ئەو قوتابییەی منی گریاند..!!

شاخەوان عەلی حەمەد مامۆكی

ژیان پڕیەتی لەناخۆشی و دیمەنی تڕاژیدیا، ئەو دیمەنانەی ناخ و دەروونی مرۆڤ دەهەژێنن كە نەتوانن لەئاست ڕووداوەكان بەرگە بگرن و نەگریێن. هەموو ئەوانەی زۆر جار لێرەو لەوێی دەبینین و دەیبیستین ئەوەیە هەمان شت لەشوێنێكی دیكە، لە ژینگەیەكی جیاوازدا شتەكان دووبارە دەبنەوە.
ئەوەی لێرە بۆتانی دەگێڕمەوە بەسەرهاتێكی واقیع و راستەقینەی دیمەنی قوتابییەكی زیرەكی نەدارو بێ نەوایە كە بەتووندی بیرو هۆشی راچڵەكاندم و تووشی شۆكی كردم، دوای تەمەنێ ئێستایش وەكو بیری لێ دەكەمەوە هێشتا فرمێسك و گریانی ئەو منداڵە لەبیر ناكەم چۆن دەلەرزی؟ چۆن بەبێ دەنگی فرمێسكی دەرژاند، لەكاتێكدا لە دوو هەفتە سێ هەفتە یا مانگی جارێ دوای ریزكردنی قوتابیان لەگۆرپانی قوتابخانە،، باخەڵ و خودی گۆریەو ئەوپێڵاوەی لەپێیان بوو دەمانپشكنی، لەگەڵ جانتاكانیان چونكە گومانمان هەبوو قوتابی هەیە جگەرە، حەب، چەقۆ، مۆبایل و ئەو شتانەیان پێبێت كە لەیاساو رێسای قوتابخانەكەماندا قەدەغەكراو بوو، لێپرسینەوەی لەهەمبەر دەكرا.
لەتەنیشت ئەو پۆلەی منەوە، مامۆستایەك لە پۆلەكەی خۆی لەگەڵ قوتابییەكی كوڕ مشت و مڕو دەمەقاڵێی بوو، قوتابییەكە قایشی جانتاكەی بەملیەوە كردبوو، تووند جانتاكەی بەخۆیەوە نووساندبوو، ئەوەندەی مامۆستاكە دەیووت: دەی جانتاكەتم پێ بدە بزانم چی تێدایە؟
ئەویش بەدەم فرمێسك ڕشتنەوە كە دەنگی گریانی نەدەهات، تەنها سەری بادەدا وەك ئاماژەیەك پێی بڵێ: تكا دەكەم، توخوا سەیری جانتاكەم مەكە.
مامۆستاكە هێندە مكوڕو رشت بوو لەسەر ئەوەی كە بێگومان جانتاكەی شتێكی قەدەغەكراوی تێدایەو شتێك دەدۆزێتەوە،
مامۆستا دەستی لە جانتاكەی گیركردو ئەویش تووند دەستی پێوە گرتبوو كە نەهێڵێ لەدەستی بستێنێ..منیش چوومە لایان و بەمامۆستاكەم وت: تۆ ئەوە بۆ من لێ گەڕێ، خۆم قسەی لەگەڵ دەكەم.
بەهێواشی دەستی قوتابییەكەم گرت و لەگەڵ خۆم بردمە ژوورێكی تایبەت و تەنیا، بەهێمنی دەستم بەسەر سەری داهێناو لەجێوە گڵاسە ئاوێكم بۆی راگرت و پێمدا: فەرموو جارێ ئەوئاوە بخۆوە. ئاوەكەی خواردەوە، بەڵام هەناسەبڕكێی پێوە دیار بوو، هێشتا فرمێسكی لەچاوان وشك نەبووبوو، بەدەم زەردەخەنەیەكەوە پێموت: رۆڵە گیان بۆچی نەتهێشت جانتاكەت بپشكنن لەخۆت بەگومانی؟ بەو قسەیە هێندەی دیكە جانتاكەی بەخۆیەوە نووساند و سەری بۆ لەقاندم وەك بڵێ: نا نەخێر بەگومان نیم، كە دەستم بۆ جانتاكە درێژ كرد بەخۆو جانتاكەیەوە پشتی تێكردم، هەستمكرد بابەتەكە زۆر گەورەیە،چۆنە چییە؟ تێینەدەگەیشتم، پێموت: تكایە یارمەتیم بدە بەڵێنت پێ دەدەم یارمەتیت بدەم و نەهێڵم سزات بدەن.
