خوێندنه‌وه‌یه‌ك بۆ بابه‌تێكی ئه‌كادیمی

ئه‌سعه‌د عه‌دۆ

له‌دوا ژماره‌ی گۆڤاری ئه‌كادیمیای كوردی ژماره‌(57) لاپه‌ڕه‌( 419 – 456)به‌ڕێزان پ . ی . د . دڵشاد محمود عبدالرحمن و هاوكار محمد توێژینه‌وه‌یه‌كی هاوبه‌شیان به‌ناونیشانی(رۆڵی پارتی دیموكراتی كوردستان / سه‌ركردایه‌تیی كاتی له‌سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی خه‌باتی چه‌كداری له‌ باشووری كوردستاندا(1976 – 1979)بڵاوكردۆته‌وه‌
كاتێ له‌ خوێندنه‌وه‌ی توێژینه‌وه‌كه‌ ته‌واو ده‌بیت هه‌ست به‌ ماندوبونی توێژه‌ران ده‌كه‌یت بۆیه‌ لێره‌وه‌ ده‌ستخۆشیات لێده‌كه‌م به‌و‌ ئومێده‌م نمونه‌یان زۆر بێت، له‌ روانگه‌ی كاره‌كه‌ماندا به‌نده‌و هاوكارم كاك زاهیر رۆژبه‌یانی یه‌كه‌م كه‌سین له‌سه‌ر پێشنیاری هێژا مسعود بارزانی له‌ ئایاری ساڵی(1993) له‌سه‌ر لاپه‌ڕه‌كانی رۆژنامه‌ی(برایه‌تی)ته‌وه‌ری نووسینه‌وه‌ی مێژووی شۆڕشی گوڵان ده‌ست پێكرا !
دوابه‌دوای ئه‌وه‌ به‌نده‌ به‌ ته‌نیا له‌ خوێندنه‌وه‌و نووسینه‌وه‌ی ئه‌و مێژووه‌و هه‌ر كتێبێك په‌یوه‌ندی به‌و بابه‌ته‌وه‌ هه‌بوبێت به‌رده‌وام بووم، سه‌ره‌تا چاوپێكه‌وتنمان ده‌گه‌ڵ رێزداران : عه‌لیكۆ حاجی ئۆمه‌رانی، فڕه‌نسۆ هه‌ریری، كریم شنگالی، مسته‌فا نێروه‌یی، یونس رۆژبه‌یانی، دكتۆر كمال كركوكی كردبوو،
له‌ 27/2/1995 له‌(مه‌لا ئۆمه‌ر)چاوپێكه‌وتنێكی دوورودرێژم له‌ گه‌ڵ پێشمه‌رگه‌ی هه‌ردوو شۆڕشی مه‌زنی ئه‌‌یلول و گوڵان محمد خالید بۆصە‌ڵی كرد كه‌ ئه‌وكات له‌ گۆڤاری(گوڵان) بڵاوكرایه‌وه‌، هه‌روه‌ها له‌ 16/2/2019 چاوپێكه‌وتنم له‌گه‌ڵ كاك عبدالرحمن محمد مستۆ گوندكی كرد، كه‌ خه‌ڵكی شڕناخ (گوندكێ مه‌لێ)یه‌،
له‌ 21/5/2021 چاوپێكه‌وتنم له‌گه‌ڵ كاك عادل حجی قادۆ كه‌ یه‌كێك بوه‌ له‌و گه‌نجانه‌ كه‌ له‌ ئایاری ساڵی(1975) له‌گه‌ڵ به‌ڕێزان ابو عه‌نته‌ر، ابو نوال، سید حسن نێردراون بۆ ناو كۆچه‌ریه‌كان له‌دوای ئه‌ویش له‌ 20/6/2021 چاوپێكه‌وتنم له‌گه‌ڵ سه‌یدا عبدالرحمن پێداوی ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی قیاده‌ موه‌قه‌ته‌ كرد، كه‌ به‌ میلازم سه‌ربه‌ست ناسرابوو، دوا چاوپێكه‌وتنم له‌ گه‌ڵ كاك سیامه‌ند به‌ننا بوو له‌ 21/11/2023
