پێگەی کوردستان لە پیلانی دوژمنان بەهێزترە

شێرکۆ حەبیب

لە ماوەی چەند ڕۆژی رابردوو چەند ڕووداوێک ڕوویان دا، هێڕشکردنە سەر بارەگایەکی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان نزیک هەولێر، و بڕیاری کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و هێرشکردنی هێزەکانی ئەمریکا بۆ بارەگاکانی حەشد، لە بەغدا دوای ئەوەی حەشد و میللیشایەکان هێزەکانی ئەمریکایان بۆمباران کرد، بێگومان ئەو هێڕشانە لەو ڕوانگەوە دێت بۆ ئەوەی فشار بخەنە سەر هێزەکانی ئەمریکا کەوا لە عێراق بە تەواوی نەمێنن، بەتایبەتی دوای ئاڵۆزییەکانی غەزە، لە ڕاستی ئەو میللیشیانەی عێراقی شەڕی بە وەکالەت دەکەن و دەیانەوێت عێراق ئارام و سەقامگیری بەتەواوی لە دەست بدات. هەر چەندە ئیستا عێراق لە لایەن وڵاتێکی ئیقلیمی کۆنترۆڵ کراوە و تەنانەت نیمچە ئارامیش نییە. سەبارەت بە کوردستانیش و ئەو هێڕشە درۆنیانە ڕوون و ئاشکرایە بە هیچ شێوەیەک مەبەست هێزەکانی بیانی نییە، بەڵکو تێکدانی ئارامی و سەقامگیری و پێکەوە ژیانە لە کوردستان هەروەها دروستکردنی دڵەڕاوکێ لە نێوان هاووڵاتیان و کۆمپانیە بیانیەکان. ئەوەی جێگای سەڕسوورمانە هێڕشکردنە سەر بنکەیەکی حشد سەرۆک وەزیران و وەزارەتی دەرەوەی هێنایە دەنگ و بەبەزاندنی سەروەریی عێراق هەژماریان کرد، بەڵام ڕۆژانە کوردستان کە تا ئیستا بەشێکە لە عێراق، هێڕشی دەکرێتە سەر لەلایەن ئەم دەوڵەت و ئەو دەوڵەت و میللیشیەکان ئاساییە و بەزاندنی سەروەری عێراق نییە و ئەگەری ئەوەی هەیە وەک کاتی ڕژێمی پێشوو کە دڕندارترین هێڕشی کردە سەر کوردستان بە بابەتیکی ناوەخۆ باسیان دەکرد، ئیستاش هەمان بۆ چوون دووبارە دەبێتە میللیشیەکان هێرش دەکەن ئەوە بابەتێکی ناوخۆیە، ئەمەش سیاسەتی دژایەتیی کورد دووپات دەکاتەوە هەروەک برینی بودجە و چەندین بابەتی تر.
ئەنجام نەدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان هەمدیس دەچێتە نێو بابەتی دوژمنایەتیی کوردستان، بەتایبەتی دوای بڕیاری دادگای باڵای ئیتحادی بەدواخستنی ئەو داوایەی پێشکەشی کراوە هەر چەندە ئەو دادگایە بڕیارەکانی دژ کورد بەڵام ئەو داویەش کە لە لایەن لایەنێکی کوردی پێشکەش کراوە دژی بەرژەوەندی کوردستانە، نەکردنی هەڵبژاردنی پەرلەمان وەنەبێت هەر ویستی نەیارانی دەرەکی بن، بەڵکو لە نێو لایانە کوردستانیەکانیش ئەو بۆ چوونە هەیە هەر لەساتە وەختی کۆتا هاتنی ماوەی پەرلەمان لەگەڵ ئەنجامدانی هەڵبژاردن نەبوون، بەڵام لە ڕاگەیاندنەکان وایان نیشان دا کە ئەوان لەگەڵ هەڵبژاردنن و پارتی دیموکراتی کوردستان دژە، لە کۆتاییدا ڕوون بۆوە بۆ خەڵکی کوردستان کەوا پارتی تاکە حزبە سوورە لەسەر هەڵبژاردن و قەبووڵکردنی ئاکامەکەی چونکە پارتی حزبێکە لەسەر بنەمای دیوکراسی و پێکەوە ژیان دامەزراوە، هەر بۆیەش دەبینین نەیارەکان ڕووی تیرەکانتان ئاراستەی پارتی دەکەن.
ئەمڕۆ کوردستان بە بارودۆخێکی هەستیار دا تێدەپەڕێت ئەوانەی دوژمنان و نەیاران باوەشیان بۆ کردۆنەتەوە بۆ مەرامی تایبەتی و جێ بەجێکردنی پلانەکانیانە دژ بە کوردستان، بۆیە گرنگە باوەش بۆ یەکدی بکەنەوە و هەموو ناکۆکییەکان وەلاوەنێن و ئەگەر یەکڕیزی و تەبایی هەبێ پێگەی کوردستان لە پلانی دوژمنان بەهێزترە.