وتاری کردنەوەی یەکەمین فیستیڤاڵی ڕامان

ئازاد عەبدولواحید

ئامادەبووانی خۆشەویست.. میوانانی قەدر گران
خوشک و برایانی بەڕێز..

  • پێشەکی بۆ ئامادەبوونتان لە یەکەمین فیستیڤاڵی ساڵانەی ڕامان، بەخێرهاتنێکی گەرمی هەموو لایەکتان دەکەم، بە تایبەتیش بەخێرهاتنی ئەو خوشک و برایانەمان کە لە ئەوروپا و چوار پارچەی کوردستان و شوێنەکانی دیکەی دەرەوەی شاری هەولێرەوە هاتوون، بە پیرەوە هاتنی بانگهێشتنامەکەمان و ئامادەبوونتان لەو فیستیڤاڵەدا خۆشحاڵی کردین، بە هاتنتان و بوونی ئێوە ڕەونەق و گوڕوتینێکی زیاتر بەم فیستیڤاڵە دەبەخشن کە لە جووڵاندنی دۆخی ئەمڕۆی ئەدەبی و فیکری و ڕووناکبیریدا نەخش و کاریگەریی خۆی دەبێ.
  • ئێمە هەر لەو ڕۆژەوەی کەوتووینەتە کارکردن لە گۆڤاری ڕامان، هەوڵمان داوە بە پیشەییبوون و بەوپەڕی ئەمانەتەوە هاوسەنگی بپارێزین، بە چاوی ڕێز و وەک یەکی تەماشای بەرهەم و داهێنانی هەموو ئەو نووسەرانە بکەین کە ڕوویان لێناوین و بابەت و بەرهەمی خۆیانیان بۆ ناردووین. کاتێ دەست پێشخەریمان بۆ بینینی ڕاستەوخۆی نووسەران کردووە و بەسەرمان کردوونەتەوە، یان کە زەنگمان بۆ لێداون، ئەوە نووسەرانی کورد لە هەر کوێی ئەو دنیایە، سەر بە هەر بەرەیەکی سیاسی بووبن، بۆ هەر کارێک داوامان لێیان کردبێ، قەت دەستیان بەڕوومانەوە نەناوە، نەک هەر هاوکار بوون، بگرە ڕێزی زۆریشیان لە ئەرک و ماندووبوونمان گرتووە و بە پەرۆشەوە بە دەنگمانەوە هاتوون، ئەوەندە متمانەیان پێمان هەبووە، تا ئەوپەڕی توانایی خۆیان هاوکاریمان بکەن، لەو کۆمەک کردنەیان گوێیان بەوە نەداوە پاداشت هەیە، یان نییە، کاتێکیش بەهۆی قەیرانی داراییەوە ماوەی (٩) ساڵ پاداشتی نووسین ڕاگیرا، ئەوان نەک هەر دەروەستی پاداشت نەبوون، بەڵکوو کە بەهۆی بارودۆخی سیاسی و شەڕی داسەپاوی داعش و هاتنی ڤایرۆسی کۆرۆنا، کاتێ هەڕەشەی داخرانی گۆڤارەکە هاتە پێشێ، دیسان هەڵوێستی جوامێرانەی ئەو نووسەر و ڕووناکبیرانە بە جیاوازی بیروڕای سیاسییانەوە گەورە بوو، چونکە بە پەرۆشەوە لێمان هاتنە پێشەوە و دیسان پشتوانێکی مەعنەوی گەورەی ئێمە بوون، بۆ ئەوەی ڕامان بمێنێ، تەنانەت پێشنیاری کۆمەکی داراییشیان بۆ کردین، تەنیا بۆ ئەوەی ڕامان نەوەستێ، لێرەدا ناتوانم بێ ئەمەک بم و سپاسی ئەوکەسانە نەکەم، چونکە ئەگەر پشتگیری و هاندانی ئەوان نەبووایە، ئێمە هەرگیز نەماندەتوانی بە درێژایی ئەو هەموو ساڵانە بەردەوام بین و تا ئێرەی بهێنین.
