خزمەت کردنی حاجیان و مزگەوتی کابە و، ئیمان و بڕوا!

  عومەر چنگیانی

لەوەتەی لە مانگی حوزەیرانی ١٩٩٤ـەوە برایانی قوتابخانەی زەهرام ناسیوە لە تورکیا و باکووری کوردستان، زۆر شتیان لێ فێر بووم و زۆریش لێیان سوودمەند بووم نەخاسمە بۆ حەواندنەوە لە بارەگای قوتابخانەکانیان چ لە ئەستەنبول و ئەنقەرە و بۆرصە وئەنتالیا بێت، یان لە سلوپی و جزیر و میدیات و دیاربەکر و باتمان و بسمل و فارقین و شارەکانی دیکەی باکوور کە ڕێم لێیان کەوتبێت، هەرجاریش دەرفەتیان بۆڕەخساندووم کە لە ناویاندا دابنیشم کۆڕ بگێڕم، یان وەک خۆیان دەڵێن، دەرسێک بڵێمەوە بەخواست و هەڵبژاردنی خۆم بۆ هەر بابەتێک، ئەمجارەیش کە ئەوە لە ٢٤ی١١وە بۆ وەرگرتنی چارەسەر هاتمە ئەنقەرە و پاش تەواو بوونی قۆناغی یەکەم لە زەمەنی تاقیکردنەوەی کاریگەری دەرمانەکان لە ئەستەنبوولم، ئێوارەی ڕۆژی چوارشەمە٦ی١٢ی٢٠٢٣بۆ چەند خولەکێک لە یەکێک لەبارەگاکانیان، لە خزمەتیان بووم دوای ئەوەی بەڕێزێک پێش من بە زمانی تورکی چەند لاپەڕەیەکی لە نامیلکە، یان پەیامەکانی نوور خوێندەوە و چەند بۆچوونێکی جوانی ڕەحمەتی مەلاسەعیدی نەورەسی لەبارەی گرنگیی ئیمان ڕافە کرد، منیش بۆ درێژە دان بە هەمان بابەتی ئیمانی بابەتێکی کورت و کرمانجیم، بە زمانی کوردی و بەزاراوەی کرمانجی ژووروو، پێشکەشکردن و تیایدا چوومە خزمەت دوو ئایەتەی ١٨و١٩ی سورەتی (تەوبە) کە لە ئایەتی ١٨دەدا دەفەرمێت:
(بەڕاستی کەسانێک مزگەوتەکان ئاوەدان دەکەنەوە، کە بڕوایان بەخوا و بە ڕۆژی دوایی هەبێت و نوێژەکان جێبەجێ و پیادە دەکەن و زەکاتی ماڵیان دەردەکەن و هاوکات لە بەدەر لە خوا ناترسن، ئەوانە با هیوایان هەبێت کە لەوانە بن کە خواڕێنمایی کردوون) پاشان لە ئایەتی نۆزدەدا دەفەرمێت: (باشە ئێوە ئاودان بە حاجیان و خزمەت کردن پێیان و ئاوەدانکردنەوەی مزگەوتی کابە – مسجد الحرام – هاوتا و یەکسان دەکەن بە کەسانێک کە بڕوایان بەخوا هێنا بێت و بڕوایان بە ڕۆژی دوایی هەبێت و لە پێناوی خوادا جیهاد بکەن، وەک یەک سەیریان دەکەن؟ لەکاتێکدا کە ئەو دوو لایەنە لای خوا هەرگیزا و هەرگیز یەکسان نین و خوای گەورە – الله – ڕێنمایی ستەمکاران ناکات و سەریان ناخات).
لە ژێر ڕۆشنایی ئایەتەکان و چەندین دەقیتردا تیشکم خستە سەر ئەوەی کە بڕوادار نە بە فرە مزگەوت دروستکردنی کۆنی وڵاتەکە و نە ئێستا تەفرە نەخۆن و بگرە باری نالەباری بژێویی خەڵک چاککردن، لە هەر جێگایەک لە پێش دروستکردن و نۆژەنکردنەوەی مزگەوتی گەورە و ڕازاوەیە و، تەنانەت دەگوترێ کە عومەری کوڕی عەبدولعەزیز – خوای لێ ڕازی بێت – وتوویەتی: ( تێرکردنی گەدەیەکی برسی لە پێشترە لە دروستکردنی کراسی کابە).، کە هەر لێرەیشەوە بیری بڕوادارانی کوردستانی دێنمەوە ئەوانەی کە عەمرەی تریان کردووە پارەکەیان بدەنە هەژارانی زۆری کوردستان بەدووری نازانم خێریان کەمتر نەبێت لە عەمرەکردنی دووبارە.
ئەستەنبوول
٢٦ی جەمادی یەکەمی١٤٤٥
١٠ی١٢ی٢٠٢٣
تێبینی:
دەقی گوتارەکەم بەدەنگ و ڕەنگ لایە بۆ مێژوو .

ھەواڵی زیاتر