گرنگی ئەدەب و سەرنجێک..

پەری عومەر ئەسعەد

ئەدەب بۆیە نابێتە زانست؛ چونکە دژی هەموو لە قالبدان و مەنگ بوونێکە، ئەدەب دەیەوێت رووبارێکی لەبەر رۆیشتووی زەمەن بێت، تەریب لەگەڵ هەست و نەستی مرۆڤایەتی ڕێ بکات، بەرزی و نزمی، ساردی و گەرمی، خۆشی و ناخۆشی، کەوتن و سەرکەوتن، فەلسەفە و مەعریفە وێنا بکات و بگێڕێتەوە، گەر دەقی “هەریەکەو کەوتنی خۆی هەیە” ی (کەریم دەشتی) نەبوایە کێ دەیتوانی پەی بەم هەموو کەوتنەی مرۆڤ بەرێ لە تەختاییەکانی زەوی؟ کەوتنی سەرخۆشەکان، کەوتنی هاملێت و شالێر کەوتنی شووشە عەتر و نەورەسەکان و تابلۆ و ئاوێنە و عەشق، هەتا کەوتنی خواکانیش. ئەدی شیعرو مەعریفە و جوانییەکانی (نەزەند بەگیخانی) دیون؟ ئەو نەبوایە کێ دەیزانی کورد هێندە لە سروشتەوە نزیکە و یارسانەکان بە تەنبوورەکانیان سروشت و زەوی دەلاوێنن؟ سیحر و تەلیسمی ئەدەب لە چاو تروکانێک زەمەن ژێرو ژوور دەکات. دوێنێ دەکاتە سبەی و دوو سبەش دەکاتە ئەوێ رۆژێی غاردانی تەمەن. ئەوە نییە (عزەددین زەکی زادە )لەزەمەنی دوای دووسەد ساڵی دیکە دێت و سەربووردەی نوستالۆژیای خۆڵمان بۆ دەگێڕێتەوە؟ بۆیە تاجی ئەدەبی ڕاستەقینە بچێتە سەری هەرکەس ئەو پادشای هەقیقی دنیا دەبێت؛ چونکە ئەدیبی ڕەسەن لەسەرووی خاکەکەی خۆییەوە کە (زەوییە)دەڕوانێتە بوون،
بینەرو هاودەرد و گوێزەرەوەی هەموو ژانێکە ژانی مرۆڤ و ئاژەڵ، ژانی ڕووەک و دەریا، تاشە بەرد و دارستان و بیابان، ژانی تاریکایی و ڕووناکایی…، تاد. بۆیە کاتێک سۆفییە یاخییەکەی گەردوون (لەتیف هەڵمەت ) دەبینین و دەیەوێ : لەدیداری مێروولەیەک ببێتە دەنکە “گەنم”! نەکا مروولە بترسێ لە پێ پیانان و هەنجنین. چی زەینی مرۆڤ بۆ ئەمە دەبات؟ ئەدەب نەبێت؟ ئەدەب مینبەر و مێرگی نەدارو دارایە، پەنای وڵاتدار و بێ وڵاتە، گڕی عەشقی (جەلالی مەلەک شا 1952- 2020)بۆ کچە قەرەجێک و گرێدانی بە زامی نیشتمان لە چ پانتاییەک جێی دەبێتەوە ئەدەب نەبێت؟ قەسیدەکانی (شێرکۆ بێکەس 1940- 2013) نەبا کێ دەیتوانی سروودە یاخییەخانی ئەنفال و کیمیاباران بکاتە چامە بۆ چلەی هەموو شەهدانی کوردستان؟ کێ دەیوێرا لەبەردەم وەفدی وڵاتان و مرۆڤپارێزی جیهان بڵێ قوربان: لە کەناری هەر جۆگەیێ، لەسەر سەکۆی هەر مزگەوتێ، لە بەردەرگەی هەر ماڵێ، هەر کڵێسەیێ، هەر ئەشکەوتێ، ئەدەبە یاخی گەردەن کێلەکەی (عەبدوڵا پەشێو) نەبا؟ ئەسڵەن لەم کۆمەڵگەیە ماندووە و لەبەشێکی ئەم نەریتە چەق بەستووە، لە گەڕە لاوژەی ئەم هەموو نێرسالاری و دەمارگیرییەی ئایینییە ئەدەبە پڕ زام و گریاوەکەی (ڕێبوار سیوەیلی) نەبا کێ دەهات بەقەسیدەیەکی سپیی (دوعا)ی داماڵدراو لە شمەک و گۆشت و پێست و هەزار جار بریندار و، سەدجار شەهیدی بن دارو پەردو و بلۆک و بەرد داپۆشێت و بیلاوێنێ؟! بۆیە ئەوە وێژەیە هەمیشە دەتوانێت کاری زۆر گرنگ بکات و لە هەموو قوژبنەکانی ژیان بکۆڵێتەوە، بەتایبەت لە هەردوو ڕەهەندی کۆمیدیا و