په‌روه‌رده‌ی ره‌وشت…

سوهه‌یل تاهیر عه‌بدولڵا

زۆر جار په‌روه‌ردكاران، مامۆستایان و ده‌سته‌ی كارگێڕی و ته‌نانه‌ت سه‌رپه‌رشتیارانیش زیاتر ده‌پڕژێنه‌ سه‌ر بابه‌تی زانستی و زانیاری كارگێڕی و به‌دواداچوون له‌ سه‌ر كۆمه‌لێك بابه‌ت كه‌ راسته‌ په‌یوه‌ندی به‌ كاره‌كانیانه‌وه‌ هه‌یه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی لای من گرنگه‌، په‌روه‌رده‌ی ره‌وشته‌.
په‌روه‌رده‌ی ره‌وشت یارمه‌تی منداڵان و گه‌نجان ده‌دات كه‌ كۆمه‌لێك بڕواو به‌های راسته‌قینه‌ی ره‌وشت فێربن و دووركه‌ون له‌ هه‌ڵه‌كانی ژیان، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن له‌و رێگه‌یه‌وه‌ هه‌ڵوێست و نیازه‌كانیان به‌رامبه‌ر به‌ ده‌وروبه‌ر راست و دروست بێت .
په‌روه‌رده‌ی ره‌وشت پرۆسه‌یه‌كه‌ هانی منداڵان و گه‌نجان ده‌دات كه‌ به‌ رێگایه‌كی راست و ته‌ندروست بیر بكه‌نه‌وه‌ و له‌ كاتی گونجاو هه‌ڵسوكه‌وت بكه‌ن له‌گه‌ڵ ئه‌و حاله‌تانه‌ی كه‌ رووبه‌رووی ده‌بنه‌وه‌ .
ئه‌گه‌ر بتوانیین وه‌كو دامه‌زراوه‌ی په‌روه‌رده‌ له‌و رێگه‌یه‌وه‌ كار بكه‌ین ده‌توانیین منداڵان و گه‌نجانی ئێمه‌ دوور بخه‌ینه‌وه‌ له‌و هۆكارانه‌ی كه‌ سه‌قامگیری به‌ها و ره‌وشته‌ به‌رزه‌كان ده‌شێوێنن وه‌ك هه‌ندێ به‌رنامه‌ی تیڤیه‌كان و ئینته‌رنێت و به‌شێك له‌ ده‌زگاكانی راگه‌یاندن .
له‌ رێی به‌رنامه‌یه‌كی تۆكمه‌ به‌ پێی شێوازو رێنمایی ده‌توانیین په‌ره‌ به‌ لایه‌نی په‌روه‌رده‌ی ره‌وشت بده‌ین له‌ رێگه‌ی راهێنانی به‌رده‌وام .
خێزان و دایك و باوكان پشكی شێریان به‌رده‌كه‌وێت له‌ ئاراسته‌ كردنی رۆڵه‌كانیان و نزیك بوونه‌وه‌ له‌ قوتابخانه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی ئه‌رێنی بۆ ئه‌وه‌ی ورده‌كاری ته‌واو له‌ سه‌ر منداڵه‌كانیان بزانن .
ژینگه‌ی قوتابخانه‌ش رۆڵی سه‌ره‌كی ده‌بینێت له‌ گواستنه‌وه‌ی ره‌وشتی به‌رز له‌ رێگه‌ی ته‌واوی بابه‌ته‌كان كه‌ ده‌خوێندرێن له‌ قوتابخانه‌، جگه‌ له‌ كارگێڕی قوتابخانه‌و ئه‌و چالاكیانه‌ی پۆل و ده‌ره‌وه‌ی پۆل و گه‌شته‌ زانستیه‌كان، ئه‌وانیش تا راده‌یه‌كی ئێجگار زۆر رۆڵ ده‌بینن .
قوتابخانه‌كان ده‌توانن له‌ رێگه‌ی په‌روه‌رده‌كردنی قوتابی، به‌ها به‌رزه‌كان له‌ناخی قوتابیان بچێنن و پاداشتی ئه‌و منداڵانه‌ بكه‌ن كه‌ ره‌وشت به‌رزن، هه‌روه‌ها سزای ئه‌وانه‌ بده‌ن كاتێك هه‌ڵه‌ ده‌كه‌ن .
ئه‌وه‌ش وا ده‌كات كه‌ قوتابی پابه‌ند بێت به‌و رێكخستنه‌و رێنماییانه‌ی كه‌ بوونی ده‌بێت له‌ قوتابخانه‌ . و پاشان ئه‌و قوتابییه‌ وای لێ دێت كه‌ ئاماده‌ بێت هه‌ر چالاكییه‌ك ئه‌نجام بدات چ چالاكی تاكه‌ كه‌سی بێت یان چالاكییه‌ك بێت له‌گه‌ڵ هاوڕێكانی بۆ خزمه‌تكردنی كۆمه‌ڵگه‌كه‌ی .
به‌ها كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانیش په‌یوه‌ندی به‌هێزی هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ به‌هاكانی په‌روه‌رده‌یی ئایین یه‌ك یه‌كتر ته‌واو ده‌كه‌ن بۆیه‌، به‌ستنه‌وه‌ی هه‌ردوو چه‌مكی به‌ها په‌روه‌رده‌ییه‌ ره‌وشتییه‌كان و به‌های په‌روه‌رده‌یی ئاینی له‌لایه‌ن مامۆستاكانه‌وه‌، زیاتر كاریگه‌ری ده‌بێت له‌ سه‌ر ئاراسته‌ كردنی قوتابیان به‌ ئاراسته‌یه‌ك كه‌ خزمه‌ت به‌ كۆمه‌ڵگه‌و گه‌ل و نیشتیمان بكات .
ئه‌گه‌ر توانیمان له‌ رێگه‌ی دامه‌زراوه‌ په‌روه‌رده‌ییه‌كان ئه‌و په‌یامه‌ بگه‌یه‌نیین، باوه‌ڕ ناكه‌م له‌ ئاینده‌ هیچ گرفتێكمان هه‌بێت نه‌ له‌ رووی كارگێڕی نه‌ له‌ رووی گه‌نده‌ڵی، نه‌ له‌ رووی لادان له‌ به‌ها پیرۆزه‌كانی نێو كۆمه‌ڵگه‌ .