حەمەسەعید حەسەن
خەون و کتێب
شێوازی گێرانه‌وه لای ئیتالۆ کالڤینۆ (١٩٣٢ – ١٩٨٥) به‌وه‌دا ده‌ناسرێته‌وه که خه‌یاڵ تێكه‌ڵ به دیرۆک و ئه‌فسانه تێکه‌ڵ به واقیع ده‌کات. گێڕه‌ره‌وه که یه‌کێکیشه له کاره‌کته‌ره‌کانی ڕۆمانی (سوارێکی نه‌بوو)(*)ی کالڤینۆ که ساڵی ١٩٦١ نووسیویه‌تی، ده‌ڵێت: (من که ئه‌م چیرۆکه ده‌گێڕمه‌وه، ناوم خوشکه تیودورایه، ئاییندارم و له هه‌وادارانی مۆلۆمبانۆی پیرۆزم. بۆ نووسینی ئه‌م دێڕانه که له (دێر)ێکه‌وه ده‌یاننووسم، پشت به هه‌ندێک کاغه‌زی کۆن، سه‌رچاوه‌ی (ده‌م)ی و شایه‌تیی چه‌ند که‌سێک ده‌به‌ستم که له شوێنگه‌لی ڕووداوه‌کاندا ئاماده بوون. ئه‌وه‌شی ده‌رباره‌ی چیرۆکه‌که نایزانم، به پێی لێکدانه‌وه‌ی خۆم ته‌واوی ده‌که‌م. ل٤٢)(١)
ته‌رم! بۆگهنێکت لێ دێت، له بۆگه‌نی پاشه‌ڕۆک پیستره، نازانم بۆچی هه‌مووان بۆت به‌داخن ڕامباڵدۆ که یه‌کێکی دیکه‌یه له کاره‌کته‌ره‌کانی ڕۆمانه‌که، ڕوو ده‌کاته ته‌رمێک و ده‌ڵێت: (ئه‌ی و دروودت بۆ ده‌نێرن؟ ئاخر تۆ چیت له من که‌متره؟ پێشتر خۆت دهجووڵایتهوه، ئێستا له‌بری تۆ، ئه‌و کرمانه ده‌جووڵێنه‌وه که له‌سه‌ر جه‌سته‌ت ده‌ژین. جاران قژ و نینۆکت درێژ ده‌بوون، ئێستا به هۆی لاشه‌ی تۆوه، گیا بڵند ده‌بێته‌وه. مانگا ئه‌و گیایه ده‌خوات، ده‌یکات به شیر که ده‌بێته خوێنی له‌شی ئه‌و منداڵه‌ی ده‌یخواته‌وه، که‌واته تۆ له من چالاکتری، ئه‌ی ته‌رم! ل٧٢)
له کالڤینۆوه فێر ده‌بین که کرۆکی مۆراڵ له خۆشه‌ویستیدا چڕ ده‌بێته‌وه و مۆراڵ ئه‌وه‌یه به‌وپه‌ڕی بوێرییه‌وه، ددان به (هه‌ڵه)ی خۆماندا بنێین و سه‌ر بۆ (ڕاست)ی ئه‌وی دیکه دابنه‌وێنین. ئه‌و خۆشه‌ویستی و بوێرییه هه‌ر کرۆکی مۆراڵ نین، نیشانه‌ی خهیاڵفراوانیشن، خه‌یاڵێک به شیعر ئاو درابێت. ددانپێدانان هۆکارێکه بۆ ناخی خۆ خاوێنکردنه‌وه، گێڕانه‌وه له ڕۆمانی سوارێکی نه‌بووی کالڤینۆدا، که هه‌ر له ددانپێدانانێکی ڕاستگۆیانه ده‌چێت، بۆ پاکژکردنه‌وه‌ی ناخ، کۆمه‌ک به خوێنه‌ریش ده‌کات. چونکه شه‌ڕ له‌پێناوی ده‌ستکه‌وتدا بوو، کالڤینۆ هه‌وڵی بۆ ئه‌وه بوو، خه‌ڵک ئه‌و ئه‌فسانه‌یه‌ی ده‌یگوت: له‌شکری ئیمپراتور له پێناوی پاراستنی ئایینی مه‌سیحدا ده‌جه‌نگێت، به واقیع تێنه‌گه‌ن. کالڤینۆ جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌کات که نابێت ده‌سه‌ڵات و سامان، به‌های ئینسان دیاری بکه‌ن، به‌های ئینسان پێویسته به‌وه‌وه به‌ند بێت که چه‌ند خۆشه‌ویسته. خۆشه‌ویستی و زه‌بروزه‌نگ هه‌ردووکیان له نزیک ئینسانه‌وه‌ن، کاره‌سات ئه‌وه‌یه ئینسان نه‌توانێت سه‌ر به دنیای خۆشه‌ویستی بێت.