ئه‌و هه‌موو چاوپێكه‌وتنانه‌و خوێندنه‌وه‌و به‌راوردكردنم له‌گه‌ڵ دوو كتێبی مه‌لا به‌ختیار یاخیبوون له‌ مێژوودا(1993)و، شۆڕشی كوردستان و گۆڕانكاریه‌كانی سه‌رده‌م(1998) هه‌روه‌ها كتێبه‌كه‌ی نه‌وشێروان مسته‌فا له‌ كه‌ناری دانوبه‌وه‌ بۆ خڕێ ناوزه‌نگ له‌گه‌ڵ بیره‌وه‌ریه‌كانی سه‌ید كاكه‌ كه‌ له‌ ساڵی(1997) چاپكراوه‌، وه‌ك كتێب له‌ژێر ناونیشانی(مێژووی سه‌ره‌تای شۆڕشی گوڵان 26/5/1976 بۆ دووه‌مجار ده‌سته‌ی ئینسكلۆپیدیای پارتی دیموكراتی كوردستان له‌(2021) چاپكراوه‌ته‌وه‌
له‌ لاپه‌ڕه‌ی(429)گۆڤاری ئه‌كادیمیادا، توێژه‌ران باس له‌ یه‌كه‌م مه‌فره‌زه‌ی سه‌ره‌تایی ده‌كه‌ن كه‌ گوایه‌ ژماره‌یان(22)پێشمه‌رگه‌ن، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ ژماره‌(1653) له‌24/5/1993 رۆژنامه‌ی برایه‌تی ده‌ست نیشان ده‌كه‌ن بێ ئه‌وه‌ی نێوی نووسه‌ره‌كه‌ بێنن كه‌(به‌نده‌یه‌) یان ناوی ئه‌و كه‌سه‌ بێنن كه‌ چاوپێكه‌وتنی له‌گه‌ڵ كراوه‌و قسه‌كان ده‌كات(عه‌لیگۆ حاجی ئۆمه‌رانی)، ئینجا نموونه‌ی به‌شداربوێكی مه‌فره‌زه‌كه‌(شێم حه‌مه‌د) ده‌نووسن كه‌ به‌هیچ شێوه‌یه‌ك له‌و سه‌رچاوه‌یه‌دا نێوی نه‌هاتوه‌ !
توێژه‌ران به‌هیچ شێوه‌یه‌ك باس له‌ شێوه‌و چۆنیه‌تی دامه‌زراندنی ئه‌و مه‌فره‌زه‌یه‌ ناكه‌ن ته‌نیا باس له‌ ئاكامی ئه‌و هه‌نگاو وسیاسه‌تانه‌ی حكومه‌تی عێراق و گوشاریان خستۆته‌ روو،
ئه‌وه‌ی مافی خه‌ڵك له‌ خه‌باتكردندا نه‌فه‌وتێ له‌ روانگه‌ی ئه‌و زانیارانه‌ی من به‌تایبه‌ت له‌سه‌ر گێڕانه‌وه‌ی فڕه‌نسۆ هه‌ریری ده‌ڵێ : له‌ رۆژانێكی پایزێكی دره‌نگی ساڵی(1975) بارزانی نه‌مر له‌كاتی سه‌ردانكردنی بۆ سه‌ر گۆڕی شێخ بابۆ، فه‌رمووی ئه‌گه‌ر ده‌توانیت به‌ناوی منه‌وه‌ خه‌به‌رێك بده‌ سید عبدالله‌ و عه‌لیكۆ ئه‌گه‌ر بۆیان ده‌كرێ چه‌ند كه‌سێك ئاماده‌ بكه‌ن و له‌سه‌ره‌تای به‌هار كه‌ وایلێهات بتوانن له‌ده‌ره‌وه‌ ئیداره‌ بكه‌ن بێنه‌ ده‌ره‌وه‌، له‌ده‌وروبه‌ری قه‌ندیل خۆیان حه‌شار بده‌ن بۆ ئه‌وه‌ی ده‌نگی به‌رگریكردن بڵاوبێته‌وه‌ شتێكی زۆر چاك ده‌بێ، منیش ناردم به‌دوای مینه‌ كووپه‌ كه‌ له‌ خانێ بوو ئه‌ویش قسه‌كانی بۆ سید عبدالله ناردبوو له‌وه‌ڵامدا سید گوتبوی : ده‌مێك بوو چاوه‌ڕوانی ئه‌وجۆره‌ ته‌كلیفه‌ بوین فه‌رمانی بارزانی له‌سه‌ر سه‌رمان،