دایە پرمەی گریان و وتی: ئاخر بەڵێنم پێ دەدەی كەس بەوە نەزانێ؟ وتم: بەڵێنبێ ناهێڵم كەس بەو نهێنیە بزانێ ئەگەر ئەو شتە زۆر گەورەیش بێت.
وەك هەست بەئارامی دەروون بكاتەوە، جانتاكەی لەشانی كردەوە، بۆی راگرتم، كە دەستم بۆی برد، دووبارە بەخۆیەوە نووساند. وتم: ئەوە چیە؟ لەچی دەترسێی؟ دووبارە وتی: توخوا بەڵێنم پێ دەدەی كەس بەوە نەزانێ؟ وتم: تەواو ئەگەر كەسێك زانی ئەوە منم و گلەیی لەكەس مەكە.
بەهێواشی سەری بەملدا شۆڕ كردەوەو جانتاكەی بۆ راگرتم و كە لە دەستم وەرگرت و زنجیرەكەیم كردەوە، بینیم جگە لەكتێب و دەفتەرو قەڵەم و ڕەەشكەرەوە، نایلۆنێكی ڕەشی تێدابوو پڕی بوو لەپارچە سەموون و باینجان و هیڵكەو فەلافل. كە چاوم بەو دیمەنە كەوت، موچڕكەیەكم بەلەش داگەڕا، قوڕگم پڕ گریان بوو، بەڵام دانم بەخۆمدا گرت و وتم: ئەوە چیە؟
بەو قسەیە وەك زام و برینی بكولێنمەوە، دایە گریانێكی بەكوڵ وتی: من دەمێكە باوكم نەماوە، دایكم بەكرێ نان بە ماڵان دەكات و ئێمە من و سێ خوشكم بەخێو دەكات،، ماوەی هەفتەیەكە نەخۆش كەوتوەو لەبن جێ كەوتووە كەس نیە یارمەتیمان بدات، منیش كاتێ زەنگی چوونە ژوورەوە لێ دەدات بەدزییەوە تا كەس چاوی لێم نەبێ، دەچم سەری ئەو تەنەكە زبڵانە دەكەمەوە و ئەوەی بەكەڵكی خواردنبێ دەیكەمە ناو ئەو نایلۆنەو لەگەڕانەوەم بۆ ماڵەوە لەگەڵ دایكم و خوشك و براكانم بەیەكەوە دەیخۆین، مامۆستا گیان توخوا با هیچ قوتابییەك بەمە نەزانێ.
بەو قسانە خۆم بۆ نەگیرا، دامە پرمەی گریان و تووند لەباوەشم گرت، ئەوجا لەزەرفێكدا هەندێ پارەم تێكردوپێمدا، وتم: كە چوویەوە ماڵ ئەوە بدەرە دایكت با بچێتە خەستەخانە.
قوتابییەكە سەیری ناو چاومی كرد، ووتی: مامۆستا ئەوە بەراستە؟
وتم: ئەی بۆ نا.
توندی دەستمی گرت ویستی ماچی بكات، نەمهێشت من ناوچەوانی ئەوم ماچ كرد كە ئەوەیە پەرۆشی منداڵ بۆ دایك..پێموت: دەی ئێستا بڕۆ جوان دەم و چاوت بشۆو وەرە. تا هاتەوە بەپەلە لە فرۆشگاكەدا هەموو ئەو شتانەی ناو نایلۆنەكەم فڕێداو شەش حەوت لەفەی جۆراوجۆری خاوێنم تێكرد، كە هاتەوە، جانتاكەم بۆی راگرت و پێموت: دەی بڕۆوە پۆلەكەت. ئەویش ئەوەندە دڵخۆش بوو، زەردەخەنەی لێ دەباری، دڵخۆشیەكەی وەسف نەدەكرا.

سەرپەرشتیاری هاڕێی ڕەخنەگر/ شارۆچكەی تەقتەق

ھەواڵی زیاتر