مینیمالیست که‌سێکه حه‌زی به‌وه نییه شتی زۆر هه‌بێت، ئاخر پێی وایه ئه‌گه‌ر خاوه‌نی شتی زۆر بێت، ئه‌وا شته‌کان ده‌بنه خاوه‌نی ئەو. ژماره حه‌وت لای مینیمالیست بایه‌خێکی زۆری هه‌یه و حه‌ز ده‌کات هه‌رگیز له حه‌وت شت زێتری نه‌بێت. ماکسێنس فێرماین، چونکه نووسه‌رێکی مینیمالیسته، ئه‌وه بۆیه له ڕۆمانه‌کانیدا هێنده گرنگیی به ژماره حه‌وت ده‌دات، ئه‌وه‌تا له (به‌فر)دا که هه‌م قاره‌مانه‌که‌ی شاعیره و هه‌م ڕۆمانێکه له شیعر، ده‌ڵێت: (یوکۆ عاشقی هونه‌ری به‌فر و ژماره حه‌وت و هایکوو بوو، له ته‌مه‌نی حه‌ڤده ساڵییه‌وه به‌ڵێنی دابوو، هه‌ر زستانێک حه‌فتاوحه‌وت هایکو بنووسێت. ل٢٩)(٢)
مینیمالیزم له ئه‌ده‌بدا ده‌ستگرتنه به وشه‌وه و پشتبه‌ستنه به ڕسته‌ی شیعری. نووسه‌ری مینیمالیست درێژدادڕی ناکات، ته‌نیا ئه‌وه ده‌ڵێت که پێویسته بگوترێت و لێ ده‌گه‌ڕێت، خوێنه‌ر ڕۆڵێکی چالاک له بواری ته‌واوکردنی چیرۆکه‌که‌دا بگێڕێت. ئاڕنست هه‌مه‌نگوای و سه‌مۆیل بێكێت دوو نووسه‌ری مینیمالیست بوون و شیعری (عه‌زرا پاوه‌ند) و (مه‌کسیم کارلۆس مه‌کسیم)یش ده‌که‌ونه خانه‌ی ئه‌ده‌بی مینیمالیزمه‌وه.
ماکسێنس فێرماین شێوازێکی هه‌یه سه‌رنجڕاکێش، هێنده ساده ده‌نووسێت و فۆرمێکی هێنده ئاسان هه‌ڵده‌بژێرێت، خوێنه‌ر سه‌رسام ده‌کات. بایه‌خێکی زۆریش به ڕه‌نگ ده‌دات، به‌فری سپی، که‌مانی ڕه‌ش و هه‌نگوینی زێڕین. خه‌ون لای ئه‌و ڕۆڵێکی گرنگ وازی ده‌کات و قاره‌مانه‌کانی دوای به‌دیهێنانی خه‌ونه‌کانیان ده‌که‌ون. (هه‌موو کتێبه‌کان له خه‌ونه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرن و هه‌موو خه‌ونه‌کانیش له کتێبه‌وه.) ئه‌و ته‌واو شاره‌زای ژینگه‌ی ڕۆمانه‌کانیه‌تی، هه‌موو ژیانت له بهفرستاندا به‌سه‌ر بردبێت، دوای خوێندنه‌وه‌ی ڕۆمانی به‌فر، شتی تازه له باره‌ی به‌فره‌وه فێر ده‌بێت و لایه‌نی جوانی دیکه له به‌فردا ده‌بینیت.
له ڕۆمانی که‌مانچه ڕه‌شه‌که‌دا، هێنده لێزانانه باس له دروستکردنی که‌مان و ژه‌نینی ده‌کات، هه‌ر ده‌ڵێیت، شاره‌زایه‌کی پرۆفیشیۆناڵی ئه‌و دوو بواره‌یه. له ڕۆمانی (هه‌نگه‌وان)یشدا، هێنده‌ی زانایه‌کی بواری په‌روه‌رده‌کردنی هه‌نگ، شاره‌زای جیهانی سه‌یر و ئاڵۆزی هه‌نگه. ڕۆمانه‌کانی ماکسێنس فێرماین ڕۆمانی کورتی تاکقارهمانن که به‌و کاره‌کته‌ره‌ی ده‌ست پێ ده‌که‌ن و هه‌ر به‌ویش کۆتای‌یان دێت، که له گوندێکه‌وه ده‌ست پێ ده‌که‌ن، هه‌ر له‌وێش به کۆتایی ده‌گه‌ن. ڕۆمانه‌کانی پشت به خه‌یاڵ ده‌به‌ستن و له بواری به‌گه‌ڕخستنی خه‌یاڵدا، هه‌ر ده‌ڵێت، قوتابییه‌کی لێهاتووی هۆمیرۆس یان دانتییه.
*.
(*) Italo Calvino Den obefintlige riddaren.
(١) إیتالو کالفینو، الفارس الخفی، ترجمه: معن مصطفی الحسون، دار حوران للطباعە ٢٠٠٣ دمشق.
(٢) ماکسێنس فێرمین، سێ ڕۆمان: به‌فر، که‌مانچه ڕه‌شه‌که و هه‌نگوین، وه‌رگێڕانی بۆ فارسی: د. ئه‌حمه‌د سه‌لامه‌ت ڕاد، له فارسییه‌وه بۆ کوردی: ئازاد به‌رزنجی، چاپخانه‌ی ڕه‌نج ٢٠٠٦ سلێمانی.