ڕەنگی نیشتمان لەهەناوی( ڕۆژنامەی هەولێر)ـدا

ئازاد پێنجوێنی

هەرمیلەتێک ڕۆژنامەی ڕۆژانەی نەبێ ئەوا تەواوی ڕۆژەکانی بێنامەو بێ پەیام دەبێ چەندە جوان و ناوازەیە کە لەپانتایی ئەم خاکەدا ڕۆژنامەیەکی دەگمەن پیتەکانی وەک چنارهەمیشە بەپێوە وەستاوە. چەند شکۆو بەویقارە ڕستەکانی لە ئاوەزی مرۆڤایەتیدا وەک خوناوی باران پەیامی دەگەیەنێ بەژیان دۆستیمان.چەند بەهەیبەتە لاپەڕەکانی بەڕێگای ژیاندا چەشنی مامز ڕادەکاتە ناخی تامەزرۆکان. ئەم گوڵە گەنمەی کەمن پێتان ئاشنادەکەم ڕۆژنامەیەکە لەوێنەی کەمە ڕەنگاڵەییەکە چەشنی ڕێواسی کانی باخی و چیاکانی قەڵای هەولێرو قەڵای کچێ و دمدم خۆڕاگرەو مێخی داکوتیوە و سەری بڵندو هەمیشە لە شەبەنگی ئاسمانە.
ڕۆژنامەیەکە جگە لەوەی هیچ شتێکی ئەم گەردوونە پیسی نەکردووە بەڵکو بۆتە هۆکاریش بۆ خاوێن ڕاگرتنی خاک و هەست ونەستی مرۆڤایەتی.
لەنیشتمانم پرسی بۆچی ئاوا ئازادانەو بەهیواوە بەناوتا گوزەردەکات لەوەڵامدا نیشتمان وتی ئاخر پاداشتەکانی بەقەد دەهێندەی ماندوبونیەتی. ئەو ئازادە چۆن پێ لەسەر هەناوم بنێت چونکە قەرزاری من نیە من قەرزاری ئەوم.
لەشۆڕشگێڕێکم پرسی بۆئاواتەخوازن لەتەکیدا سەیری خۆربکەن لەوەڵامدا وتی، بەدرێژایی تەمەنی وانەی پاکیەتی و خۆشەویستی نیشتمانی پێ وتووین. لە کێوەکانم پرسی بۆبەدڵ پاراستوتانە وتیان ئاخر هەموو چرکەیەک بانگی بڕواو بۆنی سەربەخۆیی لێوە دێت.
لەوەرزشوانەکانم پرسی لەنێو ستادیۆمی پێشەنگ بوونتاندا چۆن لێی دەڕوانن. وتیان، بەرەبه یانی موژدەهێنەری خۆشەویستی بێ سنووری وەرزشەکانمانە.
لەتەواوی ڕۆشنبیرانیشم پرسی دەیان ووت، چێژی سەرمەستی هونەرو دونیای ڕۆشنگەریمان پێدەبەخشێ لەنێو شاڕێی شەقامی لاپەڕەکانیدا.
لەخۆشم پرسی وەک نووسەرێک هۆکار چیە (ئازاد) دڵت لەنێو لاپەڕەکانیدا بەئارامی لێدەدات ئەمە وەڵامی من بوو:” ئەی ڕۆژنامە ناوازەکەی زایەڵەی دەنگی هەق، تۆ ڕۆژنامەی، تۆ هەولێری، دوو ناوی جوانی لەیەک ڕۆحی بێگەردا خاوەنی گشت هەواڵنێرانی، بوویتە یەک ئاوات و ئامانجمان، ناویشت لێنراوە ڕۆژنامەی هەولێر، پیرۆزە یادی تۆ جوانترین هەواڵنێر”.
تۆ ئازادی بەخش و ڕێنیشاندەری بۆ هەڵماڵینی ڕاستی و چاوساخ و لالەی شەمعی ڕۆشنگەری و ڕۆشنفکرو دونیای ئابووری و ڕامیاری و چەندان گۆشە نیگای ئاوێزانی خوێنەرانیت.
ئێمەی ئازاد، ئازادیمانە لەداری ژینی ئازادی نووسینەکانی سەر دڵت لەگەورەیت لەچەشنی هەمەڕەنگیت
دەگەینە ویساڵی ڕۆحێکی ئازاد لەنامەو پەیامی ڕۆژەکانی دەرچوونتدا. بویتەتە ئیشراق و پاشەکەوتی خۆرمان بۆدەکەیت. هەموو سبەینانێ لەشریتی بینایماندا بەرەو بەرچاو ڕوونیمان دەبەیت. وێنەی گۆشەکانت هەمان ڕەنگی تابلۆی گوڵەبەڕۆژەکەی (ڤان کوخ)ـه مەزنە کە چۆن شنەبا دەیان لەرێنێتەوە. دڵێکی گەورەت هەیە ڕۆژەکانی ژیانت لەخۆتا بەرجە ستە کردوە .فەرهەنگێکیت کە بەردەوام گفتوگۆ لەگەڵ ڕاپۆرت و کلتورو هونەرو وەرزش و شیعرو چیرۆک و هەمەڕەنگ و ڕەنگی ژیان دەکەیت، هەرئەم ڕۆژنامەیەیە بانگهێشتمان دەکات بۆئازادی، ماف،سەروەری،زۆرشتی جوانی تر. بۆ ئازادیە ڕەهاکان کە هەمووڕۆژێک لەدایک دەبێ و لەهەمبەر لوتکەکانی سەرکەوتنیدا ئاماژەیەکی فرە ڕەهەندە بۆ یارانی.
ڕۆژنامەی هەولێر باس لە ڕەنگی نیشتمان دەکات باوەشی گەرمی و ڕۆشنایی ووشەکانی بۆهەموو چین و توێژەکانی سەرعەرشی نیشتمانی ئازادە. هەمووان وەرن بەبێ وچانی و دوورمەودا و ڕوو وەرگێڕی و بێ جیاوازخوازی با جوامێرانە بەنێو شەقام وکۆڵانەکانی ئەم ڕۆژنامەیەدا هەنگاوبنێین تاوەکو لەنێو پەنجەرە واقعیەکانییەوە ڕووی تەواوی ڕاستەقینەی لەخۆماندا بەدی بهێنین. وەرن با لە ئێوارانی گوڵ عوزاریدا گوڵی ئازادی و فریاد ڕەسی بکەینە باخچەیەکی مەزن کەبۆئەوەی بتوانین بەهۆی خونچەکانیەوە ببینە شەونمی خوێندنەوەی بەردەوامی ئەم ڕۆژنامەیە. چونکە خامەیەکی بەجەرگەو عاشقە بەسەربەستی و گیان فیدایی و پێشمەرگەیەکی خاکە لێوە کە لێوان لێوە لەئازایەتی و تێکۆشەرە بۆ خەباتی کوردایەتی. ئاخر گەردیلەکان کاریان خوێن هێنەرو خوێن بەر بێ، ئەوا هەولێر شادڵی چەندین کاری کاریزمایەو هەقیقەت خۆی پێ سپاردوە تاوەکو بۆ هەتایە پەیڤی ڕاستەقینە پەرستی فێری هەمووان بکات لەڕوانگەی خۆنمایش کردنی هەموو ڕۆژەکانیەوە..

ھەواڵی زیاتر