گۆڤاری هەولێر چۆن دەرچوو!

فوئاد سدیق

سەرەتای شوباتی ساڵی 1998 بە بڕیاری مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان، من وەك دەستەی نووسەرانی ڕۆژنامەی برایەتی( خەبات ی ئێستا) دامەزرام، هەر بە دوای چەند ڕۆژێك لە دامەزراندنەكەم، كرام بە دەستەی نووسەرانی گۆڤاری سەنتەری برایەتی، ئەوكات برایانم كاك ئاسۆ كەریم سكرتێری نووسین و كاك ئازاد حەمەدەمین دەستەی نووسەرانی گۆڤارەكە بوون. ژمارە سێی گۆڤارەكە لە چاپخانە بوو، كۆمەڵێك بابەتیش بۆ ژمارە چوار هاتبوو، واتە تا ڕادەیەك ژمارە چواری گۆڤارەكەش لە دەرەوەی خواست و ئارەزووی مندا بوو، بەڵام هەوڵمدا لە ژمارە پێنجی گۆڤارەكەوە، كە تەواوی بابەتەكان من تاوتوێم دەكردن ئینجا بڵاودەكرانەوە، بەڵام سكرتێری نووسین و دەستەی نووسەران جار جارە بابەتێكیان بۆ دەناردم، بەڵام من تا ڕادەیەكی زۆر لە چۆنێتی بڵاوكردنەوەیان ڕۆڵم دەبینی. ڕەنگە لە داهاتوودا چۆنییەتی ئەو گۆڕانكارییانەی بەسەر ئەو گۆڤارەدا هات، تا كردم بە گۆڤارێكی ئەكادیمی و ستراتیجی بۆ كاروباری كوردستانی، بینووسمەوە، چونكە بابەتێكی تەواو لەو نووسینەی ئێستام جیاوازە.
دوای دامەزراندنی من بە دەستەی نووسەرانی گۆڤاری سەنتەری برایەتی، زۆری پێ نەچوو، برای بەڕێزم كاك فەیسەڵ دەباغ یش وەك ئەندامی دەستەی نووسەرانی گۆڤارەكە دەستبەكار بوو. بەڵام من بە فەرمی ئەندامی دەستەی نووسەرانی ڕۆژنامەی (برایەتی)ش بووم.
من و كاك فەیسەڵ لە یەك ژوور دەواممان دەكرد، ڕۆژێك بیرمان لەوە كردەوە بۆچی گۆڤارێك بۆ هەولێر دەرنەكەین؟ كە تایبەت بێت بە كولتوور و نەریت و رۆشنبیری و ئابووری و كۆمەڵایەتی و مێژووی زیاتر لە دە هەزار ساڵەی هەولێر؛ چونكە وەك زوبێر بیلال ی مێژوونووس لە چەندین شوێنی نووسینە مێژووییەكانیدا جەختی لەوە كردۆتەوە، مێژووی دێرینی هەولێر بۆ هەشت تا دە هەزار ساڵ پێش زاین دەگەڕێتەوە. كە بەداخەوە بەپێی پێویست مێژوویەكی پچڕ پچڕو شێوێنراو و ونی هەیە. ئەم گفتوگۆیەی نێوان من و فەیسەڵ دەباغ، سەری بۆ ئەوە كێشا، گوتمان ئێوارە كە كاك فرەنسۆ هات بۆ لای سەرنووسەری ڕۆژنامەی برایەتی كاك فەرهاد عەونی، بانگی لای ژوورەكەی خۆمانی دەكەین و ئەو ڕاو بۆچوونەی خۆمانی لەگەڵ تاوتوێ دەكەین بۆ ئەوەی ئەویش هاریكارییە مادییەكە لە ئەستۆی خۆی بگرێت. كاك فرەنسۆ مەگەر زۆر بە دەگمەن، دەنا هەموو ئێوارەیەك لە رۆژنامەی برایەتی بوو؛ ئیتر ئێوارە كاك فرەنسۆ هات، بیرم نایە هەردووكمان بووین یان كاك فەیسەڵ دەباغ بوو، داوای لە كاك فرەنسۆ كرد بێتە ژوورەكەمان ئیشێكی تایبەتمان پێی هەیە. ئەوەی لە ناخی كاك فرەنسۆمان خوێندەوە، بەو تەكلیفە زۆر دڵخۆش نەبوو، كاتێك داوامان لێی كرد ئیشێكی تایبەتمان پێی هەیە بۆیە حەزدەكەین هەتا ژوورەكەی ئێمە بێت. كاك فرەنسۆ زۆر دڵخۆش نەبوو، چونكە هەستێكی وای لا دروست بوو، مادام نامانەوێ لە بەردەم كاك فەرهاد عەونی بابەتەكەمان بخەینە روو، وای بۆچووبوو كەواتە كێشەیان لەگەڵ فەرهاد عەونی بۆ دروست بووە، بۆیە داوا دەكەن بچمە لایان. بیری لەوە نەدەكردەوە كە ئێمە ئەو پرۆژەمان هەیەو دەمانەوێ لەگەڵی باس بكەین. بەڵكو ئامادەیی تێدا بێت هاریكاری مادی بۆ دەرچوونی گۆڤارەكە بكات.
