قۆناغی داهاتوو

نەسرین حەسەن

لە یادی 71 ساڵەی دامەزراندنی یەكێتی ئافرەتانی كوردستان، لە مەراسیمێكی شایستەدا كتێبی (یەكێتی ئافرەتانی كوردستان، پاشخان، مێژووی دامەزراندن و بیبلۆگرافیای كۆنگرەكانی)لە نووسینی د. ڤیان سڵێمان ناسێنرا و لەگەڵیدا دیبەیتێكی جوان و سەرنجراكێش پێشكەشكرا كە چوار سكرتێری یەكێتی ئافرەتانی كوردستان بەشداریان تێدا كردبوو و هەركامەیان ئەزموونی قۆناغی یەك لە دوای یەكەكانی خەباتی كاری رێكخراوەییان گێرایەوە، هەر لە ئەزموونی قۆناغی سەختی شاخ و پێشمەرگایەتی تا قۆناغی راپەرین و دوای راپەرین و قۆناغی ئێستا كە هەركامەیان بە پێی ئەو باروودۆخەی تێیدا بوون مێژوویەكی پڕ لە سەروەرییان تۆمار كردووە، تایبەتمەندیی زۆر گرنگ لە گفتوگۆ بەرهەمدارەكەی هەر چوار بەرێزدا بەدی كرا كە بریتی بوون لە، بەرپرسیارانە مامەڵەكردن لەگەڵ باروودۆخەكان، بەرزی هەستی نیشتیمانی و نەتەوەیی، یەك دەنگی ویەك هەڵوێستی، كاركردن بە گرووپ بۆ ئامانجێكی پیرۆز، ئیرادەیەكی بەهێز بۆ بە بەجێ‌ گەیاندنی ئەركەكان،پەرەپێدان بە توانا و هێزی كاری ئافرەت، گرنگیدان بە خێزان و ئاشتەوایی كۆمەڵایەتی و چەندین تایبەتمەندی تر.
سەقامگیری سیاسی و بەهێزكردنی ژێرخانی ئابووری، دوو لایەنی گرنگی ژیانن، كە پەیوەستن بە گەشەسەندنی وڵات،كە بەشداری ئافرەت لە هەردوو لایەن جێی بایەخە و گرنگی خۆی هەیە، بۆیە دابینكردنی ژینگەیەكی ئارام و گونجاو بۆ ئافرەت، هەروەها وەگەڕ خستنی هێز و توانا و رەخساندنی دەرفەتی زیاتر بۆ ئافرەت لە بەشداری كردن لە سێكتەرە جیاوازەكانی كۆمەڵگە بە تایبەتی لە بواری سیاسیدا و رۆڵی ئاشتیخوازانەی لەو بوارەدا هەنگاوەكان بۆ گەیشتن بەو ئامانجانە خێراتر دەكات، هەر لەو سۆنگەیەوە یەكێتی ئافرەتانی كوردستان لەو قۆناغە گرنگەی ئێستادا كە بەرەو كۆنگرەی نۆیەم هەنگاو دەنێت بە دروشمی “هێزو توانای ئافرەت، بناغەی پێشكەوتنی ئابووری و ئاشتی كۆمەڵگەیە ” هەنگاوەكانی ئیشكردنی لەگەڵ ئەو سەردەمەدا گونجاندووە كە هاوتەریبە لەگەڵ داخوازییەكانی ئافرەت و پێشخستنی كۆمەڵگە، بەئاراستەیەكی مۆدێرن و سەردەمیانە و لە چوارچێوەی پاراستنی بەها پیرۆز و جوانەكانی كۆمەڵگەی كوردستاندا. قۆناغی داهاتوو یەكێتی ئافرەتانی كوردستان پاراستنی دەستكەوتە میژوویی و پڕ لە شانازییەكانی رابردوویە، بەردەوامبوونه لە خەباتی نەتەوەیی و نیشتیمانی، داكۆكیكردن لە مافەكانی ئافرەت و گرنگیدانه بە خێزانێكی بەختەوەر، و بۆ كوردوستانێكی بەهێز دادپەروەرانە بیر دەكەینەوە، بەرپرسیارانە هەنگاو دەنێین و داهێنەرانە گۆرانكاری دروست دەكەین.