  • لەگەڵ کۆبوونەوەی نووسەران و قەڵەمە جیددییەکان لە دەوری ڕامان، ئیدی ژمارە دوای ژمارە ئەرک و بەرپرسیارێتییەکەمان گەورەتر بوو، نووسەرانی کورد کە لە سەرەتاوە بینییان پرۆژەکەمان پرۆژەیەکی ئەدەبی و ڕۆشنبیرییە و ڕێ و ڕێبازێکی ڕوون و ئاشکرای گرتووەتە بەر، بۆیە هەرچی نووسەری گەورە و بەناو و دەنگ هەن کەوتنە نووسین بۆمان، ئەمڕۆ ژمارەی ئەو نووسەر و داهێنەرانە لە سەدانی تێپەڕاندووە، لەگەڵ ئەوەشەوە ڕامان هەر بە نووسەرە ناسراو و داهێنەرە گەورەکانەوە نەگیرساوەتەوە، بگرە پەلی بۆ جوگرافیایەکی پان و بەرینتر هاوێشتووە، بۆ ئەو مەبەستە هەر نووسەرێکی باش لە هەر کوێی کوردستان، یان دەرەوەی کوردستان (لە وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکا و ئوسترالیا) بووبن، ئەوە پێوەندییان پێوە کراوە و ناویان لەسەر لاپەرەکانی (ڕامان)دا دەبینرێن، ئەوانە دوای ئەو هەموو ساڵانە و تا ئێستاشی لەگەڵدا بێ، ڕامان بە گۆڤاری دڵخوازی خۆیان دەزانن و ناوازەترین نووسین و بەرهەمەکانی خۆیانی تێدا بڵاو دەکەنەوە. یەکێکی دی لە خەسڵەتەکانی ئەو گۆڤارە کە بە خەمی سەرەکی خۆی زانیوە، دروستکردنی دیالۆگی نێوان نەوەکانە کە دەق و نووسین و بەرهەمی ڕەخنەیی و فیکری چەند نەوەیەکی تێدا دەخوێنرێتەوە، دەق و نووسینی نووسەرێکی پێشەنگ لە پاڵ دەق و بیروڕای ڕەخنەیی لاوێکی موژدەبەخشی تازە هەڵچوو بەدی دەکرێ، کە بەدوا تەکنیک و شێوازی نووسین دەنووسێ، ئەو نەوانە پێکەوە و شان بە شانی یەکدی لە ڕاماندا هەن.
  • ڕامان، کە لە یەکەم ژمارەیەوە تا ئەمڕۆ، پرۆژەیەکی ئەدەبی و کولتووری کوردانەی کۆکەرەوە بووە، باوەڕی بە هەمەچەشنیی بووە لە ئەدەب و ڕۆشنبیریدا، ئایدیۆلۆژیای بە ژەهری داهێنان و ئەدەب زانیوە، تەنیا ئایدیۆلۆژیایەک کاری لەسەر کردبێ، ئایدیۆلۆژیای داهێنان بووە، کە ئایدیۆلۆژیایەکە هەمیشە لە جووڵاندایە و ئینسان بەرەو گۆڕانکاری دەبات و جیهانبینی دەگۆڕێ، ئەو پرۆسەیەش زۆر بە شێنەیی ڕوودەدات و ناراستەخۆ بەرهەمی دەبێت، بۆیە لە وڵاتی ئێمەدا چەندی داوودەزگای کولتووری و ئەدەبی و فیکری زۆر بن، چەندی بایەخ بەو لایەنە گرنگەی ژیانی کوردەواری بدرێ، هێشتا کەمە، لەو سۆنگەیەوە ئێمەش وەک ڕامان خۆمان لە زۆر داوودەزگای دی لە پێشتر دەزانین بۆ سازدانی ئەو جۆرە فیستیڤاڵانە، چونکە لەوەتای هەین بەرپرسانە و بە ڕەهەندێکی نەتەوەییانە کارمان کردووە، لەم ڕووەوە ناوەندی ئەدەبی و ڕووناکبیری و سەرجەم نووسەرانی کورد ئەو گەواهییەمان بۆ دەدەن کە بە درێژایی ئەو ساڵانە بە دووریی یەک مەودا، مامەڵەمان لەگەڵ قەڵەمی هەموو نووسەرێک کردووە، هەر ئەوەیشە سەنگینی گۆڤارەکەی پاراستووە و وای کردووە لە هەموو بارودۆخە سەخت و نەخوازراوەکانیشدا بە سەدان قەڵەمی گرنگ کە سەر بە سەنگەری سیاسی و فیکری جیاوازن، لێی کۆببنەوە.
