فیستیڤاڵی یەکەمی ڕامان ڕا و ڕوانگە و ڕانان

سالار عوسمان

فیستیڤاڵی یەکەمی ڕامان
ڕا و ڕوانگە و ڕانان

بەشی یەکەم

دەروازە
ــــــــــــ
بیرکردنەوەیەکی ڕاست بوو، ئەو بیرکردنەوەیەی، کە پێویستە لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان فیستیڤاڵێکی ڕۆشنبیری لە ئاستی هەر چوارپارچەی کوردستان و تاراوگە ساز بکرێت و هەمووان کۆبکاتەوە، هەمووان تا ڕەنگەکان، تا تێگەیشتن و جیاوارییە کولتوورییەکان کۆبکەینەوە و گفتوگۆیەکی بەرهەمدار بکەین، گفتوگۆیەک هەمووان گوێیان لە دەنگی یەکتر بێت.
کولتوور ئەو پانتاییە ڕووناکەیە، کە شەڕی تاریکی دەکات، ڕێ لە نەنگی و لەنگی دەگرێت و کۆمەڵ بەرەو ڕاستبینی ئاراستە دەکات و پتر لەوەش دەشێ دەستبار لەگەڵ سیاسەت بگرێت بۆ چاکەی گشتی و ژیانێکی شکۆدار.
بەڵێ بیرکردنەوەیەکی ڕاست بوو و یەکەمین فیستیڤاڵی ڕامان سەرپێکەوت و سەرکەوت و هەولێر بووە زەمینی ڕووداوێکی پۆزەتیڤی کولتووری لە دوو ڕۆژدا:(29 و 30 ی تشرینی دووەمی ساڵی2023)، بۆیە سوپاس بۆ هەمووان، نزیک و دوور، تەنانەت ئەوانەی لە دوورەوە بە پەرۆشییەکی ڕۆشنبیری و نیشتمانیی فراوانەوە لەگەڵمان بوون.

گەڕانەوەیەکی خێرا بۆ مێژوویەکی نزیک
ــــــــــــ
لە 20-22-6-1995، پارتی دیموکراتی کوردستان یەکەمین فیستیڤاڵی ڕۆشنبیری، بەنێوی (فیستیڤاڵی خانی) لە شاری دهۆک ساز کرد، کە هەرێمی کوردستان ئەوکات، بەداخەوە لەنێو شەڕی قێزەونی نێوخۆدا بوو، ئەوەش تەنها ئەوە دەسەلمێنێت، کە خەڵکانێک هەن لەنێو تەم و مژ و غوباریشدا ڕوون بیردەکەنەوە، ئەوە دەسەلمێنێت، کە ئەگەر شەڕ و ململانێی سیاسی لەیەکترمان جیابکاتەوە، ئەوا کەلتوور دەتوانێ لەیەکترمان کۆبکاتەوە.
بیرمە ئەوکات، ڕۆشنبیران، هونەرمەندان و نووسەرانی کورد بە پەیڤ و دەنگەکانیان نیشتمانیان کۆکردەوە و، شەڕ و ململانێی خراپی هیچلێشیننەبووی کوردانیان سەرکۆنە کرد و، دەر و دەروازەیەکی ڕوون و ڕۆشنیان بۆ کوردەواری کردەوە، کەواتە ئەم بیرکردنەوە ڕاستە دیرۆکێک لە پشتییەوە وەستاوە، دیرۆکێک لە قەناعەت و تێگەیشتن و جیهانبینیی کەلتوورییانە، کە ئەمساڵ ئەم دیرۆکە بەرهەمدار کرایەوە و (یەکەمین فیستیڤاڵی ڕامان) ـی لێ ڕسکا و سەوز بوو.