بە کورتی بە کوردی

ھۆشیار سیوەیلی

ئایا ئەمەریکا لە عێراق دەکشێتەوە؟

کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێوەدەوڵەتی لە عێراق بابەتێکی گەرمە و بەشێک لە لایەنە شیعەکان خەریکی خۆسازدانن لە ناو پەرلەمانی عێراق بۆ دەرکردنی یاسایەک یان بڕیارێک بۆ ناچارکردنی هاوپەیمانان، بە تایبەتی ئەمەریکا، بە کشانەوە لە عێراق. ئایا ئەم یاسا یان بڕیارە دەردەچێت و لە دۆخی دەرچوونیشیاندا دەرچوونی ئەمەریکا لە عێراق هێندە ئاسان و بێ گرێ و گۆلە؟ ئەوەی لە حاڵی حازردا پەیوەندییەکانی نێوان ئەمەریکا و عێراقی ڕیکخستوە (ڕێکەوتننامەی چوارچێوەی ستراتیژی)ـیە. لە بەشی یازدەیەم، برگەی دووەمی ڕێکەوتننامەکەدا هاتوە کە هەر یەک لە دوو لایەنەکە دەتوانن بە فەرمی داوای هەڵوەشاندنەوەی ڕێکەتننامەکە بکەن و ساڵێک دوای ئەم داوایە ڕێکەتننامەکە هەڵدەوەشێتەوە. هەروەک زانراوە ڕێکەوتننامەی چوارچێوەی ستراتیژی گشتگیرەو تەنیا پەیوەندی و هاوکاری بەرگری و ئاسایش ناگرێتەوە و پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو لە بوارەکانی سیاسی و دیپلۆماسی و ڕۆشنبیری و ئابووری و ووزە و چەندین بواری تر ڕێکخستوە. هەر گۆڕانکارییەک لە بەندەکانی ڕێکەوتنامەکە دەبێت بە دانوستان و ڕەزامەندی هەردوو لا بێت، هەروەک چۆن لە ١٩/١٢/٢٠٢١ دا لە ئەنجامی گفتوگۆدا هێزەکانی ئەمەریکا کۆتاییان بە ئەرکی شەرکردن هێناو و بنکە سەربازییەکانیان دایەوە سوپای عێراق، پێچەوانەوەی ئەمە دەبێتەهۆی هەڵدەوەشاندنەوەی هەموو ڕێکەتننامەکە. بۆیە ئەگەر عێراق تاکلایەنە داوای دەرچوونی ئەو ٢٥٠٠ سەرباز و ڕاوێژکارانە بکات ئەوا ڕەنگە ئەمەریکا داوای هەڵوەشاندنەوەی ڕێکەوتننامەکە بکات. بەمەش هیچ پەیوەندییەک لە نێوان ئەمەریکا و عێراقدا نامێنی و عێراق تووشی زیانی یەکجار گەورە دەبێت. وەک دەزانین دۆلاری عێراق لە ئەمەریکاوە دێت و بۆ بەرگری ئاسمانی و لێدانی داعش هێشتا عێراق پشت بە هاوپەیمانان دەبەستێت و چەک و تەقەمەنی عێراق ئەمەریکین. کشانەوەی ئەمریکا دەبێتە هۆی لاوازبوونی عێراق و تێکچوونی شێرازە لە هەموو ڕوویەکەوە. من لەو بڕوایەدام عێراق و ئێران بە جدی گوشار ناخەنە سەر ئەمەریکا بۆ کشانەوە وئەمەریکاش هەموو هەوڵێک دەدات بمێنێتەوە. لەم دۆخەدا کە ئابلوقەی ئابووری لەسەر ئێرانە، بازاری عێراق و تا ئاستێکیش دۆلاری عێراق هاوکاری زۆری ئابووری ئێران دەکەن و بە کشانەوەی هاوپەیمانان نەک عێراق ناتوانێت پاڵپشتی ئیران بێت، بەڵکو تێکچوونی دۆخی ئاسایش و ئابووری عێراق کاریگەریی خراپیشی لەسەر ئێران دەبێت و تەقینەوەکەی کرمان بەڵگەی هەڕەشە بەردەوامەکانی داعشن بۆ هەموو لایەک.