  • بۆ تەواوکردن و کامڵترکردن و گەیاندنی پەیامەکانمان دەبوو بیر لە سازدانی فیستیڤاڵێکی ساڵانەی لەو شێوەیە بکەینەوە تا زیاتر بە ئەرکە کولتووری و فیکری و مێژووییەکانمان ڕابگەین.. ئەگەر زووتر دەستمان پی نەکردووە و نەمانتوانیوە نەخشێکی دیار و بەرچاوترمان لە جووڵاندن و بەرەوپێش بردنی دۆخی ئەدەبی و ڕووناکبیریدا هەبێ، خەتای ئێمە نییە، چونکە لە دوای نەوەدەکانەوە لە غەمی ئەو جۆرە کارانەدا بووین و هەستمان بە پێویستی و گرنگیی ئەو جۆرە فیستیڤاڵ و کۆڕ و سیمینارانە کردووە، بۆ بەبیرهێنانەوە، ئەرشیڤەکەمان پێمان دەڵێ لە ماوەی ساڵانی ڕابوردوودا لە هەولێر زۆر کۆڕ و سیمینار و فیستیڤاڵی گرنگمان بۆ کارەکتەری ئەدەبی و فیکری و هونەری کردووە، هەفتەی ڕۆشنبیریمان بۆ ڕۆشنبیران و نووسەران و داهێنەرانی سلێمانی ساز کردووە، فراوانترینیان فیستیڤاڵێکی زۆر گەورە بوو کە ساڵی 1999 لە پێنجەم ساڵیادی (ڕامان) سازمان دا، هەروەها بەبۆنەی دەرچوونی (200) ژمارەی ڕامان فیستیڤاڵێکی گەورەمان کرد، کە زۆر پانێڵی گرنگی لەبارەی ئاریشەکانی ڕۆشنبیریی کوردی تێدا پێشکەش کرا، لەوانەیە لەبەر پچڕ پچڕی کاتی گرتنی ئەو سیمینار و فیستیڤاڵانە و بەردەوام نەبوونمان لەسەریان پێمانەوە دیار نەبووبێ، بۆیە دەکرێ ئەو فیستیڤاڵەی ئێستامان سەرەتایەکی باش بێ، ئەگەر ببێتە نەریتێکی ساڵانە و پشتیوانی لێ بکرێ، دڵنیام ساڵانی دادێن باشتر پەیامەکانی خۆی دەگەیەنێ.
  • ئەمڕۆ کە گۆڤاری ڕامان بووەتە سەکۆیەکی ئازاد و دەنگی سەرجەم داهێن و قەڵەمە جیددییەکان، متمانەیەکی زۆری لەلای خوێنەرانیش بە دەستهێناوە، بۆیە وەک نەریتێک هەموو ٥ی مانگێک لە کاتی خۆیدا ژوانیان لەگەڵیدا هەیە و بە تاسەوە دەیخوێننەوە. ئەوەی مایەی خۆشحاڵیمانە و شانازیشی پێوە دەکەین، ئەمڕۆ ڕامان بووەتە تەمەن درێژترین گۆڤاری ئەدەبی لە ناو ڕۆژنامەگەری کوردیدا، کە بە پشوویەکی درێژەوە بەردەوامە لە دەرچوون، هەر نەشدەکرا ئەو پەرۆشییە بۆ زمان و داهێنان و نوێگەری، هەوڵەکان تەنیا لە دووتوێی ئەو گۆڤارەدا قەتیس بمێنن و دیالۆگی هەمەلایەن و قووڵتریان لە بارەوە نەکرێ و بۆ فیستیڤاڵێکی ساڵانە نەیگوێزرێنەوە، بۆیە خەونەکانی ڕامان تەنیا بە دەرکردنی گۆڤارێک کۆتایی نایەت، هیوامان زۆرە لە ئایندەدا هەنگاوی گەورەتر بهاوێ، ئەو هەنگاوەش کە یەکەم هەنگاوی خاکەڕایە، دڵنیام لە کەموکووڕی بەدەر نییە، هیوادارین لە ساڵانی داهاتوودا پۆشتەوپەرداختر خۆی بنوێنێ.
  • لەبیرم نەچێ لێرەوە داوای لێبوردن لەو هاوڕێ ئەدیب و نووسەر و توێژەرانەمان بکەین کە ئەمساڵ نەمانتوانی بۆ ئەو فیستیڤاڵە بانگهێشتیان بکەین، بمێنین لە ساڵانی داهاتوودا ئەوانیش بۆ پانێڵ، یان ئامادەبوون بەسەر دەکەینەوە، بۆ ئەم جارە هەر ئەوەندەمان لە دەست هات، دەبێ بە دڵی گەورەی خۆیان بمانبەخشن.
  • لە کۆتاییدا بە پێویستی دەزانم سپاسی گەرمی خۆم ئاراستەی هەوڵ و ماندووبوونی هەموو ئەو بەڕێزانە بکەم کە پاڵپشتیان کردین، چ وەک داوودەزگای کولتووری و ڕاگەیاندن، یان هاوکارەکانمان لە ڕامان و دەرەوەی ڕامان کە دڵسۆزانە کاریان بۆ سەرخستنی کارەکان کرد، ئێمە قەت لە چاکەیان دەرناچین.. چیخۆڤ گوتەیەکی جوانی هەیە کە دەرفەرموێ: لە دنیای نووسیندا (خادم و سەید – گەورە و خزمەتکار) هەیە، ئێمە لە سەرەتاوە کە دەستمان داوەتە ئیش کردن تا ئەمڕۆ، خۆمان بە خزمەتکاری گەورەکان زانیوە، کە داهێنەر و بیرمەند و تیۆریزەزان (منظر) و کەسە درەوشاوەکانی دنیای ئەدەبیات و فیکر و نووسین و داهێنانن، بەڵێنیشمان داوە تا سەر هەروا بمێنینەوە.
    *سەرنووسەری گۆڤاری ڕامان
ھەواڵی زیاتر