نامه‌ عاشقانه‌كانی نیما

خالید فاتیحی

نامه‌ی دوازده‌ یه‌م

ئازیزه‌كه‌م.

زۆر په‌رێشان ده‌بم كه‌ تۆ تات لێبێت. خۆزگه‌ هه‌موو گه‌رماییه‌كان یه‌كجێ كۆده‌بوونه و له‌جیات ئه‌وه‌ی تۆزقاڵێك له‌ تۆ نزیك ببنه‌وه‌، دڵه‌ لاساره‌كه‌ی منیان ده‌سووتاند.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ئه‌و هه‌موو خه‌ڵكه‌ خه‌راپه‌ هه‌ن، كه‌ كاریان به‌ لاڕێدابردنی خه‌ڵكانی بێ گوناهه‌، ئایا (تا) شوێنێكی دیكه‌ی نه‌دیته‌وه‌ هێرشی بۆ تۆ هێنا؟
له‌به‌ر زۆری بیركردنه‌وه‌ و ئازاری ناخ وا هه‌ستده‌كه‌م تووشی لاوازی و دڵته‌نگی هاتووم. ئاخ! یه‌كسه‌ر ئاگرم ده‌گرت، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش بیرم هه‌ر لای تۆیه‌. چ شتێك له‌وه‌ زیاتر دڵ له‌ په‌ژاره‌و خه‌م نزیك ده‌كاته‌وه‌، كه‌ مرۆڤ خێرا خۆشی بوێیت و هه‌ر زووش ته‌سلیم بێت؟ با له‌وه‌ش بگه‌ڕێین، كام به‌دبه‌ختی له‌وه‌ گه‌وره‌تره‌؟
تۆ تات لێیه‌، نامه‌وێ زۆر قسه‌بكه‌م، به‌ڵام تایه‌كه‌ ته‌واو ده‌بێت، ده‌بێ ئه‌وه‌ش بزانی كه‌ له‌م په‌یوه‌ست بوونه‌دا كارێكی گرنگت كردووه‌، كه‌ زۆر كه‌س به‌ ئاواتی ئه‌و كاره‌بوون و مێژوو و، ئاینده‌ش ته‌ماشات ده‌كه‌ن.
عالییه‌! عالییه‌ بێجگه‌ له‌ من و تۆ كه‌سی دیكه‌ له‌م به‌ینه‌دا نییه‌. هه‌موو شوێنه‌كان تاریك و نادیارن. ئیزنم بده‌ با ئه‌مشه‌و بێمه‌ لات!
‌ ‌‌
نیما
25 گوڵانی 1305
*نامه‌ عاشقانه‌كانی شاعیری ناوداری ئێران، نیما یوشیج (1897- 1959) كه‌ به‌ باوكی شیعری نوێی فارسی ده‌ناسرێ.