نۆیەم کۆنگرەی یەکێتی ئافرەتانی کوردستان، نوێبوونەوە بۆ بەرەوپێشچوون

د. ڤیان سلێمان

یەکێتی ئافرەتانی کوردستان، ڕێکخراوی ئافرەتانی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئەمڕۆ ٢١/١٢/٢٠٢٣ نۆیەم کۆنگرەی خۆی لە هەولێری پایتەخت لەژێر ناوی (هێز و توانای ئافرەت، بناغەی پێشکەوتنی ئاشتی و ئابوورییە) دەبەستێت.
بەشێوەیەکی گشتی کۆنگرە لە ژیانی هەر ڕێکخراوێک سیاسی، بێت یان کۆمەڵایەتی یاخود لەسەر هەر بنەمایەک، گرنگی تایبەتی هەیە و وەک وێسگەیەکە بۆ خۆ هەڵسەنگاندن و نوێ بوونەوە و بەرنامەڕێژی بۆ قۆناغەکە.
لێرەدا، بە پێویستی دەزانم بەناوی خۆم و هەموو کادیر و ئەندامانی یەکێتی ئافرەتانی کوردستان، ئەوپەڕی سوپاسی ڕابەری نیشتمانی کوردستان جەنابی سەرۆک بارزانی و هەموو ئۆرگانە پەیوەنددارەکانی پارتیمان، بەشی ڕێکخراوە جەماوەری و پیشەیییەکان، بکەم، کە لەم قۆناغە هەستیار و پڕ ئاڵنگاریەدا و وێڕای هەموو ئەرکەکانیان بۆ پاراستن و پێشخستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان، دەرفەتیان بۆ ڕەخساندین کۆنگرەمان ببەستین و یەکێتی ئافرەتان بۆ قۆناغێکی نوێی کاری ڕێکخراوەیی و خەباتی یەکسانی و نیشتمانی ئامادە بکەین.
وێڕای ئامادەکردنی ڕەشنووسی پرۆگرام و پەیڕەوی ناوخۆ و بنەمایەک بۆ گۆڕانکاری لە پەیکەری ڕێکخراوەیی، هاوکات هەڵبژاردنی دەستەیەکی نوێ بۆ سەرکردایەتیکردنی ڕێکخراوەکە، پێویستە، بەرچاومان ڕوون بێت، کە بەستنی کۆنگرە و ئەنجامدانی ئەو هەنگاوانە وەکوو سەرەتایەکە بۆ قۆناغێکی نوێ و تەنانەت فۆرمێکی نوێ لە کاری ڕێکخراوەیی یەکێتی ئافرەتانی کوردستان، بە درێژەپێدانی کاروانی حەفتا و یەک ساڵەی تەمەن و ئەزموونی ڕێکخراوەکە.
وەکوو کادیرانی یەکێتی ئافرەتانی کوردستان، بە تەواوی دەرک بەوە دەکەین، کە ڕێکخراوەکەمان لەوپەڕی گرنگیدانی سەرکردایەتی پارتەکەمان بە تایبەتی جەنابی سەرۆک بارزانیدایە، بۆیە پێویستە ئەوانەی کە ئەندامانی کۆنگرە، ئەرکی سەرکردایەتی یەکێتی ئافرەتانی کوردستانیان پێ دەسپیرێت، لە ئاست ئەو متمانە و چاوەڕوانییە، هاوکات هەستیاری قۆناغەکەدا بن.
هێڵە سەرەکییەکانی تێکۆشانی یەکێتی ئافرەتانی کوردستان، کە خۆی لە هەر دوو پرسی یەکسانی دەرفەت و دەستکەوت و بەرپرسیاریەتی بۆ ئافرەت و پیاو لە کۆمەڵگەکەمان و سەروەری نیشتمان و خزمەتکردن بە ئامانجە نیشتمانییەکان، دەبینێتەوە، کە بە درێژایی مێژووی یەکێتی ئافرەتان پەیڕەوی لێ کراوە و تەنانەت لە تەواوی ڕێکخراوەکانی دیکەی ئافرەتانی جیا کردووەتەوە، هەر ئەوەیە، کە یەکێتی ئافرەتانی کوردستان لە کاتێکدا ڕێکخراوی زمانحاڵ و داکۆکیکار و بەرگریکاری مافی یەکسانە بۆ ئافرەتانی کوردستان، لە هەمان کات بەرامبەر پرسە سیاسییەکان و پرسی نەتەوەیی و نیشتمانیمان خۆی بە بەرپرسیار دەزانێت و بەرجەستەکاری ڕۆڵی گرنگی ئافرەتە لەم بوارەدا.
دیدگای یەکێتی ئافرەتان بۆ ئافرەتی کورد بە شێوەیەکە کە ئافرەتی کورد پێشکەوتوو بێت لە ئاستی کەسایەتی و ڕۆشنبیری و زانستی، بڕوابەخۆبوو و نیشتمانپەروەر و یەکسانیخواز و هاندەر بێت بۆ ئافرەتانی دیکە، یەکێتی ئافرەتان کاری بۆ بە نموونە کردنی ئەو جۆرەی لە کەسایەتی ئافرەت کردووە و بەرەنگاری ئەو ڕوانگانە بووەتەوە، کە ویستوویانە کەسایەتی ئافرەتی کورد بشێوێنن و لە خۆ پێگەیاندن و بەهێزکردنی کەسایەتی دووری بخەنەوە.
گۆڕانکارییە سیاسی و ئابوووری و کۆمەڵایەتییەکان، سەردەمی بەکرداربوونی دروشمەکان و سەلماندنی ڕوانگەکان، تێگەیشتن لە ئەرکی یەکێتی ئافرەتانی کوردستان لە هەر دوو ڕەهەندی کۆمەڵایەتی و ڕامیاری، لە ڕۆڵ و ئەرکی یەکێتی ئافرەتان لە بەرامبەر سەرجەمی ئافرەتانی کوردستان، نەک تەنیا توێژ و دەستەیەک، هاوکات لە ئەرکی یەکێتی ئافرەتان لە بەرامبەر پارتیمان و ئەوەی چۆن ئەم ڕێکخراوە، لە ئاستی جێبەجێکردنی پرۆژە مەدەنییەکەی پارتی بۆ کۆمەڵگەی کوردستانی بێت، ئەوەش لە چوارچێوەی پرۆژە نیشتمانییەکەی پارتی بۆ کوردستان.
لە هەر دوو ئەم ڕەهەندەوە یەکێتی ئافرەتان، خەباتی خۆی بە گوتار و کردار ئاراستە کردووە و ئەرکەکانی جێبەجێ کردووە، بەڵام قۆناغەکە ئاڵنگاری زیاتری پێیە و میتۆدی کاری ڕێکخراوەییش پێویستی بە گۆڕانکاری هەیە، لەو چوارچیوەیەدا، یەکێتی ئافرەتان دەچێتە قۆناغێکی نوێی تێکۆشان و پێویستە زیاتر کاریگەری خۆی لەسەر ڕای گشتی ئافرەتان دەربخات و کاریگەرتریش نوێنەرایەتی خواست و داواکارییەکانیان بکات و زیاتریش لە ئاست مێژووی ڕێکخراوەکە و متمانەی جەنابی سەرۆک بارزانی بێت.
کۆنگرە لە ئەندام و کادیرانی یەکێتی ئافرەتان و سەرجەمی ئافرەتانی کوردستان پیرۆز بێت و هیوادارم ڕێکخراوی دایک هەموو کات لە ترۆپکی پێشکەوتن و گەشەسەندندا بێت.