كەركوكی دوای هەڵبژاردن

مەشخەڵ كەوڵۆسی

‎هەڵبژاردنیش كرا و ئەنجامەكەی هاتە دەست و، سیناریۆكان هەرچۆن بووبن، بەڕێككەوتن یان بە دەنگدانی ڕاستەقینە، بەڕەزامەندی ئێران و هێزە هەرێمایەتی و ناوخۆییەكان بێت، یان ئۆپشنی هاووڵاتییان، دواجار ئەوە ڕاستییە كە ئێمە لەبەردەم پێشهاتی تازەداین و، پێویستە لەبەردەمیدا ڕابوەستین و قسەی لەسەر بكەین.
‎ئەوەی كە بۆ هێزە كوردییەكانی كەركوك گرنگە، بەلای منەوە چەند خاڵێكە:
‎یەكەم: كورد خاوەنی ئەزمونێكی خراپە لە حوكمكردنی كەركوك و، نەیتوانیوە نمونەیەكی جوان و جێگای دەستخۆشی پێشكەش بكات. ئەوەش هۆكاری زۆربووەو، پێویست ناكات بچینەوە سەریان. بەڵام لەمڕۆ بەدواوە، پێویستی بەئەزمونێكی ترە.
‎دووەم: من پێم وایە سەركەوتنەكەی ئەمجارەی كورد، تەنانەت لای هەندێ حزب، موفاجەئەیە و، مەترسی ئەم حاڵەتەش لەوەدایە كە خۆیان ئامادە نەكردووە بۆ قۆناغی دوای هەڵبژاردن. وایە ئەگەر حسابی دەرچونیشیان كردبێت، پێم وانیە حسابی ئەو ڕێژەیان كردبێت، كە ئەركی زۆر قورس دروست دەكات، لەوانە: مەسەلەی پارێزگاری كەركوك، مادەی 140، كێشەكانی تەعریب و موڵكایەتی، مەسەلەی ڕازیكردنی پێكهاتەكان…هتد، گرنگە ئەوە بزانین كە لایەنی سەركەوتووی هەڵبژاردنەكانی كەركوك، بێ قیبلەنما دەچێتە ناو ئەزمونەكەوە، یان ئێمە بەهەڵەداچووین و نەخشەڕێگەیان پێیە!.

‎سێیەم: پێكەوە كاركردنی حیزبە كوردییەكان مەسەلەیەكی زۆر گرنگی دوای ئەم هەڵبژاردنانەیە، چۆنێتی دابەشكردنی ئەركەكان و ئیدارەدانی قۆناغەكەیە.
‎چوارەم: ئەو واقیعە تازەیەی كەركوك چۆن ڕەنگدانەوەی دەبێت لەسەر كوردستان، ئایا بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان حیزبە كوردییەكان، بەتایبەتی یەكێتی و پارتی چۆن بڕیار دەدەن و بەشداری دەكەن؟.
‎پێنجەم: خاڵێكی تر كە پێم وایە زۆر قسە هەڵدەگرێت، مەسەلەی ئۆپۆزسیۆن كە دووچاری شكستێكی گەورەبوون. ئەوان لەوە دڵنیابوونەوە كە خەڵكی كوردستان ناتوانێت متمانەیان پێ بدات و، حیزبەكانی دەستەڵات بەڕێژەیەكی یەكجار زۆر لەپێشی ئەوانەوەن. ئایا ئۆپۆزسیۆنی كوردی لەم واقیعە تازەیە چی فێردەبێت؟.
‎شەشەم: هەقیقەتێك هەیە كە ئێمە بەردەوام باسی دەكەین و لەشكرێكی پۆپۆلیسیتیش پێچەوانەكەی دەڵێن، بەڵام هەڵبژاردنەكە دواجار شاهیدی دا كە مەسەلەی نەتەوایەتی و كێشەكانی كورد لای تاكی كورد گرنگترن وەك لە بابەتەكانی تر. دواجار تاكی كورد بڕیار ئەدات كەجارێ بۆ ئەو ئەولەویەت ئەوەیە كورد سەربكەوێت، مەسەلەكانی تر، وەك دژایەتی گەندەڵی و دادپەروەری و خزمەتگوزاری، لای تاكی كورد مەسەلەی لاوەكین. هیچ پێشهاتێك ئەم ڕاستییە لاواز ناكات یان پێچەوانەكەی دەرناخات.
‎ئەگەر بەگەزوجاوی ئەو لەشكرە بێت كەلە سۆسیالمیدیا و میدیاكانی ئۆپۆزسیۆنەوە جاڕی نەمانی حیزبەكانی دەستەڵات لێدەدەن، دەبوو حیزبەكانی دەستەڵات تاقە دەنگێكیان نەهێنایە. بەڵام دیارە بڕیاری خەڵك شتێكی ترە و، پێویستە ئەو كەسانەی كە كۆمەڵگەی كوردی و كیشەی ڕاستەقینەی كوردیان نەناسیوە، بەخۆیاندا بچنەوەو، لەگۆشە ڕاستەكەوە سەیری كێشەكانی تاكی كورد و كۆمەڵگەی كوردستان بكەن، نەك بەخواستی خۆیان و بەئاواتی سیاسییەوە بێن، دەستیشانی ئۆپشنەكانی كورد بكەن.

‎سەرەتاییترین خاڵی دوای ئەم پێشهاتە تازەیە، ئەوەیە ئایا حیزبە كوردییە سەركەوتووەكان، مۆدیلێكی تازەی حوكمڕانی پێڕەو دەكەن، یان هەمان تاس و حەمامی پێشتر دەبێت؟.
‎دواجار: ئەگەرچی پێم وایە كێشەی كەركوك و هەموو كوردستان تەنها و تەنها بە سەربەخۆیی كوردستان چارەسەر دەبێت، بەڵام ئەوەی ئێستا دەیبنین، دەتوانین وەك جۆرێك لەبەنجكردنی داوا نەتەوەییەكانی كورد سەیر بكرێت تاكو ماوەیەكی دی.. ئەوەش دوور نیە بە سپۆنسەری نێودەوڵەتی بووبێت، لەم ڕوانگەیەشەوە، مەترسی تێدادەبینم بۆ ڕەهەندی نەتەوەیی كێشەی كورد.