لە ساڵیادی ڕۆژنامەی هەولێردا” ئەرکی پیرۆز، نەک ئیمتیاز! “

پاڤین ڕەمەزان

ئەگەرچی ڕۆژنامەی هەولێر، یەکەم وێستگەی کاری ڕۆژنامەوانیم نەبووە، بەڵام ئەزموونی چەند ساڵەی کارکردنم لە ڕۆژنامەکە بارتەقای هەموو ساڵەکانی تەمەنم پڕ وانە بووە. لەگەڵ یەکەم کاری ڕۆژنامەوانیم لەسەر کاغەزی ڕۆژنامەکە، درکم بەوە کرد فەزای ئازادیی ڕۆژنامەنووسی لە کوردستان چەند لەوە فراوانترە کە گفتوگۆی لەسەر دەکرێت. لە هەمان کاتیشدا درکم بەوە کرد نووسین و ئەرشیفی ڕۆژنامەوانی چ بەرپرسیارێتییەکی گەورەیە لەسەر شانی ڕۆژنامەوان!
لە دنیای ئەمڕۆی ڕۆژنامەگەریدا، کە لێشاوێک مێدیا لە مەیدانەکەدان و خەریکی بازاڕگەرمیی خۆیانن لە ڕێگای هەواڵی فەیک و وشەی زبر و داستان و چیرۆکی بێبنەما؛ یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی ڕۆژنامەی هەولێر ئەوە بووە هەرگیز تەسلیمی ئەو شەپۆلە نەبووە و ڕژدانەش دەیەوێت مێدیا ئەرکە گەورەکەی خۆی بپارێزێت و ڕۆژنامەوان بەرپرسیار بێت لە بەرامبەر ئەوەی دەیەوێت چ پەیامێک ئاراستەی ڕای گشتی بکات. ئەگەرچی تیری نەیارانی ڕۆژنامەکە لە سایەی سەفتە دۆلاردا هەردەم تیژ بووە و بەشێکیان سەنگەرێکی ناڕەوایان بەرامبەری گرتووە، بەڵام هەرگیز و بۆ یەک جاریش نەفەسی ڕۆژنامەی هەولێر تەنگ نەبووە و تەنانەت بەرامبەر نەیارانیشی ژەهری وشەی نەڕشتووە.
پێم شک نایە، دەزگایەکی ڕاگەیاندن هەبێت ئەوەندەی ڕۆژنامەی هەولێر، تانە و تەشەری کوێرانەی ئاراستە بکرێت! لە هەڵوێستە نیشتیمانییەکانیشدا نەیارانی تەنگەتاو کردبێت! ئەم سحرەی ڕۆژنامەی هەولێر لەوەدا نییە کۆمەکێکی دارایی گەورەی هەبێت، لەوەشدا نییە نووسەران و ستافی ڕۆژنامەکە ئیمتیازێکیان پێ بڕابێت، سحرەکە لەوەدایە، بە پێچەوانەی مێدیای دەوڵەمەندی نەیارانەوە، نووسەران و ڕۆشنبیرانی ماڵە هەژارانەکەی ڕۆژنامەی هەولێر ئەرکێکی پیرۆز و بەرپرسیارێتییەکی گەورەی نەتەوەیی کۆی کردوونەتەوە.

ھەواڵی زیاتر