هەڵبژاردنی دروست بنەمای بونیادنانی کۆمەڵگای مەدەنی یە

شێرکۆ حەبیب

هەڵبژاردن بنەمای پرۆسەی دیموکراسی و بونیادنانی کۆمەڵگای مەدنی و دەنگی میللەتە بۆ حوکمڕانی و لە پرۆسەی هەڵبژاردن گرنگتر پیادە کردنی بەڵێنەکان و جێبەجێ کردنیانن. هەڵبەتە پرۆسەی هەڵبژاردن گرنگی و تایبەتمەندی خۆی هەیە لە سیستەمی دیموکراسیدا، بۆیە دەبینین لە وڵاتانی دیموکراسی لە کاتی خۆیدا دەکرێت ئەگەر بەربەستێک نەیەتە پێش. لە کۆتای مانگی ١٢ ی ساڵی ٢٠٢٣ ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق کران، جگە لە هەرێمی کوردستان، بەڵام ناوچەکانی کوردستانی دەرەوەی هەرێم هەڵبژاردنیان تێدا کرا، بە داخەوە ئاکامەکەی دڵخۆشکەر نەبوو بۆ کورد بەگشتی و ئەوەی مەرامی بوو بەدەستی نەهێنا بەتایبەتی لە کەرکوکی دڵی کوردستان؛ کە دەبوایە سەرجەم بۆ چوونەکان دوور بونایە لە تێڕوانینی حزبی و تاکڕەوی. بەگشتی، دەنگی کورد لە ناوچەکانی کوردستانی دەرەوەی هەرێم بە گوێرەی پێویست نەبوو و چاوەڕوان کراو نەبوو، بەتایبەتی لە کاتێک لە دوای ١٦ ئۆکتۆبەر پارێزگارێکی دژ بە کورد لە کەرکوک سەپێنراوە، کە هەموو لەو باوەڕەدا بووین کە کورد زۆرینەی هەر زۆری دەنگەکان بەدەست بهێنێت، بۆ ئەنجام دانی گۆڕانکاری کە لە بەرژەوەندی کورد و سەرجەم پێکهاتەکانی تری ئەو شارە بێت، بەڵام وادیارە هۆی ناوەخۆ و دەرەکی ڕۆڵی خۆیان بینیوە بۆ ئەم مەبەستە و بەتایبەتی دژایەتکردنی پارتی دیموکراتی کوردستان، دەبوایە ئەو بابەتە بە هەند وەرگیرابایە، هەروەها نەدەبوایە کار بگەیشتبایە ئەوەی کاندیدی پارتی لەو سات و کاتە سەنگەر بگوازێتەوە (ئەوەی لای من سەیرە کەسانێک دەیان ساڵ ئەندامی حزبێکی وەک پارتی واز لەو حزبە بێنی پەیوەندی بە حزبێکەوە دیکەوە بکەیت کە ئەیدلۆجیەت و تێروانینان جیاواز بێ.)
ئەوەی لێرەدا گرنگە دەبێ پارتی پێداچوونەوەیەکی جیددی بکات و خاڵە لاوازەکان دەستنیشان بکات و چارەیان بۆ بدۆزێتەوە. هەروەها هەر وەک حزب و لانە سیاسیەکانی دونیا لە ئیستاوە خۆی بۆ هەڵبژاردنی ئایندە ئامادە بکات، و هەوڵەکانی چڕ بکاتەوە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان. و لێکۆڵینەوە بکات جونکە دەنگەکان لە ئاست ئەو خزمەت و دڵسۆزیی پارتی نەبوون بۆ جەماوەری کوردستان بەتایبەتی ئاوارەکان کە پارتی هەردەم پێشەنکی خەبات و خزمەتکردن و داکۆکی لە مافەکان کردون.
لێرە و لەوێ گوێمان لە زۆر بۆ چوون و ڕا دەبێت، ئەگەر تێروانینێک بکەین دەبینین پارتی سەرەڕای ئەوەی ماوەیەکی کەمە بارەگاکانی گەڕاندووەتەوە کەرکووک لە دوای ١٦ ئۆکتۆبەر ودژایەتیکردنی ناوخۆ و دەرەکی، توانی دوو کورسی بەدەست بهێنێت هەر چەندە ئەوە ئاواتی پارتییەکان نەبوو، ولە ئایندە ئەوەی پشت پەردەکان ڕوونتر دەبێتەوە کە چ یاریەک کراوە. گرنگ بوو کەرکووک دەنگی کورد زۆرینە بوایە هەر چەند کەرکوک یەک تاکە کوردیشی لێ بمێنێت هەر دڵی کوردستانە.

ھەواڵی زیاتر