حەمەسەعید حەسەن
ئه‌وه زۆر سه‌یره، کاتێک ئه‌وانه‌ی له ژیانی ڕۆژانه‌یاندا وه‌ک عه‌وام ده‌په‌یڤن، له ڕۆماندا وه‌ک هه‌ڵبژارده بدوێن. ئایا ده‌کرێت بڵێین نووسه‌ر هیچ ده‌سه‌ڵاتی به‌سه‌ر کاره‌کته‌ره‌کانیدا ناشکێت و ئه‌وه ئه‌مه گوێڕایه‌ڵی ئه‌وانه، نه‌ک ئه‌وان گوێرایه‌ڵی ئه‌م بن. ئه‌وه مشت‌ومڕ هه‌ڵناگرێت که له ڕوانگه‌ی خوێنه‌ره‌وه، ئه‌وه نووسه‌ره که شێوازی ژیان، چۆنیه‌تیی ئاخاوتن، باری ده‌روون، جۆری بیرکردنه‌وه و ته‌نانه‌ت چاره‌نووسی کاره‌کته‌ره‌کانیشی دیاری ده‌کات. ئه‌دی ئه‌وه هه‌ر نووسه‌ر نییه که ئه‌م کاره‌کته‌ری به کوشت ده‌دات و ئاینده‌یه‌کی گه‌ش بۆ ئه‌وی دیکه‌یان دابین ده‌کات؟ ئاوی بابه‌تی نووسه‌ری ڕاسته‌قینه، له سه‌رچاوه‌ی خودی خۆیه‌وه هه‌ڵده‌قوڵێت، ئه‌وه بۆیه جه‌لاله‌دینی ڕۆمی له (سروودی نه‌ی)دا ده‌فه‌رموێت: (من نهێنیم دوور له ڕوانینم نییه.)(*) ئێمیل سیوران پێی وایه، ئه‌و ڕۆماننووسه‌ی بانگه‌شه بۆ ئه‌وه بکات که ئازادیی ته‌واو به کاره‌کته‌ره‌کانی ده‌به‌خشێت و لێیان ده‌گه‌ڕێت چی ده‌خوازن، بیکه‌ن و چی‌یان ده‌وێت، بیڵێن، له‌و سۆفییه ده‌چێت که ئه‌گه‌ر بتوانێت خوداوه‌ند بەجێ ده‌هێڵێت و هێنده لێی دوور ده‌که‌وێته‌وه، ده‌گاته شوێنێک که ئیدی توانای نوێژکردنی نامێنێت.
لایه‌نێکی جوانی (کۆشکی باڵنده غه‌مگینه‌کان) ئه‌وه‌یه، نووسه‌ر وێنه‌ی کاره‌کته‌ره‌کانی له گۆڕاندا ده‌کێشێت، ئه‌وه نییه به‌هۆی ساڵانی سه‌فه‌ره‌وه، ئه‌گه‌ری ئه‌وه هه‌یه ئینسان له چه‌قۆکێشه‌وه، ببێته که‌سێکی دژه زه‌بروزه‌نگ و هه‌ستناسک. (مرۆڤ که به جیهاندا گه‌ڕا، ناتوانێت که‌س بکوژێت، که وات لێ هات مردنی باڵنده‌یه‌ک ئازارت بدات، ئیدی حورمه‌تی ژیانی تریش ده‌گریت. ل٢٠٠) یان: (ئه‌و هه‌موو ساڵانه‌ی سه‌فه‌ر، فێری کردم ڕق به ته‌واوه‌تی له خۆمدا بکوژم. ل٢٣٦) گێڕانه‌وه به جێناوی بزر، وا ده‌کات خوێنه‌ر نووسه‌ری پێ که‌سێکی بێلایه‌ن بێت، وه‌لێ هانابردن بۆ که‌سی یه‌که‌م، ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی خوێنه‌ر وا تێبگات، نووسه‌ر به‌سه‌رهاتی ژیانی خۆی ده‌گێڕێته‌وه. خه‌وشێکی ڕۆمانه‌که ئه‌وه‌یه، گه‌لێک جار گێڕه‌ره‌وه‌ی هه‌مووشتزان که که‌سێکه سه‌ر به گرووپی (مه‌نگوڕ)ی چه‌قۆوه‌شێن، وه‌ک ڕۆشنبیرێک ده‌په‌یڤێت.
