سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

له ‌یادی رۆژنامه‌ی هه‌ولێردا

                    خالید فاتیحی

رۆژنامه‌ی هه‌ولێر به‌ چه‌ندان قۆناغی جیاوازدا تێپه‌ڕیوه‌. به‌تایبه‌ت دوای پرۆسه‌ی ئازادی عێراق و دیسان هاتنه‌وه‌ی بۆ ناو دنیای رۆژنامه‌گه‌ری كوردی، ده‌كرێ بڵێین بۆته‌ ئه‌ستێره‌یه‌كی پڕشنگدار له‌ دنیای رۆژنامه‌گه‌ری كوردیدا. ئاخر رۆژنامه‌ی هه‌ولێر توانیویه‌تی هه‌موو ره‌هه‌ندو ده‌ریچه‌كانی رۆژنامه‌گه‌ری وه‌ك رۆژنامه‌یه‌كی پڕۆفشناڵ پڕبكاته‌وه‌. هیچ كه‌لێن و قوژبنێك نه‌ماوه‌ ئه‌م رۆژنامه‌یه‌ سه‌ری به‌سه‌ردا نه‌كاو تیشكی نه‌هاوێته‌ سه‌ر.
هه‌موو رۆژێ رۆژنامه‌ی هه‌ولێر وه‌ك شنه‌بایه‌ك سه‌ر به‌ زۆربه‌ی ماڵ و ده‌زگاو كتێبخانه‌كاندا ده‌كات. ئه‌و رۆژنامه‌یه‌ سروه‌ی سه‌حه‌رێكی تازه‌ی پێیه‌، كه‌ تژییه‌ له‌ جوانی و خۆشه‌ویستی و نیشتیمان په‌روه‌ری.
نیشتیمان دۆستی یه‌كێكه‌ له‌ خه‌سڵه‌ته‌كانی رۆژنامه‌ی هه‌ولێر. ئاخر به‌بێ نیشتیمان و خۆشه‌ویستی نیشتیمان كۆڵه‌كه‌ی بنیاتنانی كوردستانێكی سه‌ربه‌خۆ لاسه‌نگه‌، بۆیه‌ ئه‌م رۆژنامه‌یه‌ ویستوویه‌تی ئه‌م لاسه‌نگییه‌ راستبكاته‌وه‌.
من وه‌ك نووسه‌رێك ئه‌وه‌ی له‌ رۆژنامه‌ی هه‌ولێردا ده‌یبینم، كه‌متر له‌ رۆژنامه‌كانی دیكه‌دا بینیوومه‌، ئه‌ویش گرنگیدانه‌ به‌ ئه‌ده‌ب و كولتوور. له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌و دوو چه‌مكه‌ دوو چه‌مكی زیندووی ناو كۆمه‌ڵگان و لا لێكردنه‌وه‌یان كارێكی زۆر پێویسته‌.
خاڵێكی دیكه‌ كه‌ زۆر سه‌رنجی من راده‌كێشێ كۆكردنه‌وه‌ی قه‌ڵه‌می جیاوازه‌ له‌و بواره‌دا، كه‌ ئه‌م رۆژنامه‌یه‌ زۆرترین قه‌ڵه‌می له‌ ده‌وری خۆی كۆكردۆته‌وه‌.
هیوای سه‌ركه‌وتن و به‌رده‌وامی بۆ رۆژنامه‌ی هه‌ولێر و ستافه‌ به‌ڕێزه‌كه‌ی ده‌خوازم.
یادی ده‌رچوونی رۆژنامه‌ی هه‌ولێر پیرۆزبێت.