پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

ململانێکان بەرەو کوێ؟!..

سالار عوسمان

لەم چەند ڕۆژەی دواییدا هەر هەرێمی کوردستان نا، بەڵکو عێراق و ئێرانیش کەوتنە بەر پەلامار، کۆی ڕەوشەکە، کە داپۆشراوە بە گرژی و، گرژییەکانیش نیگەرانیی جفاکی لێکەوتۆتەوە، کە بێگومان باندۆری نەرێنی ئابووریش دەگەڵ خۆیدا دەهێنێت، دەمانگەیەنێتە ئەو قەناعەتەی، کە ململانێکان لە هەڵکشانێکی خێرادان، خێراییەک، کە هێزگەلی گەورەی سیاسی و ئەمنی لە پشتەوەیە، چونکە هەم پەلامارەکان گەورەن، هەم ڕوویان لە جوگرافیا و ئارمانجی گەورەیە، بۆیە دەبێ دڵنیابین لەوەی، کە هێزی گەورە یاریەکە دەکەن و شیمانەی ڕووداوی گەورەش لە ئارادایە.
عێراق و ناوچەکە، بە هەرێمی کوردستانیشەوە ناوچەیەکی جیهانیین، جیهانی بەو مانا و تێگەیشتنەی، کە وڵاتان، مەبەستم وڵاتە بەهێزەکانە، بێگومان بە ئێران و تورکیاشەوە، ڕۆڵگێڕن تیایدا، کارەکتەرن و لەنێو بویەرەکاندا جولەیان هەیە، کە مەرج نییە هەمووجار جولەکانیان وا بکەوێتەوە، کە چاوەڕێ دەکرێت!..
لێرەدا دەمەوێت هەڵوەستەیەک بکەین: هەڵوەستەی ئەوەی، کە هەرێمی کوردستان دەبێ بە گومانەوە لە ڕووداوەکان بڕوانێت، واتە سێرە لە چاوەڕواننەکراوییش بگرێت، چونکە:
ـ لە عێراقدا سەرچاوەکانی هێز لە دەست دەوڵەت و یاسادا نییە، هێزگەلی نادەوڵەتیی لەیاسادەرچوو هەن و هەڕەشە دەکەن، پەلامار دەدەن، فیتنە دەنێنەوە و خۆیشیان لە سەرووی یاساوە و دەوڵەتەوە دەبیننەوە.
ـ هەرێمی کوردستان لەنێوخویدا ناتەبایە، یەکدەنگ و یەکهەڵوێست نییە، تەنانەت لە پرسی دیفاعکردن لە ئەزموونەکەی، لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و دامەزراوە شەرعییەکانیشی، ئەمەش بۆتە هۆی ئەوەی، کە بڵێین: (گومان لەم قۆناغەدا ڕەوایە!..)، تایبەت بە خوێندنەوە بۆ پەلامارەکانی ئەم دواییە و ڕەفتارەکانی عێراق دەرهەق بە هەرێمی کوردستان، دامەزراوەکانی، دەرهەق بە ماف و مووچە و ژیانی هاوڵاتییەکانی، کە هەرگیز هیچ دەوڵەتێک ئاوا لە هاوڵاتییەکانی ناکات!..