له ئایندەدا بەشی منداڵان دەکەینە پەرتوک

کـاروان عـەلـی*

یەکەم ژمارەی ڕۆژنامەی هەولێر مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ چەندین ساڵ یادی تێپەڕاندووە، لەبەر ڕۆشنایی مێژووەکەی و چەندین بابەتیتر، پێم وایە ڕۆژنامەی هەولێر، ڕۆژنامەی دایکە، چونکە بەردەوام لە هەموو هەنگاوەکانی گۆڕانکاری و وەرزی دەرچونی
گرنگی بە لایەنی ئەدەبی و هونەری کەلتوری داوە، ئەمە جگە چەندین بواری گرنگیتر، بێگومان ئێستاش زۆر بە گرنگییەوە بایەخ بە گرنگترین توێژ دەدات کە منداڵانە، بەشی منداڵانی ڕۆژنامەی هەولێر مۆمێکی گەشاوەی ناو ڕۆژنامەی هەولێره، توانیویەتی دەیان نوسەری بە ئەزموون کۆبکاتەوە و دەروازەیەک بووە بۆ چەندین نوسەری تازە پێگەیشتوو، یاخود وەرگێڕی جوان، لە هەرچوار پارچەی کوردستان و دەرەوەی وڵات، ئەمە نیشانەی زیندووبوونی بەشی منداڵان و ڕۆژنامەکەیە، بەشێوەیەکی گشتی، ئەوەی جێگای دڵخۆشییه، بەشی منداڵانی ڕۆژنامەی هەولێر، هەمیشە لەناو باخچە و قوتابخانە و شوێنە گشتییەکان و تەنانەت لە ناوماڵان، لە ژێر دەستی منداڵان و مێردمنداڵان و دایک و باوکاندایە، دڵنیام هۆکاری ئەم سەرکەوتنە دەگەڕێتەوە بۆ خەمخۆری نوسەرانی منداڵان و هەست کردن بە بەر پرسیارییەتییان، چونکە هەر لە ژمارە سەرەتاییەکانەوە، تاوەکو ئێستا هەمووان بەبێ ماندووبوون خزمەت بە منداڵانی کورد دەکەن، لەم بەشە جوان و پێویستەدا، ڕۆژی 5_10-2022 کە(1) یەکەم ژمارەی بەشی منداڵانی هەولێربوو، لە ژمارە ( 3731) بوو بە ڕۆژێکی مێژوویی و شکاندنی کەمێک لە توێنییەتی منداڵانی کورد و نوسەرانی منداڵان، چونکە لەو ساتەدا تاوەکو ئێستاش هیچ ڕۆژنامە و گۆڤارێک بەم شێوەیە هەفتانە بەچەند پەڕێک خزمەت بە منداڵان و نوسەران ناکات بەبێ دابڕان، دڵنیام ئەمە بۆ ڕۆژنامەی هەولێر و بەندە و نوسەرانی ئازیز جێگای دڵخۆشییه، لای منداڵان و نوسەرانی خەمخۆر ڕوونە ئەم بەشە سەرەتا هەفتەی پەڕێکی بۆ تەرخان دەکرا، بەڵام خۆشبەختانە ئێستا لەبەر پێویستی و گرنگیدانی زیاتر بە هەموو ژانرەکانی ئەدەبی منداڵان و منداڵان و نوسەرانی هێژا، ڕۆژنامەی هەولێر هەفتەی دوو ڕۆژی لە ڕۆژانی دووشەممه و چوارشەممە تەرخان کردووە، بۆ منداڵان و نوسەرانی خامە زێڕین، لەم یاده پیرۆز و جوانەدا مژدە دەدەینە منداڵان و نوسەرانی دڵسۆز، بەردەوام دەبین، لەخزمەتی ئێوە دادەبین، هەروەها لە ئایندەدا بەشی منداڵانی ڕۆژنامەی هەولێر لەیەکەم ژمارەیەوە دەکەینە پەرتوکێک یان چەند پەرتوکێک بەناوی ئەستێرەکانی هەولێر.

*بەرپرس و سەرپەشتیاری بەشی منداڵانی ڕۆژنامەی هەولێر.

ھەواڵی زیاتر