گرنگیی بەشی منداڵان لە ڕۆژنامەی هەولێر

ڕۆستەم خامۆش

زۆرجار باس لە گرنگیی نووسین بۆ منداڵان دەکرێ و دەگوترێ ئەدەبی منداڵان پێویستە زیاتر لای لێبکرێتەوە و بایەخی زۆرتری پێبدرێ، بێگومان ڕاستە، بەڵام ئەوەی کە زۆر گرنگ و پێویستە، بڵاوکردنەوەی ژانرەکانی ئەدەبی منداڵانن، وەک (شیعر، چیرۆک، ئۆپەرێت.. هتد)، چونکە هەموومان هاوڕاین کە نووسینی شیعر و چیرۆک بۆ منداڵان گرنگ و پێویستن، بەڵام بڵاوکردنەوە و گەیاندنی بە خوێنەرانی، گرنگترە، چونکە تا نەگاتە خوێنەران، سوود و کەڵکی لێوەرناگیرێ، بەڵام چۆن و بە چ ڕێگە و شێوازێک ئەو تێکستانە بە ئاسانی دەکەونە بەر دیدەی گەشی منداڵان؟
بەڵێ بە زۆر ڕێگەی جیاواز دەتوانرێ پەیامی ئەدەبی منداڵان بگەیەنرێ بە خودی منداڵان، بۆ نموونە لە ڕێگەی (کتێب، نامیلکە، گۆڤار، ڕۆژنامە، ڕادیۆ، تەلەفزیۆن، سۆشیال میدیا.. هتد)، کەواتە گرنگ گەیاندنی پەیامی ئەدەبی منداڵانە، بەڵام باشترینیان (کتێب و نامیلکە و گۆڤارە)، چونکە تایبەت بە خۆیانە و هەموو بابەت و وێنەکان بۆ ئەوان گونجاون، وە منداڵ دەتوانێ بە ئاسانی بیان خوێنێتەوە و پاشان هەڵیان بگرێ و بیانپارێزێ، واتە کتێب و نامیلکە و گۆڤار، بۆ ماوەی چەندان ساڵ مانەوەیان مسۆگەرە.
لە دوای ڕاپەڕینی ساڵی (١٩٩١)ـەوە، چەندان گۆڤاری تایبەت بە منداڵان خزمەتێکی باشیان کرد و بوونە هاوڕێی منداڵان، چەند ڕۆژنامەکیش لاپەڕەی تایبەتیان بۆ منداڵان تەرخان کرد، کە لە ئەنجامدا کۆمەڵێک شیعر و چیرۆکی تایبەت بە جیهانە ڕەنگاڵەییەکەی منداڵان بڵاوکرانەوە.
دواتر زۆربەی هەرە زۆری گۆڤارەکان لە دەرچوون وەستان، جا بە هەر هۆکارێک بێ، ڕۆژنامەکانیش لاپەڕەی تایبەت بە منداڵانیان نەما، بۆیە دەتوانین بڵێین ڕۆژنامەگەریی منداڵان تاڕادەیەک بەرەو لاوازیی چوو، زیانمەندی یەکەم و سەرەکیش خودی منداڵان بوون، وە بووەی هۆی نیگەرانیی نووسەرانی ئەو بوارە.
بەڵام خۆشبەختانە لە پاییزی ساڵی (٢٠٢٢)دا، ڕۆژنامەی هەولێر، دەرگەی بۆ ئەدەبی منداڵان کردەوە و بووە ترووسکاییەک بۆ منداڵانی کوردستان، وە بەڕاستی بووە جێگەی دڵخۆشی و خۆشحاڵی شاعیران و نووسەرانی بواری منداڵان، چونکە نووسەران بە گەرموگوڕیەوە لە زۆربەی دەڤەر و شارەکانی کوردستان شیعر و چیرۆکەکانیان بۆ ڕۆژنامەی هەولێر ڕەوانە دەکەن، وە نووسەری بواری منداڵان «م. کاروان عەلی» سەرپەرشتی بەشی منداڵان لە ڕۆژنامەی هەولێر دەکات، بۆیە لێرەوە بە پێویستی دەزانم پێزانینی خۆم بگەیەنم بە هاوڕێی ئازیزمان «م. کاروان عەلی»، کە خۆی شاعیر و نووسەری بواری منداڵانە و وەک خەمخۆر و دڵسۆزێکی ئەدەبی منداڵان، ئەرکی سەرپەرشتیکردنی لاپەڕەی تایبەت بە منداڵانی گرتووەتە ئەستۆ، کە لەو ماوەیەدا چەندان شیعر و چیرۆکی ناسک و جوان کەوتنە بەر سۆمای چاوی منداڵان، وە دەستخۆشیمان بۆ ستافی ڕۆژنامەی هەولێر، کە تا ئێستا بەردەوامییان بەو کارە گرنگە داوە، چونکە پێمان وایە مێژوو وەک خۆی دەینووسێتەوە و دەبێتە جێگەی بایەخی لێکۆڵەرانی ئەدەبی منداڵان.
ئەگەر ئاوڕ لە ڕابردووی ڕۆژنامەگەریی کوردی بدەینەوە، دەبێ بگەڕێینەوە بۆ یەکەم ڕۆژنامەی کوردی، کە ڕۆژنامەی (کوردستان)ـە، کە یەکەم ژمارەی لە قاهیرەی پایتەختی میسر لە (٢٢)ی نیسانی (١٨٩٨) دەرچووە، کە ئاماژە بەوە دەکرێ ئەو ڕۆژنامەیە منداڵانی لە بیر نەکردووە، واتە لە یەکەم ڕۆژنامەی کوردی نووسین بۆ منداڵان جێگەی بایەخ بووە.
بۆیە گرنگیدان بە منداڵ، گرنگیدانە بە زمانی دایک و دڵسۆزیی و خەمخۆرییە بۆ نەتەوە و نیشتمان، بەڵێ ئەوانەی بایەخ بە (ئەدەب و پەروەردە و ڕۆشنبیریی منداڵان) دەدەن، ئەوانە بە ئومێدەوە لە ئایندەی گەشی وڵات دەڕوانن.
بۆیە پێمان وایە لە ئێستادا، ئەو شیعر و چیرۆکە بڵاوکراوانە لە ڕۆژنامەی هەولێر، سوودیان زۆرە بۆ منداڵان، وە هەم لە داهاتووشدا دەکرێ توێژینەوەی ورد و گرنگ لەبارەی بەشی منداڵانی ڕۆژنامەی هەولێر بکرێ.

ھەواڵی زیاتر