بەڕاستی سەیرە گوڵم!

عارف ڕوشدی

  • عەممار الحەکیم سەرۆکی (ڕەوتی الحکمە) لە بیری خۆی دەباتەوە، حکوومەتی بەغدا (نانبڕی خەڵکی کوردستانە) دێت و لە نمایشێکدا داوا دەکات حکوومەتی هەرێمی کوردستان موچەی ماموستایان دابین بکات! دەی هیچ نەبێ بۆ خاتری مێزەرەکەی لوتف بکات ڕاستییەکەی باسبکات و پێداگیری بکات حکوومەتی بەغدا بەشە بودجەی هەرێم بنێرێت بۆ ئەوەی حکوومەتی هەرێم ئەرکداربێت . ئایا جەنابیان نازانێ هەر دوێنێ (یوسف کیلابی) خەمخۆری خۆی نواند و وتی (نابێ قەرزیش بە هەرێم بدرێت، هەر بانکێک قەرزبدات دەیدەینە دادگا !
  • چەند ئەندام پارلەمانێکی زمان کوردی بەغدا ڕوژانە پروپاگەندە بڵاو دەکەنەوە گوایە (بەغدا نەوتی هەرزان دەنێرێتە هەرێم) لە کاتێکدا وەزارەتی سامانە سروشتییەکان وەک ئەرکی خۆی چەند مانگێکە داوای بەشی خەڵکی کوردستانی کردووە بەڵام تا ئێستا هیچی لێ شین نەبووە، هەروەها بۆ زانین لیتری نەوت بۆ پارێزگاکانی عیراق (١٥٠) دینارە، ئەگەر بەغدا مەرحەمەتی نواند و هەندێک نەوت بۆ هەرێم ڕەوانە بکات هەر لیترێک بە (٢٥٠) دینار حساب دەکات، بزانن بەغدا چەند یەکسانخوازە.
  • لەهیچ وڵاتێکی جیهاندا نییە (بودجە) پەسند بکرێت، ئینجا وەزیرێک تازە بە تازە چەندین ڕێوشوێنی قەرەقوشی لە ئاستی جێبەجێکردنیدا بۆبەشێکی ولاتەکەی داتاشێت و دەیان بیانو بگرێت بۆ نەناردنی بەشە بودجەکە! تەنها لە بەغدا ئەونادادپەروەرییە هەیە.
    لێرەدا من نازانم بە چ ویژدان و لۆجیکێک خەڵکانێک هەبن، سەرەڕای درەوشاوەیی ئەم هەموو هەڵوێستە دوژمنکارانەیە هێشتا ئاو لە ئاشی ناحەزانی گەلەکەمان دەکەن ؟
ھەواڵی زیاتر