گرنگی ڕێکخراوی یەکێتی ئافرەتانی کوردستان لە چ ئاستێک دایە؟

زهیلە یوسف محمد

خەبات و تێکۆشانی ڕێکخراوی یەکێتی ئافرەتانی کوردستان بۆ گەیشتنە بە ئامانجێک کە پیرۆزیەتی مرۆڤایەتی تێدایە، ئافرەت شان بە شانی رەگەزی پیاو ئەتوانێت پرەنسیپەکان رەوشتی مرۆڤ بوون بپارێزی و پەرەی پێ بدات لە سەر بنەمای یەکسانی و ماف و ڕێز گرتن.
هەبوون یاخود بوونی بونەوەرەکان بە پرۆسە ی وەچەنانەوە تێدەپەرێت کە مێینە ئەرکە گران و سەختەکەی پێ سپێردراوە.خودای پەروەردگار لە مرۆڤدا ئەو بەهرەی بە ئافرەت بەخشیوە، کارلێکە دەرەکیە نەرێنیەکان لەسەر کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی دەبێتە هۆی بەلاڕێدا بردنی هەڵسوکەوتی مرۆڤەکان بەرەو توند و تیژی و ماف زەوت کردن و چەوساندنەوە لە نێوان دەسەڵات و کۆمەڵگە یان لە نێوان تاکەکانی کۆمەڵگە و بەشێک لەو ستەمە دەکەوێتە سەر ئافرەت بە گشتی بۆیە دەبینین لە رودانی هەر کارەساتێکی سروشتی یاخود دەستکرد ئافرەت بەشی هەرە زۆری نەهامەتیەکانی بەردەکەوێ.
لە کۆمەڵگەی کوردستاندا ڕەوشی ئافرەت لە ئێستادا پێویستی هەیە کە توێژینەوە بکرێت و هەوڵی باش کردنی بدرێت بۆ ئەو مەبەستەش کاری پێویستە، جگە لە ئەرکی دەسەڵاتی حوکمڕانی کە دەبێت ئەو کارە بکات بەڵام لەبەر بوونی ئەرکی تر لە سەر حکومەت بۆشایەکی پەیوەندی هەیە لە نێوان دەسەڵات و کۆمەڵگە، لێرەدا دروستبوونی ڕێکخراوەکان ئەو بۆشاییە پڕ دەکەنەوە کە ئەرکی ڕێکخراو بریتیە لە کۆکردنەوەی توانا مرۆییەکەن لە گروپێک یان چەندین گروپ و ئۆڕگانی خۆبەخش یان لە بەرامبەردا داهاتێکیان هەیە و خاوەن بەرنامەیەکی داڕێژراون بۆ ئامانجێکی دیاریکراو هەوڵ و تێکۆشان دەدەن بۆ بەدیهێنانی ئەو ئامانجە بە باشترین شێوە.
دامەزراندنی ڕێکخراوی یەکێتی ئافرەتانی کوردستان لە قۆناغێکی سەخت بوو لە سەردەمی شۆڕش و خەباتی سیاسی و چەکداری. یەکێتی ئافرەتانی کوردستان ڕۆڵێکی گرینگی هەیە لە خەبات و تێکۆشانی میلەتێکی ستەم لێکراو و ژێر دەست، قوربانیەکانی بەڵگەو شاهیدحالی ئەمەن، خۆشبەختانە زۆرێک لەو دەستکەوتانەی مافی ئافرەتان و ئازادیەکان بەرجەستەن و یاساو دەسەڵاتی حکومەتی هەرێمی کوردستان پارێزگاریان لێ دەکات. تێگەیشتن لە ڕێکخراوی یەکێتی ئافرەتان زۆر ئاسانە، بەڵام کارکردن و تێکۆشانی کادیرو ئەندامانی کارێکی گران و کۆسپدارە پێویستی بە کارامەیی و شەونخونی و پشوو درێژیە، گرینگترین شت دڵسۆزی و یەکگرتویی ئەندامانی ئەو ڕێکخراوەیە و پەرەپێدان و گەشەکردنی لە ئەستۆی ئەو ئافرەتە بە توانایانەیە کە لەو ڕێکخراوە کار دەکەن و خۆنەویستن بەرژەوەندی گشتی ئافرەتان لە پێشەوەی بەرژەوەندی تاکە کەسی دادەنێن، هیوا و ئاواتمان ئەو ڕێکخراوە هەردەم سەرکەوتووبێت لەبەر ئەوەی ئەرک و کار و ئامانجەکانی پیرۆزی هەیە.

ھەواڵی زیاتر