پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

ڕۆڵی ئافرەت و كۆمەڵگا

د.لانـــــــە حــــــــــــــــافز

ئافرەت ڕۆڵێكی سەرەكی و كاریگەری هەبووە و هەیە لە بنیادنانی كۆمەڵگا لە هەموو بوارەكانی ژیان شانبەشانی پیاوان لەپاڵ ئەركە سەرەكیەكەی كە بەرهەمهێنان و پەروەردەی نەوەكانە. بەشداریكردنی هاوڵاتیان بە هەردوو ڕەگەزی نێر ومێ لە پرسە گشتیەكان كە ڕووبەروی كۆمەڵ دەبێتەوە خۆی لە خۆیدا شێوازێكە لە دەربڕینی دیموكراتیەت و بەشداری مێینەش پێویستیەكی دیموكراسیە، بێ بەشداری كردنی ئافرەتان مانای بەهەدەرچونی وزە و توانای فكری و سەرمایەی بەشێك لە كۆمەڵگایە، چونكە ڕەگەزی مێنەش دەتوانێت سەركردایەتی و بەڕێوەبردنی سەركەوتوو ئەنجام بدات .
بارزانی نەمر یەكێكە لەو ڕابەرو سەركردە یەكەمانەی بزووتنەوەو شۆڕشەكانی ڕزگاری خوازی كوردستان كە بڕوایەكی زۆریی بەوە هەبووە ئافرەتانی كورد دەتوانن شان بەشانی باوك و برا و هاوسەرەكانیان ڕۆڵی دیاریكراوی خۆیان لە پاراستن و خزمەتكردن و گەشەسەندنی كۆمەڵگەی كوردەواریدا ببینن بەو پێیەی كە ئافرەت نیوەی كۆمەڵە، زۆر چاك پەی بەوە دەبرد كە ئافرەت و پیاو هەردووكیان تەواوكەری یەكترن و هەریەكە لەوان چۆن ئەركی نیشتیمانیان لە ئەستۆدایە ئاوهاش دەبێت مافیان هەبێ و ڕێزیان لێ بگیرێ بەتایبەتیش لەناو كۆمەڵگای كوردستانیدا.
ئێستا لەگەڵ پێشكەوتنی شارستانیەت و ژیان و پێشكەوتنی مرۆڤ لە هەموو بوارەكانی ژیاندا نیشانەی بەردەوامی و فراوان كردنی ئازادی و تێگەیشتنە لە ژیان، بەڵام دەكرێ ئەو پرسیارە بكەین ئاخۆ ئافرەتانی كورد لە نێو كام لەم ژیانەدا دەژین و توانیویانە چی بۆ خۆیان بكەن؟ ئایا توانیومانە خۆمان وەڵامی پرسیارەكانی ژیان بدەینەوە و بەشداریەكی كارامان هەبێت لە ناوەندەكانی دەسەڵات و بڕیاردا لە ناو كۆمەڵگا و خێزاندا و هەموو چەمكەكانی تری ژیان.
ئێمەی میللەتی كورد لە ئێستادا لە نێو دوو چەرخی جیاوازدا دەژین، لەلایەك دەمانەوێت هەنگاو بنێن و پێش بكەوین، لە لایەكی تریشەوە كەلتورو عەقڵ وتێگەیشتن لە چەمكەكانی ژیان ناهێڵێت بەرەو دنیای ئازادی كرانەوە و شارستانیەت هەنگاو بنێن .لە ڕاپەڕینی ساڵی 1991 ئافرەتان ڕۆلیان بینی و بەشداری كاراو چالاك و بەرچاویان هەبووە، بەڵام پێویستە ڕۆڵی ئافرەتان بەرجەستە بكرێت و ڕەنگ بداتەوە لە گشت بوارەكاندا .
ئەمەش پێویست بە هەڵوێست و چارەسەركردنە لەشێوازی پەروەردەیی خێزانەوە دەست پێدەكات تا دەگاتە پەرەوردەكردن لەناو گشت مەڵبەندەكانی خوێندن كە تاكەكان وا پەروەردە بكرێن و گۆش بكرێن بە هۆشیاریەكی دروست بەرامبەر یەكتر كە هەموان یەكسانن لە بەرامبەر بەدەست هێنانی ئامانج و مافەكان. دابینكردنی هەندێ بواری خزمەتگوزاری و هەلی كارو ئابوری سەربەخۆ كە یارمەتیدەر بێت بۆ ئافرەتان بۆ بینینی ڕۆڵی خۆیان، ڕەخساندنی دەرفەتی وەك یەكی لەبەردەم ئافرەتان و پیاواندا، ئاشنا كردنی ئافرەتان بە ئەزمونەكانی دنیای پێشكەوتوو، ئەوەش بە ڕەخساندنی دەرفەتی ناردنە دەرەوە بۆ دەرەوەی ووڵات، نەهێشتنی ڕێگریەكانی دەبنە بەربەست لەبەردەم گەیشتنی ئافرەتان بەناوەندەكانی بڕیارو ئاستەكانی سەركردایەتی .
ئێمەی ئافرەت بۆ ئەوەی سەركردایەتیەك و بەڕێوەبردنی سەركەوتووانە ئەنجام بدەین لە گشت كایەكانی ژیاندا و لەگەڵ پێشكەوتنەكانی دونیادا بەرە و گۆڕانكاری بڕۆین و تیێبگەین كە وەرگرتنەوەی ماف و یەكسانی و ئازادی بەخشین نیە، بەلكو بەدیهێنانی ماف بەداواكردن نابێت هێندەی بەستراوە بە جوڵە و كارەوە و بێدەنگ نەبوون بەرامبەر هەر نادادپەروەری و نایەكسانیەك كە دەرهەق بەرامبەر ئێمەی ئافرەتان بكرێت، دەبێت بەردەوام بین لە كۆڵنەدان و هۆشیاری و ڕۆشنبیری بۆ كردنەوەی دەرگاكانی ژیان بە دروست و تەندروست.