جرجە درۆنوەشێنەكان لە تاریکیدا

‎هاودەنگ فارووق

دوای ڕووداوەکانی غەززە، مەرامی دوژمنكارانە و یاریی تێكدەرانەی میلیشیا لەیاسادەرچووەكان، گۆڕانیان بەسەردا هاتووە، دەیانەوێت هەرێمی كوردستانیش بكەنە گۆڕەپانێکی کراوە بۆ ئاژاوەگێڕی و تێوەگلان لە شەڕێك كە هیچ پێوەندییەکی بە هەرێمی كوردستانەوە نییە، ئەوانەی لە پشت ئەو هێرشانەوەن دەیانەوێت شكستەكانی خۆیان لە عێراق و سووریاو غەززە پێ پەردەپۆش بکەن.
ئامانجیانە دۆخی سیاسی و سەقامگیری و ڕەوتی پێشكەوتن و گەشەپێدانی كوردستان تێك بدەن كە مودیلێكی پێشكەوتوو ئەزموونێكی سەركەوتوو و سەرنجڕاكێشە لە عێراق و ناوچەكەو جیهاندا.
میلیشیاكان بە ئەجێندای دەرەكی دەیانەوێت هەرێمی كوردستان ماندوو بكەن، شەڕی شكاندنی ئیرادەی بكەن، شكاندنی ئیرادەی كوردیش لە شكاندنی پارتی دیموكراتی كوردستاندا دەبینن؛ بۆیە بەردەوام پارتی بەئامانج دەگرن، بەو هیوایەی سازشی پێ بكەن.
ڕاستییەكەی، خەڵك و هێزە سیاسییەكانی كوردستان زۆرباش لەو یارییە دوژمنكارییە تێگەیشتوون، بۆیە پێویستە قەوارەی دەستووری و ئاشتی و پێشكەوتنی هەرێمی كوردستان پارێزراو بێت، هەمووان پێكەوە دژی ئەجێنداو ئامانجی میلیشیاكان بن. دەبێ كوردستان لەو یارییە تێوە نەگلێت و ئەم كۆدەنگییە بكرێتە پرۆژەی وەڵامدانەوەی ئەو هەوڵە مەترسیدارو بێزاركەرە.
ئێستە سەركردایەتیی سیاسیی كوردستان، پشت ئەستوور بە ڕای گشتی گەل و هێزە سیاسییەكان، جەسوورانەتر دەتوانێت سەرنجی دۆخەكە بدات و پلان دابنێت بۆ دوورخستنەوەی هەرێمی كوردستان لە هەر ئاڵۆزی و گێژاوێك.
ئەو هێزانەی كە هەموو هێڵەسوورەكانی كورد پێشێل دەكەن، هیچیان نییە لەدەستی بدەن و وەكو جرجی تاریكی لەغەفلەتێكی ئەمنی و سیاسیدا، درۆنەكانیان دەهاوێژن. پێویستە كورد ئەم خاڵە بەتەواوی بۆ دۆست و هاوپەیمانەكانی ڕوون بكاتەوە، تاكو هێزی پێشمەرگە بە پشتیوانییەكی زیاترەوە لەو ناوچانەدا بجووڵێت كە درۆنەكانیان لێوە ئاراستە دەكرێت.
هاوكات پێویستە ڕوونتر پیشان بدرێت، كە ئەو هێڕشانە بەرلەوەی دژی هەرێمی كوردستان بن، دژی حكوومەتەكەی سوودانین و دەبێت بەوردی ئەم خاڵە بەسوودانی نیشان بدرێت، تاكو حكوومەتی عێراق بە كردەوە بێتە پێشەوە بۆ پاراستنی قەوارەی دەستووری كوردستان.
ئەم هاتنە پێشەوەی حكوومەتی بەغدا، ئەگەر لە ئاستی لێدوان و ئیدانە دەرچێت، بایەخی خۆی هەیە و لەڕووی شەرعییەتی هەنگاوەكانی هەرێمەوە لەقازانجی كوردستان و دۆستەكانی دەبن. باشتریشە ئەگەر هێزە سیاسییەكانی كوردستان پێكەوە كۆبكرێنەوە و هەڵوێستی فەرمییان بەرانبەر هێرشی دۆرنیی دۆڕاوەكان ڕابگەیەنن.