ئیتر كە هاتە ژوورەكەمان، یەكسەر وتی بڵێن بزانم چیتان هەیە! ئیتر ئێمەش ئەو بابەتەمان بۆی باس كرد، یەكسەر وتی من ڕازیم و ئەوەی لەسەر من بێت بۆ دەرچوونی گۆڤارەكی لەم جۆرە كە بۆ خزمەتكردنی خەڵكی شاری هەولێر بێت ئامادەم، كێشەی چاپكردنتان نەبێت. بابەتەكانیش ئەوە با بۆ ئێوە بێت هەوڵ بدەن بابەتەكان لەسەر هەولێر بن و باش بن. ئەوەی وای كرد بێ هیچ گفتوگۆیەك كاك فرەنسۆ بڵێ ڕازیم و پێم خۆشە. ئەوەبوو، یەكەم بۆ خزمەتكردنی شاری هەولێر زۆر جدی بوو، دووەمیش لە هەردوكمانی ڕا دەبینی دەتوانین گۆڤارێك دەربكەین سەنگ و دەنگی خۆی هەبێت. بۆ مێژووش تا ئەو ڕۆژەی بە داخەوە شەهید بوو، یەك ڕۆژ نەیگوت بزانم شێوازی خەرجییەكانتان چۆنە، پاداشت(موكافەئە) چۆن دەدەن بە نووسەرانی بەشداربووی گۆڤارەكە، بەهیچ شێوەیەك نەدەچووە ناو ئەو بابەتە. ئەمەش لەوەوە سەرچاوەی گرتبوو قەناعەتی زۆری بە ئێمە هەبوو، لێمان دڵنیابوو. تەنانەت كاتێك نووسەرێكی هەولێر سەردانی كاك فرەنسۆی بكردایە، داوای لێ دەكردن كە بەشداری لە نووسینێكی باش بكەن سەبارەت بە شاری هەولێر بۆ گۆڤاەكە.
ئێمەش هەر كە كاك فرەنسۆ گوتی بەو پێشنیارەتان رازیم، من و كاك فەیسەڵ ڕاستەوخۆ هەر یەكەو لای خۆمانەوە، پەیوەندیمان بە برادەران و نووسەرانی هەولێر كرد، بەتایبەت ئەوانەی كە خەڵكی هەولێرن و بایەخ بە هەولێر دەدەن، توانیمان لەماوەیەكی كورتدا دەیان بابەتی جۆراوجۆر لەسەر مێژووی ئەو شارە دێرینە كۆبكەینەوە.
ئەوە بوو توانیمان ژمارە (1) ی گۆڤاری هەولێر بە (208) لاپەڕەی قەبارە گەورە” كە (21) بابەتی جیاوازی لەخۆی گرتبوو، بڵاوبكەینەوە.
كە ژمارە یەكی گۆڤارەكە دەرچوو، كاك فرەنسۆ زۆر دڵی پێی خۆش بوو. گۆڤارێك لە سەرجەم لایەنە ئابووری و كوڵتووری و كۆمەڵایەتی و سیاسی و فەرهەنگ و ئەدەبیاتی ئەو شارە دەكۆڵێتەوە و دەبێتە سەرچاوەیەكی زۆر باش بۆ داهاتووی نەوەكانمان، گۆڤارێك بە هیمەتی خۆی دەردەچێت و خۆیشی خاوەنی ئیمتیازی گۆڤارەكەیە، هەستمان دەكرد دڵی پێ خۆش بوو. جار جارەش خۆی دەیگوت پەیوەندی بە فڵان كەسەوە بكەن، با بابەتێك بۆ هەولێر بنووسێت. كاتێك ژمارەی نوێی گۆڤاری هەولێر دەردەچوو، سەیری هەموو بابەتەكانی ناوی و تەنانەت لە بەرگەكەیشی ڕادەما و هەندێكجار تێبینی خۆی دەگوت، هەندێك جاریش دەیگوت دەستتان خۆشبێت.
ڕاستە لە پەنجاكان و دووەم جاریش لە حەفتاكان هەولێر دەردەچوو، بەڵام گۆڤاری هەولێری ئەمجارە تایبەتمەندییەكەی ئەوە بوو، هەموو بابەتەكانی لەسەر هەولێری دێرین بوو. هیچ بابەتێكمان بڵاو نەدەكردەوە، ئەگەر لەسەر شاری هەولێر نەبوایە، جا كێشە نەبوو لە چ ڕوویەكەوە باسی هەولێر كراوە، ئابوورییە، كوڵتوورییە، جوگرافییە…هتد.
زۆر بە داخەوە، ژمارە (10) ی گۆڤاری هەولێرمان ئامادە دەكرد تا بۆ چاپخانەی بنێرین، ئەو مرۆڤە دەستپاك و بەتواناو خزمەتگوزارە، لەلایەن قەلەڕەشكەكانەوە شەهید كرا، بەڵام شەهیدكردنی فرەنسۆ جارێكی دیكە فرەنسۆی بەهۆی ئەو ڕابردووە جوانەی زیندوو كردەوە.
ژمارە (10) ی گۆڤارەكە، دوا سەروتاری شەهید فرەنسۆ هەریری بوو، كە بە دەست و پەنجەی خۆی بۆ گۆڤارەكەی نووسیبوو، ئێمەش هەمان دەست و خەتەكەی كاك فرەنسۆمان لە ژمارە (10)ی گۆڤارەكە بڵاوكردەوەو، بەرگی گۆڤارەكەشمان، بە وێنەیەكی جوانی فرەنسۆ هەریری نەخش كرد.

ھەواڵی زیاتر