چاو وەك جی پێ ئێس

سەدیق سەعید ڕواندزی

چاو، یەكێكە لەو هەستانەی لە كۆی ئەو پێنچ هەستەی بونیادی بایۆلۆژی مرۆڤ پێكدەهێنن. لە ڕێگەی چاوەوە، ئێمە دەبینین و وێنا دەكەین و دواتر لە یادەوەریماندا هەڵیدەگرین. بە گشتی چاو لە شیعری كوردیدا، وەك كەرستەی جوانی مامەڵەی لەگەڵ كراوەو زمان و شیعری كوردی، پڕە لەو دەستەواژەو دەربڕینانەی وەسفی جوانی چاو دەكەن و هێزێكی سەر سوڕهێنەرانە بە چاو دەدەن. ئەمە وێرای ئەوەی هەر لە ڕێگەی چاوەوە، شاعیر زۆر جار وەك فۆتۆگرافەرێك وێنەكان دەبینێت و لە گۆشەیەكی سێ ڕەهەندییەوە، وێنەكە دێنێتەوە نێو شیعر. گۆران، ئەگەر گەشتی هەورامان و مۆسكۆی نەكردایە و لە نزیكەوە بە چاوەكانی ئەو هەموو جوانی و ڕازاوەیی و پێشكەوتن و دیمەنە سرووشتییانەی ئەو شوێنانەی نەدیبایە، ئەستەم بوو بتوانێت شیعری مۆسكۆی جوان و گەشت بۆ هەورامان بنووسێت، بۆیە ئەم دوو دەقە، ڕەنگدانەوەی ئەو پەیوەندییەی شاعیرن بەو دوو شوێنەوە، لە ڕێگەی گەشت و سەفەر و ئەو پەیوەندییەش، بە هەستی بینین وێنە كراوە و تۆمار كراوە. لە شیعری گەشت بۆ هەوراماندا، گۆران بە جۆرێك وەسفی سرووشت و خانوو، هەموو لایەنە پێكهێنەرە مرۆیی و سرووشتییەكانی ئەو ناوچەیە دەكات، وەك ئەوەی كامێرامانێكی ورد و زیرەك و بە پێشكەوتووترین ئامێری فۆتۆیی سەردەم وێنە و ڤیدیۆی ئەو شوێنانەی گرتبێت، هەموو ئەمانەشی لە ڕێگەی بینینەوە بەرجەستە كردووە. بێگومان چاو لە شیعری كوردی و لە ئەدەبیاتی نووسین و سەر زارەكی ئێمەدا، پانتایەكی گەورەی گرتووە و هێمایە بۆ جوانی و سەرنج ڕاكێشان و نیگاكردن و پەیوەندی سۆزداری و گۆڕینەوەی ڕاز و نیاز لە نێوان دوو كەس و بە تایبەتیش عاشقەكان. وەك ئەوەی دەگوترێت عشق لە یەكەم نیگاوە دەست پێ دەكات. لەو سۆنگەیەشەوە، چاو وەك بابەتێكی دیاری شیعری دەبینرێت و سیمبولی پەیوەندی و وێناكردن و بینین و بگرە لایەنێكی جوان و سەرنج ڕاكێشی ڕەگەزەكەی ترە، كە گوزارشتی لێ دەكرێت، بەڵام چاو لە شیعری ( چاو) ی پەشێودا، تەنها هەستێك نییە، بەڵكو ڕێ پیشاندەری شاعیریشە، لە ژیان و ڕۆژگاری تووش و نەهات دا. چاو ڕێگەیە، دواتریش دەكرێتە ئەو ئامێرە ئاڵۆز و پێشكەوتووەی كەشی پێ پێشبینی دەكرێت و پێوەری باو و باران لە بەردەم ئەو چاوەدا، هیچ نرخ و بەهایەكی زانستی و فیزیكییان نامێنێت و ئیدی ناتوانن كەش پێشبینی بكەن. بەڵام بێگومان هەموو چاوێك ئەو ڕۆڵ و تایبەتمەندییانەی نییە، بەڵكو تەنها چاوی ئەوی خۆشەویستی پەشێوە، كە ئەمەش ئاستێكی دیكەی باڵاتری دەربڕینی خۆشەویستی پەشێوە بۆ ئەو، كە لە ڕێگەی وەسفی ئەو چاوەوە پیشان دەدرێت. پرسیار ئەوەیە، ئەگەر تەنها چاوی ئەو، وەك هەستێك و بەشێكی بچووك لە جەستەی ئەو، هێندە گەورە و ئاماژەدار بێت، دەبێ ئەو خۆی چەند لای پەشێو گەورە و جوان و خۆشەویست بێت؟ ئەگەر چاوەكەی تا ئەو ئەندازەیە گرنگ بێت، كە ببێتە جی پی ئێسی ژیانی، دەبێ خودی خۆی بە هەموو هەستەكانییەوە، بە هەموو جوانییەكانییەوە، چەند جوان و گەورە و سەرنج ڕاكێش بێت لای شاعیر و چۆن وەسفی هەموو هەستەكانی دەكرد؟ پەشێو لە شیعری (چاو) دا دەڵێت:_
