ئیدی تەمەن بایی چاککردنەوەی دڵێکی ڕەنجاوی بە بەرەوە نەماوە!

ئازاد جندیانی

چەند ڕۆژێکە بیرئەکەمەوە، کە بۆنەی نوێ بوونەوەی ساڵی زاینی بکەمە بیانوێک بۆ دەربڕینی بیرۆکە و بۆچوونێکی کەسیی خۆم، کە جیاوازە. هەرچەندە لە کۆتا ڕۆژەکانی ساڵی (٢٠٢٣)دا ڕووداوگەلی سیاسی و ئاسایشی مەترسیدار و هەڕەشەکەر بۆ سەر کوردستاندا هەبوون، نوێترینیان هێڕشە درۆنیەکەی داگیرکەران و چڵکاوخۆرانیان بوو بۆ سەر پێشمەرگە لەنزیک شارۆچکەی پیرمام، کە ئەبێ ڕسوابکرێن، بەڵام وێڕای ئەوەش هەر ڕژد بووم کە ئەمڕۆ لەبابەتێکی تر بدوێم و تەنیا نیوسەعاتێک لە گۆشەنیگایەکی ترەوە بڕوانمە هاتن و ڕۆیشتنی ساڵەکان .
بەپێی ژمارەکان، بەر لە نیومانگ تەمەنم ژمارەیەکی تریش هەڵکشاو چوومەتە ناو تەمەنی شەست و هەشت ساڵییەوە، زۆر لە کەس و دۆستان و خۆشەویستان و هاوسەر و کوڕەکەم و کچەکانم بۆ دڵدانەوەی من ئەڵێن: ”جا تەمەن چیە؟ هەر ژمارەیە و هیچی تر نا”
مۆڵەتێک لە ماتماتیکزانان و بایەلۆژیزانان وەرئەگرم و منیش ئەڵێم: خۆ هەر بە ڕاست، وای لێ تێ ئەگەم، کە ئەوەی هەبووە و هەیە و هەر بەردەوامیش ئەبێ، ململانێی نێوان هەڵکشان و داکشانێکی بایەلۆژی ئەو دیاردەیەیە کە بە (تەمەن) ناودێرکراوە، بەڵام سەرەڕای ئەوەش ئەو ڕاستییە ناشاردرێتەوە کە ئەگەرەکانی توانا و کارابوونی مرۆڤەکانیش لەهەڵکشان و داکشان دائەبێ ”ئەم لێکدانەوەیە زیندەوەر و هەموو گیاندارەکانیش ئەگرێتەوە” مەبەستم نییە وتارێکی زانستی لەو بارەیەوە بنووسم کە هەرگیز پسپۆڕی من نییە و کەمەخوێندن و خوێندنەوەیەک و ئەزموونی سرووشتی خۆمی لێ دەرچێ هیچی تری لێ نازانم، بەڵام ویستم ئەمەی خوارەوە وەک هۆشیاریدانێکی توندو ڕوون بە کەسە هەرە نزیک و بە هاوڕێکانیشم بدەم و بەر لە چەند ڕۆژێکیش لە ناوخێزانەکەی خۆمدا باسم کردووە :
لەو تەمەنەی ئێستای مندا، کە ڕابووردووێکی نزیک لە سێ چارەکە سەدەیە، هەزاران کەسم خۆشویستوون و دۆستایەتی هەزارانیشم کردووە، بێگومان ئەوانەی ڕاستەوخۆش لێیان تووڕەبوومە یاخۆ لێم تووڕەبوون، لێم ڕەنجابن یان من بمڕەنجاندبن یانەکینێ ئەوان منیان ڕەنجاندبێ، کەم نەبوون چونکە لەدەیان کەس کەمتر نەبوون، بەتایبەت لە ژیانی دوور و درێژ و سەختی کوردایەتی خۆم و ماڵباتەکەمدا، تایبەتتریش لە سۆنگەی قۆناخە سەخت و ئاڵۆز و تووشەکانی ململانێی سیاسی زبر و نەرمی کوردستاندا و هەروەها لە ناو ژینگەی کۆمەڵایەتی پڕ لە وەرچەرخان و بەیەکدا هەڵشاخانی نەوەکانی کوردەواری شار و لادێش. بەڵام چونکە ئەوسا تەمەن هەمیشە بە بەریوە مابوو، فریا ئەکەوتم لەگەڵ دڵە ڕەنجاوەکاندا تەبایی و ئاشتبوونەوە وەدیبهێنم، بەڵام ئێستا کە تەمەن پتر هەڵکشاوە و مرۆ وائەبینێ، کە ئیدی دەرفەتی ئەوە کەم بۆتەوە و هەرکەم و کەمتریش ئەبێتەوە کە فریای چاککردنەوەی ڕۆحە ڕەنجاوەکان بکەوم، ئەمە جگەلەوەی کە ئیتر هێندەی ماومە لەژیاندا خۆم نەزری پرسی سەربەخۆیی کردووە، کە ئەو پرسەش وا ئەخوازێ هیچ دڵێک و هیچ ڕۆحێکی کوردەواریم لێ نەڕەنجێ، کە بەو ئاراستەیەدا نەرم یان خێرا هاوڕێگەمن و هاوڕێگەیانم. بۆیە تکام لە هەمووانە، نەخاسمە لە کەسە نزیکەکانم کە تەواو هاوکارم بن، چونکە ژیانی داهاتووم زۆر یان کەم و هەرچەندێک بێت بایی ئەوە ناکا دڵێکی ڕەنجاو چاک بکاتەوە، چونکە وەک لەسەرەوە ووتم من وەکو هەزارانی تر، هەموو وەختێکم نەزری کۆکردنەوەی هەمووانە لەکاروانی سەربەخۆییدا .

ھەواڵی زیاتر