واته‌ دورستبوونی یه‌كه‌م مه‌فره‌زه‌ی سه‌ركردایه‌تیی كاتی‌ له‌ هه‌رێمی سۆران، له‌سه‌ر فه‌رمانی بارزانی نه‌مر بوه‌، به‌ڵام زۆر به‌داخه‌وه‌ ئه‌و ناكۆكیی و دڕدۆنگیه‌یه‌ی نێوان پارتی و یه‌كێتی گه‌یشتۆته‌ ئه‌و ئاسته‌ شه‌ڕ له‌سه‌ر هه‌موو شتێك بكرێ ! بۆیه‌ ئه‌و براده‌ره‌(مه‌لا شێمحه‌مه‌د حاجی ئۆمه‌رانی )له‌دوای‌ ته‌وه‌ری ئێمه‌دا به‌ سه‌رپه‌رشتی كاك ممتاز حیده‌ری كتێبێكی به‌چاپ گه‌یاند ته‌نیا بۆ ئه‌وه‌ی بڵێ ئه‌و مه‌فره‌زه‌یه‌ سه‌ر به‌ سه‌ركردایه‌تیی كاتی نه‌بوه‌ و باس له‌ دانیشتنی له‌گه‌ڵ هێندێ سه‌ركرده‌ی یه‌كێتی ده‌كات، یان هێندێ ناوی شوێنه‌كانی ئاڵوگۆڕ كردوه‌ به‌ نموونه‌ : عه‌لیكۆ گوتویه‌تی : له‌ زینی گه‌زگه‌كی ئه‌و ده‌ڵێ : له‌ دۆڵه‌ زه‌وی ! بێ ئه‌وه‌ی بزانن خودی سه‌ركرده‌كانی یه‌كێتی له‌ نووسینه‌وه‌ی مێژووی خۆیاندا نووسیویانه‌ كه‌ یه‌كه‌مین مه‌فره‌زه‌ی ئه‌وان له‌ سۆران له‌ 26/6/1976 به‌ به‌رپرسی خوله‌ كه‌شكۆڵ پێكهێنراوه‌و یه‌كه‌مین شه‌هیدی شۆڕشی نوێ له‌ 16/10/1976 فاتح شێخ حیدر بوه‌
نه‌وشێروان مسته‌فاش له‌ هه‌مان‌ سه‌رچاوه‌دا ده‌ڵێ : به‌بۆنه‌ی تێپه‌ڕبونی یه‌ك ساڵ به‌سه‌ر دامه‌زراندنی یه‌كێتی واته‌ له‌ 1/6/1976براده‌رانمان كه‌ ژماره‌یان(37) پێشمه‌رگه‌ بوون وه‌ك چوار مه‌فره‌زه‌(برایم عه‌زۆ، عیزه‌ت شنگالی، عه‌مه‌ر برایم رشید، جبار ملا غنی) له‌نزیك رووباری هیزڵ په‌ڕینه‌وه، له‌ 15/7/1976 به‌ ده‌ستی قیاده‌ موه‌قه‌ته‌ ده‌كوژرێن !‌ به‌مه‌زنده‌ی من زۆر به‌ پێویستی ده‌زانم ئه‌م وورده‌كاریانه‌ی نێو نووسینه‌وه‌ی مێژوو راست بكرێته‌وه‌ چونكه‌ له‌و به‌رواره‌دا یه‌كێتی له‌روانگه‌ی مێژووی نوسراویاندا مه‌فره‌زه‌یان له‌ شاخدا نه‌بوه‌ !
بۆ زیاتر زانیاری مه‌فره‌زه‌كه‌ی حاجی ئۆمه‌رانیان ژماره‌یان(23) پێشمه‌رگه‌ بوون كه‌ لیستی فه‌رمی ئه‌و مه‌فره‌زه‌یه‌ له‌ كتێبه‌كه‌مدا لاپه‌ڕه‌(37 – 38)دا، هه‌یه‌ كه‌ له‌ كاك احمد بارزان علیكۆ وه‌رگیراوه‌، هه‌روه‌ها به‌ فه‌رمی سه‌ید عبدالله‌ بوه‌ته‌ یه‌كه‌م شه‌هیدی شۆڕشی گوڵان كه‌ له‌و شه‌وه‌دا شه‌هید ده‌كرێ و به‌ڕێزان : نه‌بی موراد و علی مه‌لا محمد بریندار بوون
لاپه‌ڕه‌ (431) له‌سه‌ر سپاردنی ئه‌ركی سه‌رپه‌رشتیاری …. كاتێ ئه‌و لاپه‌ڕه‌یه‌م خوێنده‌وه‌ له‌سه‌ر ئه‌ركه‌كان و گه‌ڕانه‌وه‌ی هه‌ڤاڵان ‌تێكه‌ڵاوی و پاشوپێش هاته‌ به‌رچاوان ! راسته‌ له‌ لاپه‌ڕه‌كانی دیكه‌ ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ سه‌ربابه‌ته‌كه‌ به‌ڵام هه‌موو خوێنه‌رێك ئه‌و سه‌لیقه‌ی نیه‌ ده‌نكه‌ ته‌سبیحه‌كان رێك بخاته‌وه‌، بۆ خودی خۆم له‌و بابه‌تانه‌دا زۆر گرنگی به‌ به‌رواره‌كان