ئەگەر لە ناو دارستانێكی چڕدا ون بم
ئەگەر لە ناو زەریایەكی پەركەمداردا
كەشتیم تووشی گێژەنێك بێ و سەراو بن بم
ترسم نییە تا چاوی تۆ
قیبلەنما و ڕێبەرم بێ
تا چاوی تۆ نزیكترین بەندەرم بێ
شاعیر هیچ ترسی لەوە نییە و باكی بەوە نییە، لە نێو دارستانێكی چڕدا، یان زەریایەكی گێژەنا، كە هێمانە بۆ ترسێكی گەورە و قووڵ ون ببێت، بەڵكو سەیركردنێكی چاوی ئەو بە تەنها، بەسە بۆ ئەوەی زۆر بە ئاسانی ڕزگاری بێت. ئەم چاوە، وەك ڕێبەرێك بۆ ئەوانی نێو جەنگەڵستان، دەبێتە ڕێ نیشاندەر و هاوكات فریادرەسیش، بە هەمان شێوە لە نێو زەریاش دەبێتە كاپتنێك و كەشتییەكە بە سەلامەتی دەگەیێنێتە كەنارەكە. ئەم چاوە، توانا و هێزێكی هێندە گەورە و سیحرییانەی هەیە، كە دەتوانێت مرۆڤێك لە مردنێكی حەتمی ڕزگار بكات. بێگومان هەزاران جار لە شیعری كوردی باسی چاو، وەسفی چاو، بە شێوەیەكی جوان و ناوازە كراوە، بەڵام بڕوام وانیە لە هیچ شیعرێكدا، بەو ئاستە جوان و بەرزە وەسفی چاو كرابێت. چاو لەو شیعرەی پەشێودا، كە ناونیشانی شیعرەكەشە، چاوێك نییە تەنها بۆ بینین، چاوێك نییە وەك هەر چاوێكی دیكە جوان و ناوازە و سەرنج ڕاكێش بێت و جوانی ژنی پێ بناسرێتەوە و سیمبولی جوانی بێت، بەڵكو چاوێكە، هاوشێوەی دار حەساكەی مەسیح هێزی هەیە، چونكە مرۆڤ لە ترس و مردن ڕزگار دەكات. دواتریش هەمان ئەو چاوە، دەبێتە ڕزگاركەر بۆ جیهانیش لە ڕووداوە سرووشتییەكانیش، بەو پێیەی پێشبینی ڕووداوە سرووشتییەكان دەكات. ئەمجارەیان هەمان ئەو چاوە، دەبێتە پێوەری باو و باران و پێشبینییەكانی كەش، وەك نێوەندێكی گەروودنناسی و فیزیكی دەكات. دەزانێت باران چۆن دەبارێت، با لە كوێ هەڵدەكات، كام كێڵگە تێنووە و پێویستی بە ئاوە، هەر وەك شاعیر دەڵێت:_
خەڵكی گوێ لە ڕادیۆ دەگرن
بۆ ئەوەی كەش پێشبینی بكەن
منیش كە ئێوارە دادێ
تەماشای چاوی تۆ دەكەم
دەزانم با لە كوێ ڕادێ
پلەی گەرمی لە چەندەوە تا چەند دەڕوا
باران كام كێلگە ئاو دەدا
كام دارستان كام چیا دەشوا
لێرەدا، چاو لە وەسفی سرووشتییانەی خۆی وەك یەكێك لە هەستەكانی مرۆڤ دەرهێنراوە و سرووشتێكی زانستییانەی پێ دراوەو هاوشێوەی پێوەرێك، پێوانەی باو و باران دەكات. ئەمە وێرای ئەوەی وەك جی پی ئێسێكیش، لە نەخشە ڕێگە و چوون و دەرچووندا، شوێن و ناونیشانەكان بۆ شاعیر دیاری دەكات. بەمەش چاو چیتر هەر تەنها هێمای جوانی ژن نییە، بەڵكو گوزارشت لە هێز و توانای جەستەیانەشی دەكات، كە چۆن دەتوانێت تەنها بە چاوەكانی ببێتە ڕێڤینگی سەفەری پیاوێك و هاو سەفەری بێت و لە ترس و مردن و ڕۆژگاری تەڕوتووشدا ڕزگاری بكات.

ھەواڵی زیاتر