وه‌ک چۆن له دوای هه‌ر گه‌وره‌پیاوێکه‌وه، ته‌ڵاژنێک هه‌یه، له دوای هه‌ر قه‌لپیاوێکیشه‌وه به‌ڵاژنێک هه‌یه. (ژن له جاڵجاڵۆکه ده‌چێت و پیاو وه‌ک مار وایه. ژن له جێی خۆی داده‌نیشێت و چاوه‌ڕێی نێچیر ده‌کات، هه‌ر که په‌یدابوو، توند توند ده‌یگرێت و ئیدی هه‌رگیز به‌ری نادات. پیاو وه‌کوو مار به دوای نێچیردا ده‌گه‌ڕێت، هه‌ر که تووشی هات، پێوه‌ی ده‌دات.) سه‌وسه‌ن فیکره‌تی قاره‌مانی ڕۆمانی (کۆشکی باڵنده غه‌مگینه‌کان)ی به‌ختیار عه‌لی، ڕه‌نگه ته‌ڵاژن بێت، وه‌لێ له‌و جۆره ژنانه‌یه که شێوازی ڕاویان له هی جاڵجاڵۆکه ده‌چێت.
ئیشی ده‌ستوپێوه‌ند ئه‌وه‌یه درۆ بۆ پاشا بکات، نه‌ک ڕاستییه‌کانی پێ بڵێت، ئیشی ئه‌وه‌یه شتی لێ بشارێته‌وه، نه‌ک شتی بۆ ئاشکرا بکات. ڕۆماننووس ڕاستی ده‌ڵێت، درۆ ناکات، نهێنییه‌کان ئاشکرا ده‌کات، به‌ردیان له‌سه‌ر دانانێت، هەرچەندە به دارستانێک له سانسۆر ئابڵووقه دراوه، له‌وانه: سانسۆری سیاسی، سانسۆری ئایینی و سانسۆری دابونه‌ریت. کاری ڕۆماننووس له وڵاتێک‌دا که فه‌توا له‌سه‌روو یاساوه بێت، که ئایین و ده‌وڵه‌ت هاوسه‌نگه‌ر بن، که خێڵ له‌سه‌روو نیشتمانه‌وه بێت، که په‌رله‌مان له‌بری ئه‌وه‌ی چاودێریی ده‌سه‌ڵات بکات، له خزمه‌تیدا بێت و سه‌نگه‌ر له گه‌ل بگرێت، ئه‌وه‌نده سه‌خته، وه‌ک به‌گژ مه‌حاڵدا چوونه‌وه وایه. به‌ختیار عه‌لی له (کۆشکی باڵنده غه‌مگینه‌کان)دا، (که ڕۆمانێکه پێمان ده‌ڵێت: ئه‌وه سه‌فه‌ره فێرمان ده‌کات، دژی شه‌ڕ بوه‌ستینه‌وه،) ڕاستییه‌کانی به خوێنه‌ر گوتووه و به‌رانبه‌ر به کاری خۆی وه‌ک ڕۆماننووسێک به‌وه‌فا بووه. (ئه‌گه‌ر ده‌خوازیت بژیت، سه‌فه‌ر بکه!) ئه‌وه گوته‌یه‌کی به‌ناوبانگی ناسراوترین نووسه‌ری دانمارک (هانس کریستیان ئه‌نده‌رسن)ه (١٨٠٥ – ١٨٧٥) چونکه به‌هۆی سه‌فه‌ره‌وه له مانای ژیان تێده‌گه‌ین، ڕه‌نگه ئه‌وه‌ی ئه‌نده‌رسن به ڕسته‌یه‌ک گوتوویه‌تی، به ڕۆمانێکیش هه‌ر هێنده بگوترێت.
() جه‌لاله‌دینی ڕۆمی و سروودی نه‌ی، ئه‌حمه‌د تاقانه، ل٢٩ ده‌زگای ئاراس، چاپی دووه‌م ٢٠٠٨ هه‌ولێر. (*) به‌ختیار عه‌لی، کۆشکی باڵنده غه‌مگینه‌کان، ٢٠٠٩ چاپخانه‌ی کارۆ. (شوێنی چاپی له‌سه‌ر نییه.) (له نموونه‌کاندا ڕێنووسم بۆ ڕاست کردووه‌ته‌وه.)