پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

کەرکووکییەکان مێژوویان بیرناچێتەوە!..

سالار عوسمان

کەرکووکییەکان مێژوویان بیرناچێتەوە!..

کەرکووکییە ئازیزەکان لەبیرکردنەوەدا ورد و لە کرداردا وریان، دڵسۆز و دڵگەرمن، دەزانن ڕستەی ڕاست و ناڕاست، شاش و باش لەیەکتر جیا بکەنەوە، مێژوویان بیرناچێتەوە و بە هاوارە ناڕاستەکان ڕاستییان لێ ون نابێ، دەزانن کێ لە ساتی قوربانیداندا قوربانی داوە و لە ساتی ئاوەدانیشدا دیوارەکانی هەڵچنیوە، بۆیە چاوەڕێ دەکرێت کەرکووکییەکان دەنگ بە لیستی 197 بدەن، ئەو لیستەی قوربانی بۆ کەرکووک داوە، قوربانییەک کەرکووکییەکان لە هەمووان جوانتر پەسن و وەسفی دەکەن.
پێموایە هەق نییە کەس لەبری کەرکووکییەکان باسی کەرکووک بکات، هەندێ دەخیل هەن، ڕۆژێک بۆ کەرکووک ساردی و گەرمییان نەبینیوە، کەچی ئێستێ دەیانەوێت لە ڕێی باسکردنی کەرکووکدا دەنگ کۆبکەنەوە، لێگەڕێن با کەرکووکییەکان، ئەوانەی لە زەمەنی ڕیفراندۆمدا هاوارییان بۆ ئاشتی و ئازادی و کوردستان دەکرد و دەنگیان بە بەڵێ دا، با ئەوان باسی کەرکووک و خەمەکانی کەرکووک بکەن، لێگەڕێن با ئەوانە باسی کەرکووک بکەن، کە لە ڕۆژانی شوومی شازدەی ئۆکتۆبەردا تراژیدیایان بینی و ماڵیان سووتا و کەوتنە بەر زوڵم و زۆر، با ئەوان باسی کەرکووک و کۆژانەکانی کەرکووکی دڵی کوردستان بکەن و بە دەنگەکانیان کەرکووک بگەڕێننەوە بۆ خەڵکی ڕەسەنی کەرکووک.

ـ بەرەو سەرکەوتنی کەرکووک.
ـ بەرەو هەڵبژاردنێکی سەرکەوتوو
ـ بەرەوە سەرکەوتنی لیستی 197 ی پارتی دیموکراتی کوردستان.