حەمەسەعید حەسەن
گوڵ و نەسرین
هه‌موو نووسه‌رێک، ناکۆکیی له‌گه‌ڵ نووسه‌رانی دیکه‌دا هه‌یه، ناکۆکییه‌که وه‌ک هی نێوان که‌سانی ئاسایی نییه، ئاخر ناکۆکیی نێوان داهێنه‌رانه. ناکۆکیی نێوان نووسه‌ران، ناکۆکییه‌کی سوودبه‌خشه و ده‌بێته هه‌وێنی گه‌شه‌سه‌ندنی ئه‌ده‌ب. ناکۆکیی من و ئه‌و نووسه‌رانه‌ی به چاوی ڕه‌خنه‌وه سه‌رنجی به‌رهه‌میان ده‌ده‌م، زاده‌ی شتگەلی تایبه‌تیی نێوان من و ئه‌وان نییه، زاده‌ی لێکدانه‌وه‌ی جیاوازی نێوان ئه‌ز و وانه. ئه‌وه ئه‌رکی ڕه‌خنه‌گره، ڕۆمانێکی ئه‌م نووسه‌ر یان دیوانێکی ئه‌و شاعیر، به‌ئاشکرا هه‌ڵبسه‌نگێنێت، ئه‌وه ئیشی ئه‌و نییه، ڕاپۆرتێک به‌نهێنی له‌سه‌ر نووسه‌رێک یان شاعیرێک بۆ ده‌زگەیه‌کی هه‌واڵگری بنووسێت.
گابریل گارسیا مارکیز ده‌ڵێت: (په‌یامی نووسین لای من له‌وه‌دا چڕ ده‌بێته‌وه که کارێک بکه‌م ئه‌و خه‌ڵکه یه‌کدییان خۆش بوێت.) ده‌رباره‌ی ئه‌و ڕۆماننووسه که به هه‌ق په‌یامه‌که‌ی خۆی گه‌یاندووه، ڕه‌خنه‌گری ناوداری ئیسپانیایی گیرموو دی توری له ١٩٥٢دا، له نامه‌یه‌کدا که بۆ مارکیزی ده‌نێرێت، ده‌نووسێت: (ئاینده‌ی تۆ له ڕۆماننووسیندا نییه، بۆیه ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر نووسینی ڕۆمان به‌رده‌وام بیت، داهاتوویه‌کی ڕۆشنت نابێت،) که‌چی به پێچه‌وانه‌ی پێشبینیی ئه‌و ڕه‌خنه‌گره‌وه، ڕه‌نگه له دوای سێرڤانتسه‌وه، ئیسپانیایینووسێکی دیکه نه‌بێت، له بواری نووسینی ڕۆماندا، باڵای هێنده‌ی مارکیز بڵند بێت، ڕه‌نگه له دوای دۆنکیخۆته‌وه، هیچ ڕۆمانێک به ئیسپانیایی نه‌نووسرابێت، هێنده (سه‌د ساڵ دووره‌په‌رێزی) خوێنه‌ری هه‌بووبێت. ئه‌م باسه‌م بۆیه هێنایه گۆڕێ، تا ئه‌وه وه‌بیر خوێنه‌ر بخه‌مه‌وه که مه‌رج نییه، ڕه‌خنه‌گر هه‌میشه له‌سه‌ر هه‌ق بێت.
ڕۆمان هه‌یه، ئاستێکی نزمی هونه‌ریی هه‌یه و ده‌یان میلیۆنی لێ ده‌فرۆشرێت، وه‌ک (کۆدی دافنشی)ی دان براون، ڕۆمان هه‌یه هه‌م میلیۆنان خوێنه‌ری هه‌یه و هه‌م ئاستێکی ئه‌ده‌بیی باڵایشی هه‌یه، وه‌ک (ناوی گوڵەباخ)ی ئەمبێرتۆ ئێکۆ. ڕۆماننووسی مه‌زن، بۆ هه‌ڵبژارده نانووسێت، وه‌لێ ناچێت له‌ڕێی ورووژاندنی سێکسی یان ڕه‌خنه‌گرتنی توند له ئایینه‌وه، خوێنه‌ر ڕاو بکات. وه‌ختی خۆی تیراژی کتێبه‌کانی ئیحسان عه‌بدولقودووس زۆر له تیراژی ڕۆمانه‌کانی نه‌جیب مه‌حفووز بڵندتر بوو، به‌ڵام نووسه‌ری یه‌که‌میان به به‌راورد له‌گه‌ڵ دووه‌میاندا، ئه‌گه‌ر بڵێین ڕۆماننووس نه‌بوو، له ڕاستی لامان نه‌داوه.
