یەکەمین فیستیڤاڵی ڕامان ڕا و ڕوانگە و ڕانان

سالار عوسمان

یەکەمین فیستیڤاڵی ڕامان
ڕا و ڕوانگە و ڕانان

بەشی سێیەم و کۆتایی

فیستیڤاڵی ڕامان بەردەوام دەبێت
دوای ئەو گێڕانەوە مێژووییە، دەبێ وەڵامی ئەم دوو پرسیارەش بدەینەوە، بۆ فیستیڤاڵی ڕامان و ئایا بەردەوام دەبێت؟.
سەبارەت پرسیاری: بۆ فیستیڤاڵی ڕامان؟ .. فیستیڤاڵی ڕامان تا بشێین ڕووداوێکی پۆزەتیڤ لە ساتەوەختێکی ناپۆزەتیڤ دروست بکەین، ساتەوەختێک، کە عێراق لە گێچەڵییەکانی دەرهەق هەرێمی کوردستان بەردەوامە، کورد لەنێوخۆیدا زۆر کۆک و تەبا نییە، باری ژیان و گوزەرانی خەڵک لە ئاکامی نەناردنی مووچە و بوودجە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بۆ هەرێمی کوردستان لە ڕەوشێکی ناجۆردایە، بەشی زۆری چالاکییە کولتوورییەکان یان حزبییانە بەڕێوەدەچن، یانژی کاڵ و کرچن و چاو تێر ناکەن، بۆیە فیستیڤاڵی ڕامان، تایبەت لەم ساتەوەختەدا ڕووداوێکی ڕۆشنبیری هێندە پۆزەتیڤە، کە دەکرێ وەک بەشێک لە چارەسەر بۆ نێگەتیڤییەکان لێی بڕوانین، بەو تێگەیشتنەی، کە ڕووداوی پۆزەتیڤ جێ بە ڕووداوی نێگەتیڤ لێژ دەکات و، کولتوور بۆ خۆیشی چارەسەرە، بەو مەرجەی جەمسەربەندیی بۆ بکرێت دەگەڵ کایەکانی تری ژیان و وەزیفەدار بکرێت و لە ئاستی ستوونیدا بچێتە نێو پراکتیکەوە.
سەبارەت بەو پرسیارەش، کە پرسیاری زۆر لە نووسەران و ڕۆشنبیرانی کوردستانە: ئایا فیستیڤاڵی ڕامان بەردەوام دەبێت؟.. لە وەڵامدا دەڵێن: بەڵێ فیستیڤاڵی ڕامان ساڵانە و لە وەرزی پایزدا و هەر ساڵە و لە ژێر ناونیشانێکدا بەردەوام دەبێت و هەموو قەڵەمە جیاواز و تێگەیشتنە کولتوورییە بەخەمەکان کۆدەکاتەوە و، ئیتر ساڵانە لە ڕووداوێکی پۆزەتیڤی ڕۆشنبیریی گەورەدا پێکەوە دەبین.
لە دوماهیدا سوپاس بۆ هەمووان، لە سەرەتاوە تا ئێستا و بۆ سبەی بۆ لەمەودواش، ئەوەی بە وشەیەک، بە ڕا و ڕوانگا و ڕانانێک، تەنانەت بە سەرنج و ڕەخنەیەکیش بەشدار بووە لە گۆڤاری ڕامان و سەرکەوتنەکانی، لە فیستیڤاڵی ڕامان و خەونەکانی.

ھەواڵی زیاتر