ئابووری بەهێز، هێزی وڵات و هۆکاری پتەوکردنی پەیوەندییەکانە

شێرکۆ حەبیب

لە ماوەی کەمتر لە مانگێک کوردستان لەچەند بۆنەیەکی گرنگ پێگەی خۆی سەپاند لە پتەوکردنی پەیوەندییەکان، لە دهۆک کۆڕبەندی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست کە چەندین کەسایەتی و سیاسەتمەدار و شارەز بەشداریان تێدا کرد و هەناردەکردنی چەندین بەروبوومی کوردستان بۆ وڵاتانی جیهان و هەروەها بەشداریی کوردستان بە شاندێکی باڵا کە پێک هاتبوو لە ڕێزداران جەنابی سەرۆکی هەرێم و جەنابی سەرۆکی حکوومەت لەگەڵ ئەوەی کوردستان دەوڵەت نییە، بەڵام وەک دەوڵەتێک مامەلەی لەگەڵ کرا لەسەروبەندی کۆڕبەندی کۆپ ٢٨ لە شاری دوبەی- ئیمارات؛ لە میانەی ئەو بەشدارییە هەردوو بەڕێز دیدار و گفتوگۆیان لەگەڵ گەورە بەرپرسانی وڵاتان کرد ئەمەش خۆی لە خۆیدا هێز و پێگەیەک بە کوردستان دەدات.
لەم ڕوانگەیەوە و ئەو بۆنانە ئەوەمان بۆ ڕوون دەبێتە کەوا ئابووریی بەهێز بنەمای سەرەکی بەختەوەری هەر میللەتێکە و هۆکاری دابینکردنی خۆشگوزەرانی و وڵاتێکی بەرقەرار و ئارامە. بێگومان ئابووریی بەتین و بەهێز پێویستی بە شارەزایی کارامە و پسپۆڕی هەیە. کوردستان بە سروشتی خاکێکی بە پیت و بەرەکەت و کەرستەکانی ئابوورییەکی بەهێزی هەیە و هەروەها کەسانی پسپۆڕی لەو بوارە هەیە، بەڵام بەداخەوە لە ساڵانی ڕابردوو چ بەهۆی بوونی چەکدارانی پ ک ک گوند نشینەکان تا ئەمڕۆشی لەگەڵدا بێ نەیان توانیووە بگەڕێنەوە ناوچەکانی خۆیان جکە لە بۆمبارانکردنی وڵاتانی دەوروبەر و بەزاندنی سنوور وێرانکردنی گوندەکانی کوردستان کە ئەمەش خۆی لە خۆی دا هۆکاری زیان و پەککەوتنی ئابووری کوردستانە، هەروەها دەستبەردانی خاوەن زەوییەکان لە پیشەی جووتیاری، ئەمانە هەموویان زیانیان بە ئاسایشی خۆراکی نەتەوەی گەیاندووە.
خۆشبەختانە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی کوردستان لە میانەی تێڕوانین و هەست بەبەرپرسیارەتی لەماوەی ئەم دوایەدا توانی نەک هەربایەخ بە کەرتی کشوکاڵی نێوخۆی بدات، بەڵکو توانی بەرهەمەکانی کوردستان هەناردەی دەرەوەی کوردستان بکات، کە ئەمەش دەبێتە سەرەتایەک بۆ بوژانەوەی کەرتی کشتوکاڵی و هاندەرێک دەبێت کە زیاتر بایەخ بەو بوارە بدرێت و ئاسایشی نەتەوەی خۆراک پارێزراو بێت و لەهەمان کات دەبێتە هۆکاری پتەوکردنی زیاتری پەیوەندییەکانی کوردستان لەگەڵ ئەو وڵاتانە، بەتایبەتی لە ڕووی سیاسی و ئابووری چونکە پەیوەندیی سیاسی ئەگەر لەسەر بنەمایەکی ئابووریی بەتین بونیاد بنرێت دەبێتە هۆی زیاتر پشکەوتنی پەیوەندییەکان و لێکتێگەیشتن، ئەمە لە لایەکی، لە لایەکی دیکەوە دەبێتە هۆی زیاتر وەبەرهێنان لە کوردستان لە لایەن کۆمپانیا بیانییەکان. لە لایەکی دیکەوە ئامادە بوونی هەردوو سەرۆک هەرێم و سەرۆک وەزیران زیاتر بایەخ بە بوارە جیاکان دەدرێت کە هۆکارن بۆ بووژانەوەی ژێرخانی کوردستان. ئەوەی لێرە گرنگە پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوخۆ و یەک هەڵوێست سەبارەت بە مافە نەتەوەییەکان، چونکە ئەم پەرتەوازییە لە بەرژەوەندی کوردستان نییە نەخاسمە ئیستا هەموو بۆ چوونەکان وا نیشان دەدەن کەوا کوردستان دووچاری پیلانێکی دوژمنان دەبێتەوە لەهەوڵی سڕینەوەی قەوارەی هەرێمن، بۆیە گرنگە هەموو لایەک بە گیانێکی کوردایەتی و وەفاداری بۆ خوێنی شەهیدان و خەباتی پێشمەرگە قارەمانەکان بەیەک هەڵوێست بەرگری لە مافەکان بکەن و نەک هەندێ لا دوای کڵاوی بابردوو کەوتوون

ھەواڵی زیاتر