لایه‌نی لاوازی به‌ختیار عه‌لی وه‌ک ڕۆماننووسێک بریتییه له‌وه‌ی، شانازیی به درێژیی ڕۆمانه‌کانییه‌وه دەکات که زاده‌ی ڕه‌چاونه‌کردنی کورتبڕییه. ڕۆمانیش ڕیتمی خۆی هه‌یه، ئه‌و ڕۆمانانه په‌سه‌ند ده‌کرێن که خاوه‌نی ڕیتمێکی خێران. ئه‌و ڕۆمانانه‌ی ڕیتمیان خاوه، له‌و ژنه بەدبه‌ختانه ده‌چن که دره‌نگ شوو ده‌که‌ن و زوو مێردیان ده‌مرێت. گێڕه‌ره‌وه‌ی هه‌مووشتزان ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر باس بێته سه‌ر بواری کاری خۆیشی، ده‌بێت له کورتی بیبڕێته‌وه و فیزی لێزانی به‌سه‌ر خوێنه‌ردا لێ نه‌دات، ئه‌گه‌رنا لاقی به ته‌ڵه‌ی ڕاپۆرتنووسینه‌وه ده‌بێت و وه‌ک (به‌هادین مه‌جرووح)ی لێ به‌سه‌ر دێت، ئه‌و شاعیره ئه‌ڤگانه‌ی له‌تاو کۆمۆنیسته‌کان له ئه‌ڤگانستان هه‌ڵات و له پاکستان ئیسلامییه‌کان کوشتیان. به‌درێژایی سه‌ده‌ی بیسته‌م و له‌سه‌ر ئاستی دنیا، شیعرێک نییه هێنده‌ی (وێرانه‌خاک)ی تی. ئێس. ئه‌لیه‌ت ناودار بێت، ئه‌و شیعره‌ی پێش بڵاوکردنه‌وه‌ی، ئه‌لیه‌ت له‌سه‌ر پێشنیازی عه‌زرا پاوه‌ند، زیاتر له نیوه‌ی لێ فڕێ دا. ئه‌گه‌ر به‌ختیار عه‌لی (مامۆ‌ستایه‌کی زیره‌ک)ی وه‌ک عه‌زرا پاوه‌ندی شک بردبا، ڕۆمانی (کۆشکی باڵندە غەمگینەکان)ی، له‌بری سێ سه‌د لاپه‌ڕه، ئەوپەڕی دوو سه‌د ڕووپه‌لی ده‌مایه‌وه.
(ده‌سته‌سڕێکی په‌ڕۆی گه‌له‌ک تازه و قه‌دکراوی له گیرفانی ده‌رهێنا و لووتی سڕی و گوتی. ل٣١) هه‌موو وشه‌کانی پێش (گوتی) زیاده‌ن و زاده‌ی ڕه‌چاونه‌کردنی (کورت‌بڕی)ین. یان: (که‌مێک له دامێنی کراسه شینه‌که‌ی چاک کرد و به باڵنده‌کانیدا ڕوانی و هه‌ناسه‌یه‌کی هه‌ڵکێشا و گوتی. ل٢٤٧) هه‌موو وشه‌کانی پێش (گوتی،) ئاماژه‌ن بۆ فه‌رامۆشکردنی له‌کورتی بڕینه‌وه. یان: (خوێندنی باڵنده‌کان و ده‌نگی بولبوله‌کان. ل٢٦٦) ئایا ده‌نگی بولبولیش، جۆرێک نییه له خوێندنی باڵنده؟ ئایا ئه‌وه وه‌ک (پڕ له گوڵ و نه‌سرینه)که‌ی بێکه‌س نییه؟ ئاخر نه‌سرینیش جۆره گوڵێکه.