هەبوونی پلان و ئامانج لەساڵی نوێ

بەكر كەریم حەسەن

(ئەنتوان دی سانت) نووسەر و فڕۆكەوانی فەڕەنسی دەڵێ” ئامانجی بێ پلان تەنها خۆزگەیەكە و بەس”.
لەگەڵ دەست پێكردنی ساڵی نوێ (2024) كە لە ڕۆژەكانی سەرەتایین، بێگومان هەریەكێک لە ئێمە كۆمەڵێک هیوا و ئاوات و ئامانجی هەیە، دەیەوێ لەو ساڵەدا جێ بەجێیان بكات و بیان هێنێتە دی گەر پلانێكی دیراسەت كراو و پاڵپشت بە دیدگایەكی ڕۆشنمان نەبێت، ئەوا ئەو ئامانج گو ئاواتانەی هەمانە تەنها لە چوارچێوەی خۆزگەیەك دەمێنێتەوە. لە بیرمان نەچێت پێش ئەوەی پلان دابنێین پێویستە بەلێن و پەیمان بدەینە خۆمان بۆ ئەنجامدانی گۆڕانكاری و چوونە پێشی بەردەوام لە زۆربەی بوارە جیاوازەكانی تایبەت بە خۆمان ئینجا دیدگایەكی ڕۆشنمان هەبێت و لە ژێر ڕۆشنایی ئەو دیدگایە پلان دابنێین و وا بكەین ساڵی (2024)سالێكی جیاواز و هەڵاوێر و پڕ بەرهەم و ئاسودەیی و هێور بێت. بێگومان ئەو هەنگاوانە یارمەتیدەر بن لە سەر گەشەپێدان و پەرەپێدان و پێشكەوتن لە هەموو بوارەكانی ژیان. لە بیرمان نەچێت هەر خۆی لە خۆیدا هەبوونی ئامانج تەنها كاریگەری ئەرێنی نابێت لە سەر ڕەفتار و كردار و هەلسوكەوتمان، بەڵكو وزەیەكی ئەرێنی و پەڕۆشی و گەرم و گوڕی دەبەخشێ‌، ئەمەش وا دەكات بتوانین وەبەرهێنان لە تواناكانمان و لە كاتمان ئەنجام بدەین.
كە باسی ئامانج دەكەین مەبەستمان ئەو ئامانجانەیە كە بواری جێ بەجێبوونیان هەیە، بۆ نموونە دەكرێ ئامانجەكان دابەش بكەین بە سەر چەندەها ئامانجی بچووك كە جێ بەجێ بوونیان ئەستەم نەبێت لە بواری (تەندروستی،وەرزشی،پەرەپێدانی تواناكان، كۆمەڵایەتی، هتد…)
سەرەتا گرنگە پەیوەندییەكانمان لەگەڵ خودای گەورە بەهێزتر بكەین و پەرەی پێ بدەین لە هەموو ڕوویەكەوە، دواتر گرنگی بە تەندروستی خۆمان بدەین هەم لە ڕووی سیستەمی خواردن و هەمیش وەرزش كردنی هەفتانە و كاتی بۆ تەرخان بكەین، جودا لەوەش گرنگە بەلێن بدەین ئەم ساڵ پەرە بە تواناكانمان و كارامەییەكانمان بدەین بە بەشداری كردن لە چەندەها خوڵ و ڕاهێنان لە بواری گرنگی پێدانمان و ئامادە بوون لە كۆنفڕانس و كۆنگرەی زانستی و پسپۆڕی و مانگانە پەرتووكێكی دیاری كراو بخوێنینەوە و هەوڵ بدەین لە كەسانی شارەزا و بە ئەزموون فێر ببین و فێربوونمان فراوانتر بكەین، لەوەش گرنگتر كاتێكی تایبەت دیاری بكەین بۆ خێزان و خانەوادە و ئازیزان و خزم و دۆست و هاوڕێیان و بە سەركردنەوەیان و پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی خزمایەتی و نزیكی و هەوڵدان بۆ ئاشت كردنەوەی ئەو كەسانەی پەیوەندییەكانیان لەگەڵ یەكتر پچڕاوە.
بێگومان ئەو بەرنامە و ئامانجانە پێویستی بە كاتی باش و پڕ هەیە، پێویستە کاتەکانمان ڕێك بخەین بە پێی خشتەی (هەفتانە و مانگانە و وەرزی و ساڵ) بۆ جێ بەجێكردنیان. لە بیرمان نەچێت بۆ بەدیهێنانی هەر ئامانجێك پێویستە كارامەییەكانی (پابەندبوون و بەردەوامی و نەرم ونیانی و ڕازی بوون بە هەبوونی ئاستەنگ و لە ڕوو وەستان و تێپەڕاندنیان) لە هەر یەكێك بوونی هەبێت، زۆر جار وا دەبێت نەتوانین ئەوەی نووسیومانە جێ بەجێ بكەین، بەڵام پلان و نیەت و ئیرادەمان هەبووە بۆ جێ بەجێكردنیان لەكاتی تر ئەنجام دەدرێن و گرنگە بەردەوام بین لە هەوڵدان بۆ ئەوەی ساڵی (2024) سالێكی پڕ دەستكەوت و جیاواز و ویژدان ئاسودەیی و هێور بێت كە دەبێتە سەرەتایەكی باش بۆ ساڵەكانی تریش، چوونكە هەموو هەوڵدانێكی ئەورۆ ڕۆژێكی باشتر و چاكترت پێ دەبەخشێ‌ بۆ سبەی.
بە پاڵپشتی خودای گەورە ساڵی (2024) جوانترین ساڵ دەبێت لە هەموو ڕوویەكەوە بۆ هەموو لایەك .

ڕاوێژكار لە وەزارەتی پەروەردە
ماستەر لە كارگێڕیی پەروەردەیی

ھەواڵی زیاتر