سەرۆكوەزیرانی عێراق كە دەڵێت: ئەوەی بەرانبەر بە هەولێر کرا، كردەوەیەكی دوژمنكارانەی ئاشكرایە.