تراژیدیا، لەوێوەش پادشای ساتێر و کۆمیدیای ڕەش (چارلی چاپلن 1889-1977) بە جووڵەکانی فرمێسک ئیدەیت دەکات بۆ خەندە، لێرەوە زیاتر لە گرنگی ئەدەب تێدەگەین کە چۆن هەوڵدەدا کۆمەڵگە یان هەر هیچ نەبێت تاکەکانی کۆمەڵگە ڕاچڵەکێنێت و ڕاڤەی بوون و مەرگ و ئەرک و وابەستەیی و وردکردنەوەی دەوروبەر لە خۆی بگرێت و دەستەملانێی ئازار گۆرانی بۆ شادی بچڕێت. هەر لەو سۆنگەوەش ئەدەبی ڕەسەن دەتوانێت بمانباتە نێو فۆڵدەر و دیوەکانی دیکەی ڕووداوەکان. ئەوانەی لامان شاراوەن، یان بە ئەنقەست پەراوێز دەخرێن، ئەوا لە ڕێی دەقە ئەدەبییەکانەوە دەتوانین پێیانەوە ئاشنا بین، هەڵبەت باسکردن و ناوهێنانی ئەو کەسایەتییانەی سەرەوە بۆ ئەوەیە کە دووپاتی ئەوە بکەینەوە (ئەدەب) لە دروستکردنی کاریگەرییەکان پشکی شێری بردووە، لەنێو هەموو ئەدەبی گەلانیش نەک هەر لای خۆمان، ئەمەش بەهۆی هەموو ژانرەکانییەوە نەک هەر شیعر بۆیە کە دێینە سەر ژانری چیرۆک و رۆمان و یادەوەری و گیڕانەوە و ژیاننامە ئەوا هەمان کاریگەری و بوونیان هەیە، لەسەر خودی مرۆڤ و هەموو زاویەکانی دیکەی ژیان، ڕۆڵ و ئاسەواری جوان و بەهادارییان هەبووە و جێهێشتووە، لە پشت هەر ونبوون و دوورە پەرێزی ئەدیبێکی راستەقینە دەبێت بزانرێ ئەو وەک ئەستێرە لەناو تاریکایی و قوڵایی خەمی کۆمەڵگەکەی دایە و دەیەوێت وەک باڵدارێکی تەنیا هەڵنیشێت و جۆرەها ئاواز بخوێنێت. بۆیە ئێمەش و گەلانی دنیا نابێت هەژەند بمانگرێت، کاتێک (یۆن فۆسە)ی گەورە نووسەری نەرویجی خەڵاتی (نوبل) ئەدەبی 2023 دەبات، ئەو لەو هەموو دوورە پەرێزییەی شاکار دەچنێ، بە نموونەی شانۆنامەی(کەسێک هەر دێ) هەروەها (عەزیزی مەلای رەش) لە ئەرزی واقیع گەر دکتۆرایشی لە ئەدەب هێنا با، هەر ( کوێخا سێوێی) دەهۆنییەوە، بۆیە ئەدەب زانست نییە بەهرەیە بەهرەش لەسەرووی زانستەوەیە، چونکە ئەوانەی لە بواری زانست داهێنان دەکەن، بریتیین لەوانەی بەهرەیەکیان هەیە پەیوەندی بە ناوەوەی ئەقڵ و پێکهاتەی مرۆڤێتییانەوە هەیە و ناو نراوە (زانست) کەواتە دەتوانین بڵێن گەلێجار ئەدەب و ئەدیبیش پێشهاتی زانستی دەکات یان پەی بە داهێنانی زانستێک دەبات، چونکە وەک گوتم زانست پێش ئەوەی زانست بێت بەهرەی هەست و شعووری مرۆڤەکەیە، ئەوجا لە دەرەوەی کەسەکە پراکتیک دەکرێت، وەک ئەو پێشهاتانەی شاعیری کورد (ئیل بەگی جاف 1492-1553)
دەیکردن و بەقۆناغ هاتوونە دی، وەک مەسەلەی دروستکردنی فڕۆکە.

تەیرێ وەک رەعد و بەرق دەبێ
گوێچکەی لە دووکەڵ غەرق دەبێ
دەشت و دەری پێ لەق دەبێ
بە رووی ھەوا مۆلەق دەبێ.
ئا ئەمەیە ئەدەب لە لای من و زۆربەی ئەوانەی وێژە بەشێکی زۆرە لە ژیانیان، هەموو ئەو ناو و کەسایەتییانەی باسمکردن دڵۆپێکن لە دەریای جوانی ئەدەب و داهێنان، دەنا سەدان نووسەر و شاعیر و قەڵەمی جوانتر و جوانتریشمان هەن. بە ئومێدم تەمەن بوار بدا وردە وردە باسییان بکەین و بە خوێنەرانی خۆمان ئاشنایان بکەین.

ھەواڵی زیاتر