دابەشبوونی ئەمجارە ناوماڵی شیعە

مەشخەڵ كەوڵۆسی

ئەگەرچی هەمووان پێیان وایە كە ناوماڵی شیعە لەپێكهاتەكانی تری عێراق تۆكمەترە، تەنانەت هەندێك پێیان وایە هیچ ناكۆكییەك لەنێوانیان نیە و، هەموو ئیقاعەكە لەژێر كۆنترۆڵی مەرجەعیەتدایە.
یەكێك لەبەرپرسەكان لەبەغدا پێی گوتم: ئەو تێگەیشتنە لەماڵی شیعە، تێگەیشتنێكی ڕووكەشە و، لەڕاستیدا ناكۆكی قووڵ و دوژمنایەتیش لەنێو شیعەكاندا هەیە.
ئەو بەرپرسە كە هاوڕێیانە قسەی بۆ كردم، زیاتر لەسەر دیاریكردنی كێشەكانی ناوماڵی شیعە ڕۆشت و گوتی: ڕەنگە بەلاتەوە سەیر بێت كە دەڵێم: تەنانەت ئێرانییەكانیش پێیان چاك نیە ماڵی شیعە هیچ ناكۆكی تێدانەبێت، بەڵكو زۆرجار دنەی دروستكردنی كێشە و دابەشبوونیش دەدەن لەو ماڵەدا كە لەدەرەوە وەك ماڵێكی ئارام و بێ كێشە دێتە بەرچاو.
لەڕاستیدا قسەی هاوڕێكەم تەواو دروستە، لەبەر دوو هۆكار:
یەكەم: ئێران دەوڵەت و خاوەنی بەرژەوەندییە و بەلۆژیكی بەرژەوەندی كاردەكات، نەك بەلۆژیكی خێرخوازی، مەسەلەی مەزهەبگەراییش تەنها بۆ ماركێتینی بەرژەوەندییەكانییەتی. دەی هیچ دەولەتێكیش نیە بەرژەوەندی لەوەدا هەبێت كێشەی ئەوانی تر سفر ببێتەوە. سفركردنەوەی كێشەكانی ئەوانی تر، خەیاڵێكی یۆتۆپیاییە نەك سیاسەتی دەوڵەت. بەكورتی: نە مەرجەعیەتی ئەو توانایە هەیە ( چونكە هەموو شیعەكان موقەلیدی یەك مەرجەع نین) نە ئێرانیش سپۆنسەری ئەوە دەكات كە كێشەكانی ناو ماڵی شیعە سفر ببنەوە.
دووەم: لەواقیعیشدا دەبینین ماڵی شیعە بەشێوەیەكی قووڵ دابەش بووە. نەك هەر دابەش بووە، بەڵكو كارگەیوەتە ئەوەی چەك لەدژی یەكتر بەكاربهێنن. ئەوە لەكاتێكدایە كە دابەش بوونی ناو ماڵی كورد و ناو ماڵی سوننەش، نەگەیشتۆتە ئەو ڕادەیە و لەئاستە سیاسی و میدیاییەكەیدا وەستاوە.
دابەش بوونی ئەمجارە بەشێوەیەكە، عێراق و ناوچەكە بەدۆخێكی هەستیاردا تێدەپەڕن. شەڕی غەزەش ئەقڵی حوكمڕانی وڵاتانی عەرەب و(عێراقیش) ی خستۆتە بەردەم تاقیكردنەوەی قورس و دوورنیە كێشەی زۆر گەورە لەو وڵاتانەدا سەر هەڵبدات.
ئەگەر سەرنجی عێراق بدەین، كێشەی كەڵەكەبووی نێو ماڵی شیعە هەبوون، ئێستاش كێشەی غەزە هەیە، فشارێكی قووڵ لەسەر ئەقڵی حوكمڕانی شیعە دروست بووە. شیعە دەیەوێت یارییەكی گەمژانە بكات، لەلایەكەوە وەكو حكومەتێك ڕەفتار بكات كە ڕێككەوتن و پرۆتۆكۆلی لەگەڵ ئەمریكا و ڕۆژئاوا و وڵاتانی تردا هەیە و پێویستە پارێزگارییان لێ بكات و جێبەجێیان بكات، لەلایەكی تریشەوە گروپە شیعییەكان ڕەچاوی دۆخی حكومەتەكە ناكەن و، تەقە لەئەمریكاییەكان دەكەن.
لەئاستی گوتاریشدا، كارگەیشتۆتە ئەوەی بەشێك لەشەقامی شیعی حكومەت تۆمەتبار بكەن بەوەی كلكی ئەمریكایە و تەنانەت ئیتارییەكان بە خزمەتكاری جولەكە دەزانن و، ناویان لەحكومەتەكەیش ناوە (حكومەتی بەنی عەباس).
ئێستا ئیدی ڕەنگە كاتی داكەوتنی دەمامكی سەر ڕووخساری كۆمەڵگەی شیعە بێت، ئەوەش تەنانەت لەڕووی كۆمەڵناسیشەوە دیاردەیەكی ئاسایی و مەئلوفی مێژووە، بەو مانایەی كە هەر چینێك تاكو چەوساوە بن یەكگرتوون و، كە گەیشتنە دەستەڵات و بەرژەوەندیی دابەشی كردن، هەموو دەمامكەكانیان دەكەون و، ڕووی ڕاستەقینەیان نمایش دەكەن.
دواجار: ماڵی شیعە لەسەر دەستی مالیكی و موقتەدا و خەزعەلی، لەهەركاتێكی تر زیاتر لەبارە بۆ دابەشبوونێك كە سەرەتای هەبێت و، كۆتاییەكانی بەقووڵایی مێژوودا ڕۆبچێت. دەبێ بۆ ئەمەشیان چاوەڕوان بین و بچوكترین هەڵە لەجوڵاندنی داشەكانیان، دابەشبوونێكی سەرتاپایی دێنێتە كایەوە.