و كێ سه‌ره‌تا هاتۆته‌ مه‌یدان كه‌ی و چۆن ! راسته‌ له‌و دانیشتنه‌دا كوردستان به‌سه‌ر دوو هه‌رێمدا بادینان یه‌ك كه‌ به‌ڕێزان : سلیم سۆران(جوهر نامیق)وحسن شنگالی(كریم سنجاری)بۆی دانراون، سۆران دوو سه‌ره‌تا به‌ڕێزان حمه‌ ره‌زاو عارف ته‌یفوور دانرابوون به‌ڵام له‌كاتی وه‌رگرتنه‌وه‌ی مۆری هه‌رێمی دوو ده‌ستگیر ده‌كرێن بۆیه‌ له‌بری ئه‌واندا دكتۆر كمال كركوكی و چه‌ند هه‌ڤاڵێكی دیكه‌ وه‌ك ئه‌ندامانی هه‌رێم داده‌نرێن، هه‌رچه‌نده‌ له‌پێش ئه‌واندا شێخ عه‌ریز خۆی له‌ ئه‌شكه‌وتێك له‌پشت گوندی(یاخیان)حه‌شاردابوو ! ده‌رباره‌ی یه‌كه‌م به‌یاننامه‌ی سه‌ركردایه‌تیی كاتی به‌ مه‌زنده‌‌ی من پێویست بوو باس له‌ زمانی به‌یاننامه‌كه‌ بكرابوایه‌ له‌دواییدا كێ وه‌ریگێڕاوه‌ ! چونكه‌ ئه‌و شتانه‌ بۆ مێژوو كاری چاكن ! ده‌رباره‌ی چوونی به‌ڕێزان جوهر نامیق و كریم سنجاری له‌ 10/12/1975 به‌ هاریكاری رێزدار ئه‌سعه‌د خۆشه‌وی له‌ گوندی(عه‌مبێ) به‌ره‌و كوردستانی باكوور ده‌ڕۆن كه‌ له‌دواییدا ده‌گه‌نه‌ گوندی سه‌نێ نزیك میدیات ماوه‌یه‌كیش ده‌چنه‌ گوندی مه‌لێ نزیك شرناخ تا ده‌گه‌نه‌ گوندی بێرمان
هه‌روه‌ها توێژه‌ران دوورونزیك باسی ئه‌وه‌ ناكه‌ن كه‌ له‌ ساڵی(1977) ژماره‌ی پێشمه‌رگه‌كان و چاڵاكیه‌كانیان زۆر ده‌بێت بۆیه‌ هه‌رێمی بادینان ده‌بێته‌ دوو، نوێكه‌ باره‌گای له‌(بێداڤ) ده‌بێت و كاك عبدالرحمن پێداوی(ملازم سه‌ربه‌ست)ده‌بێته‌ به‌رپرس
توێژه‌ران له‌ لاپه‌ڕه‌ی(442)باس له‌ هێرشی سوپا دڕنده‌كه‌ی عێراق بۆ سه‌ر ناوچه‌ی سۆران له‌ سه‌رگه‌لۆ، ماوه‌ت، دووكان، دۆڵی شه‌هیدان، زارگه‌لی، وه‌ڵزێ ده‌كه‌ن به‌ شه‌ڕی بێلمبیرێ ده‌یبه‌ستنه‌وه‌ بۆ خوێنه‌ر روون نه‌بۆته‌وه‌ كه‌ چ هۆكارێكه‌ ؟! ده‌توانرا باس له‌ داستانی شارستێن بكرێت یان ئه‌و چاڵاكیانه‌ی قیاده‌ موه‌قه‌ته‌ له‌ ده‌وروبه‌ری سلێمانی كه‌ زۆر به‌ ووردی له‌ بیره‌وه‌ریه‌كانی كاك فازیل ره‌ئوف باسكراون
له‌ كۆتاییدا له‌ به‌شی ئه‌نجامدا به‌ تایبه‌تی له‌ خالی یه‌كه‌مدا كه‌ باس له‌یه‌كه‌م ته‌ققه‌ی شۆڕشی گوڵان له‌ حاجی ئۆمه‌ران ده‌كرێ پێویست بوو به‌ یه‌كه‌م ته‌ققه‌ی مه‌فره‌زه‌ی بادینان له‌هه‌مان رۆژدا بكرایه‌ كه‌ چۆن هێرش ده‌كرێته‌ سه‌ر ره‌بیه‌ك له ناوچه‌ی گولی له‌ گوندی ‌(نزۆر) چونكه‌ ئاماده‌كردن و دروستكردنی مه‌فره‌زه‌كانی بادینان بۆ ماوه‌ی یه‌ك ساڵ ئیشی له‌سه‌ركرا