سیحر و مەترسیەکانی لەسەرخێزان و وڵات

عومەر چنگیانی

دوای ئەوەی لە بۆردی باڵای ئامادەکردنی گوتاری هەینی بە ئەرکمان زانی گوتاری هەینی ڕابردوو ١٢ی١ی٢٠٢٤ تایبەت بکرێت بە هۆشداریدان و بیرهێنانەوەی مەترسیەکانی سیحرو جادوو و مامۆستایان لە سەر دوانگەی مزگەوتەکانی کوردستان و بەسوپاسەوە زۆرینەیان بە تەنگ بابەتەکەوە هاتن و ئێمەیش لەسەردوانگەی مزگەوتی خەدیجەکوبرا کردمانە تویشووی گوتاری ژمارە ٢٣١مان لە هەمان بەرواردا، لێرەدا بە ئەرکی دەزانم پوختەیەکی بخەمە بەردیدی ئیوەی بەڕێز(١): (سیحر و جادو یەکێکە لە دەردە کوشندەکانی مێژوو کە قورئانی پڕ بەخشش لە باسەکانی پەیوەست بە سەردەمی هەریەک لە پێغەمبەران (سلیمان و موسی) – سڵاوی خوایان لێبێت – تۆماری کردوە، کاتێک بەشێوازێکی ناسروشتی لە ئارادابووە و، تاک و کۆمەڵگا و سیاسەتمەدارەکان و پیاوانی وڵات پێوەی کاریگەربوون، کە پێغەمبەرمان – دروود و سڵاوی خوای لەسەربێت – لەم دەردە کوشندەیە ئاگاداری کردووینەتەوە و هۆشداری پێداوین کە زەرەری ئیمانی و خێزانی و کۆمەڵایەتی و نیشتیمانی هەیە.
کاریگەری سیحر و جادوو بەسەر خێزان و نیشتیمان:
١: کاریگەری سیحرلەسەر خێزان:
وەک لە یەکێک لە لێکدانەوەکانی سەد و دووەمین ئایەتی سورەتی(البقرە)دا هاتووە، کە خوای گەورە دەفەرمێ: (جادووگەران لە هاوەڵانیانەوە شتهای وافێر دەبن کە ئاژاوەی پێ دروست دەکرەن لە نێوان دوو هاوژین و لێکیان دادەبڕینن).
کەوابوو جادوو کاریگەری هەیە لەسەر خێزان و هەڵوەشانەوە و پەرتەوازەکردن و تێکدانی شیرازەی خێزان، بۆیە داوامان وایە مسوڵمانان کە باوەڕی تەواویان بەخوای گەورە هێناوە دوورکەونە لەسیحر و ساحیر و جادوگەران ئەوانەی خەریکی نوشتە و کشتەکن و دەینوسن و دەیخوێننەوە بەناوی مەلا و شێخ و، با خوشکان هۆشیار و ئاگاداربن لە کردنی نوشتە و تەلیسم و چوونە لای بەناو شێخ و مەلا و بەناوی دوعا بەناوی هەستانی قیسمەت و زەواج کردن و یان تەڵاقدان و یان خۆشەویستی، ئاگاداربن کە ئەوکارانە سەردەکێشێت بۆ نەمانی ئیمان و بەتاڵبونەوەی خواپەرستی و قەبووڵ نەبوونی تاعەت و عیبادەت.
٢. کاریگەریەکانی لەسەر وڵات:
کاتێک کە خێزان هەڵوەشایەوە و لێکترازا، ئەوکات وڵات توشی فەوزا و کێشە و گرفتی زۆردەبێ لەدوای ئەوەی نەخاسمە لەکاتێکدا کە خەڵکی جۆرە بێ هیواییەکی زۆری توشبوە!
زۆریش بەداخەوە هەندێ جار سیاسەتمەدارەکان بەسیحر و ساحیر و جادوگەران کاریگەردەبن و بەکاریان دەهێنن بۆ بەرژەوەندی خۆیان و زیادکردنی شوێنکەوتە، یاخود ترساندیان یان زیادکردنی دەسەڵاتیان هەروەکو فیرعەون ئەم کارانەی هەمووی کرد، وەک دەبینین لە ئایەتی ٤١و٤٢ی سورەتی (الشعراء) دا، خوای گەورە بۆمان باس دەکاودەفەرمێ:
(کە جادووگەرەکان هاتنە لای فیرعەون پێیان گوت: گەر ئێمە لەم کارەماندا سەرکەوتووبووین پاداشتمان دەدەیتەوە؟ ئەویش وتی بەڵێ ئێوە لەخۆم نزیک دەخەمەوە دەبنە دەمڕاستی خۆم).هەروەها زۆرێک لە تەڵاق و کێشەی کۆمەڵایەتی و خواردنی ماڵ و پارەی خەڵک بەهۆی سیحر و جادوەوە ڕودەدات .
چارەسەر و ڕێکاکانی خۆپاراستن لە سیحر :
بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی ئەم دەردە بەربڵاوە کوشندە پیسە، چەندین چارەسەری ماددی و مەعنویمان هەیە :
یەکەم : ڕێگا مەعنەوی و ئیمانیەکان : هەرکاتێ مرۆڤ باوەڕی بەخوا هێنا و پشتی پێی بەست و تەسلیمی خوا بوو لەهەموو کاروبارێکی ژیانیدا و، ویردەکانی خوێند کە لە پێغەمبەرەوە – دروود و سڵاوی خوای لەسەربێت -هاتوە، ئەوکاتە پێویست بە ترس و دڵە ڕاوکێ ناکا لە هیچ سیحر و ساحیرێک، چونکە خودای لەگەڵە و پشتیوانیەتی .
دووەم : چارەسەری ماددی، ئەمەیان بەدەستی کاربەدەست و پیاوانی حکوومەت و بەرپرسەکانە، ئەمیش بە دەرکردنی بڕیاری قەدەغەکردنی سیحر و ساحیرەکان و جادوگەرانە و بەندکردن و پێبژاردنیانە، هەروەک داوامان وایە کە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینی بە هەماهەنگی وەزارەتی ناوخۆ هەستن بە گرتن و بەند کردنی ئەو بەناو مەلاو شێخانەی کە خەریکی جادوون و بونەتە بار بەسەر دین و وڵاتدا و هۆکارێکن بۆ تەڵاق و زۆربووای کێشەکان لە کۆمەڵگادا .
پەراوێز:
(١) شایەنی باسە ماوەیەکە – بەسوپاسەوە – وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە هەماهەنگی لەگەڵ یەکێتی زانایانی ئیسلامی لە کوردستان و چەندین لایەنی دیکەی پەیوەندیدار زۆر بەمکوڕی کار لەسەرکەمبوونەوەی ئەو دیاردەیە دەکەن لە کوردستان).

ھەواڵی زیاتر