‎ڕۆژنامەی هەولێر، ئەو كانیەی ئاوم لێ خواردەوە

ڕەسووڵ سوڵتانی

‎هێشتا لە كۆیە پێشمەرگە بووم، كە پۆلێك لە هەڤاڵانی بەتوانام بابەتیان لە ڕۆژنامەی هەولێردا بڵاو دەكردەوە. ساڵی 2009 كە لێ بڕام شوێنی ژیانم بگوێزمەوە شاری هەولێر، لە پێشدا سەردانێكی لای كاك سەرۆ قادرم كرد، كە ئەو كات بەرپرسی دەزگای ڕاگەیاندنی پارتی بوو. كاك سەرۆ بەوپەڕی گەرموگوڕییەوە و زۆر برایانە وەریگرتم و لە ڕۆژنامەی هەولێر ئەركی پێ ئەسپاردم. ئەو ساڵانە ساڵانی پیت و بەرەكەت بوون لە كوردستان. ڕۆژنامەی هەولێر چوار پاشكۆی دەردەكرد، كە هەر كامیان بوارێكی تایبەت بوو. من كە زۆر هۆگری بەشی زمان و فەرهەنگەكەی بووم، پاشكۆ فەرهەنگییەكەیم لە هەموان پتر بە دڵ بوو. ڕۆژنامەی هەولێر ڕمێنی هەبوو. ساڵی 2010 لە كۆلێژی ئادابی زانكۆی سەلاحەدین كۆڕێكی شیعریان بۆ پێك هێنام. دوای كۆڕەكە مامۆستایەكی ئەو كۆلێژە لێی پرسیم لە كوێ ئیش دەكەی، كە گوتم لە ڕۆژنامەی هەولێر، یەكسەر باسی پاشكۆی فەرهەنگ و لاپەڕەی ئەدەب و كولتووری نێو ڕۆژنامەی كرد و گوتیشی ئێستا ئەو ڕۆژنامەیە هێندە پڕ ناوەرۆكە ئێمە بەیانیان لێرە چاوەڕێین بگاتە دەستمان. پێشت وا نەبێ من پارتیم بۆیە وا دەڵێم، پارتی نیم، بەڵام هەر كەسە و لە لاپەڕەیەك یان بەشێكدا شتی تایبەت و دڵخوازی خۆی دەست دەكەوێت.
‎ئەو ساڵانەی لە ڕۆژنامەی هەولێر بووم، من بە دەم كاركردنەوە زۆر شت فێر بووم. بەشێك لەو زانین و زانیارییانەی ئێستام بەرهەمی كاركردنی ئەو ساڵانەن. بەتایبەتی كە لەو ڕۆژنامەیەدا دایمە كەسانێكی زۆر بەتوانا و خاوەن بۆچوون كاریان دەكرد و لە دەرەوەی ڕۆژنامەش زمانزان و شارەزایانی وەكوو مامۆستا فەرهاد شاكەلی و حەسەن نوور و حەمە سەعید حەسەن، چاویان بەسەر ڕۆژنامە و زمانەكەیەوە بوو و ڕۆژانە ڕەخنە و تێبینی و ڕێنوێنییەكانیانمان بۆ دەهات.
‎لە ساڵی 2013ـەوە كە وردە وردە لە بەغداوە دوژمنایەتیی نەیارانی كورد دژی هەرێم و گەشەكردنی كوردستان ئاشكراتر دەركەوتن، وردە وردە گرژییەكان بوونە گرفتی ئابووری و سیاسی لە نێوان هەرێم و بەغدا و وڵاتانی ناوچەش كە جڵەوی دەسەڵاتی بەغدایان بەدەستەوەیە بەو پێشكەوتنانەی كوردستان ناڕەحەت بوون، چونكە كاریگەریی لەسەر كوردستانەكانی بن دەستی ئەوان دانابوو. هەر بۆیە دژایەتی و دوژمنایەتییەكەیان لەڕێی دەستوپێوەندەكانیانەوە چڕتر كردەوە تا ئەوەی بەڵای داعشیان بەگژ كوردستاندا كرد. بەڵام لەو دۆخەشدا كە ئیتر ببوو بە قەیران، ڕۆژنامەی هەولێر نەك هەنگاوی شل نەببوو، بگرە بەتینوگوڕێكی پێشمەرگانەوە لەسەر پێ وێستابوو و لە جەنگەی جەنگی داعشدا زمانحاڵی پێشمەرگە و نیشتمانەكەی بوو.
‎من ئەركی زمانەوانی و هەڵەچنیی چەند لاپەڕەیەكی ئەو ڕۆژنامەیەم پێ ئەسپێردرابوو و بە گوێرەی دەرفەت لەلاپەڕەی فەرهەنگ و ئەدەبیشدا بابەتی ئەدەبیم بڵاو دەكردەوە، لەبەر ئەوەی شارەزاییم لە سیاسەت نییە، خۆمم لە بەشی سیاسەت و شرۆڤە و لێكدانەوەی سیاسی نەداوە.
‎كەشی كاركردن لە دەزگای ڕاگەیاندنی پارتیدا بۆ ئێمە ڕووناكبیرانی ڕۆژهەڵات، كەشێكی پڕ لە ڕێز و خۆمانە بوو. لەو ساڵانەدا هەرگیز جیاوازییەكمان لە نێوان خۆمان و كادیرە فەرمییەكانی پارتیدا هەست پێ نەكرد. قەت ڕۆژێك لە ڕۆژان ئێمەیان لەوان جیا نەكردەوە. لەوەش گرینگتر لە 2009ـەوە تا مانگی 9ی 2022 كە من لەو ڕۆژنامەیەدا كارم كرد، قەت ڕۆژێك لە ڕۆژان تەكلیفم لێ نەكرا من نووسینێك بە دیفاع لە پارتی دژی لایەنێك بنووسم و بڵاوی بكەمەوە. دڵنیام لە بەش و شوێنەكانی دیكەش هەر وا بووە. ئەوەش بەشێكە لەو كولتووری ڕێزگرتنە لە قەڵەم و ڕووناكبیران، كە بە ڕای من ڕەوشتێكی بەرزی ڕاگەیاندنیشە.
‎بەدڵ هیوای سەركەوتن بۆ هاوڕێیان و هاوكارانم دەخوازم لە ڕۆژنامەی هەولێر و هیوای گەشانەوە و درەوشانەوەی زیاتریش بۆ نیشتمانەكەم و، دەپاڕێمەوە بۆ هەمیشە لە ئاگری شەڕ بەدوور بێت.