جیمۆرفۆلۆجیا چیە؟

شەوناز فاتح

ووشەیەکی یۆنانیە لە سێ بڕگە پێکهاتووە (جیۆ) واتە زەوی، (مۆرفۆ) واتە شێوە، (لۆجی) واتە زانست، واتە [زانستی شێوەکانی ڕووی زەوی]، کەواتە ئەم زانستە بریتیە لە زانستی شێوەکانی سەر ڕووی زەوی بۆیە بەشێوەیەکی گشتی وەسفی شێوەکان و ڕووخساری سەر زەوی دەکات لە ڕووی بەرز و نزمی و بنچینەی دروست بونیان هەر بۆیە هەوڵ دەدات شێوەکانی سەر ڕووی زەوی ڕوون بکاتەوە و کۆیان بکاتەوە لە هەرێمێکی دیاری کراوی زەویدا باسیان بکات و پرۆسەکانیش بە تەواوی ڕوون بکاتەوە.
گرنگی زانستی جیمۆرفۆلۆجیا:
1- جیمۆرفۆلۆجیا هەوڵ دەدات شێوەکانی سەر ڕووی زەوی بناسێت و باسێکی تەواوی ڕوخسار و پێکهاتنیان بکات لەسەر زەوی، کەواتە دەردەکەوێت زانستی جیمۆرفۆلۆجیا بایەخێکی گرنگ و تەواو دەدات بەو شێوانەی کە لەسەر ڕووی زەوی هەیە، وەک(بان، دەشت، دۆڵ،چیا).
2- هەروەها کاریگەری پرۆسە جیمۆرفۆلۆجیەکان وەک (ڕاماڵین، کەشکاری، داماڵین) ڕوون دەکاتەوە لەسەر شێوەکانی ڕووی زەوی لە ڕابردوو و ئێستا و داهاتووش دا، کە پەیوەندی ڕاستەوخۆی هەیە بەمروڤ و گیانەوەران لەسەر ڕووی زەوی، هەروەها کاریگەری کەشکاری فیزیایی و کیمیایش لەسەر ئەم دیاردانە بەتەواوی ڕون دەکاتەوە.
3- جیمۆرفۆلۆجیا پەیوەندیەکی بەهێزی بە جیۆلۆجیاوە هەیە، چونکە زانستی جیمۆرفۆلۆجیا گرنگی تەواو دەدات بەدیاردە جیۆلۆجیەکان و لێیان دەکۆڵێتەوە، و شییان دەکاتەوە، هەر بۆیە دەردەکەوێت پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆیان هەیە بەیەکەوە، وەک پەیوەندی نێوان چینە بەردەکان و پرۆسەکانی (ڕاماڵین ، کەشکاری)، ئەم نموونە دەیسەلمێنێت کە پەیوەندی هەیە لە نێوان ئەم دوو زانستەدا.
٤- زانستی جیمۆرفۆلۆجیا لقێکی ئاسان نییە لە جوگرافیادا بەڵکو لقێکی سەرەکی جوگرافیایە، چونکە هەموو دیاردەکانی سەر ڕووی زەوی پەیوەندیەکی ڕاستەوخۆی هەیە بەچالاکییەکانی مرۆڤەوە.
٥- زانستی جیمۆرفۆلۆجیا گرنگی دەدات بەدیاردە بچوک و گەورەکانی سەر ڕووی زەوی، وەک (کیشوەرەکان، ئاوەزێڵەکان، کەنارەکان)…، ئامانجی ئەم زانستە تێگەشتنە لەبوون و سەرهەڵدانی ئەم شێوانەی ڕووی زەوی، هەروەها گرنگی دەدات بەسەرهەڵدان و گۆڕانکاریەکانی سەر ڕووی زەوی.
٦- پرۆسە جیمۆرفۆلۆجیەکان شوێنەوار و کاریگەریەکی ڕونیان هەیە لەسەر ڕووی گۆی زەوی و هەر پرۆسەیەکیش شێوەیەکی دیاری کراوی تایبەتی خۆی هەیە کە دەگەڕێتەوە بۆ سروشتی ئەم پرۆسە خۆی کە شێوەکەی دیاری دەکات و دەری دەخات، بۆ نموونە دەشتی لافاوکردەکان و دەلتای ڕوبارەکان و پلیکانە ڕوبارەکان و دورگە ڕوبارییەکان، ئەمانە هەموویان بەهۆی ئاوی ڕووبارەکانەوە دروست دەبێت، هەروەها تۆپەڵە لمیەکان بەهۆی باوە پەیدادەبێ ، هەردوو نمونەکە ڕوون دەبێتەوە کەهەر شێوەیەک لەشێوەکانی سەر ڕووی زەوی بەهۆی پرۆسەیەک یان هۆکارێک سەرهەڵدەدات.

ھەواڵی زیاتر